Skip to main content

ڕەخنەگرتن لە ئێران سەرکردەیەکى حەشدی شەعبی دەخاتە زیندانەوە

ڕەخنەگرتن لە ئێران سەرکردەیەکى حەشدی شەعبی دەخاتە زیندانەوە
posted onFebruary 9, 2019
nocomment

 

بەهۆى ڕەخنەیەکى تووندی لەدەستێوەردانى کۆمارى ئیسلامى ئێران، لە یەکێک لە کەناڵە تەلەڤزیۆنەکانى عێراق، سەرکردەیەکى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی لەعێراق دەستگیر دەکرێت.

 

ئەوس خەفاجی، ڕێبەرى هێزەکانى لیواى ئەبو فەزەل ئەلعەباس، کە ساڵانێکى زۆر لە سووریا لە پاڵ ڕژێمى سووریا دژى ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتە جەنگیوە، لەلایەن هێزێکى نەناسراوى حەشدی شەعبی بەبیانووى نەبوونى موڵەتى کارکردن و، هەڵگرتنى سیفەتى حەشدی شەعبی دەستگیر دەکرێت.

لیوا ئەبو فەزەل ئەلعەباس، بۆ ماوەى چوار ساڵ شەڕى کردووە، بەڵام بەهۆى ناکۆکییەکانى لەگەڵ قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودس، بەرەى سووریا جێدەهێڵێت و بەرەو عێراق دەگەرێتەوەو، بەشدارى شەڕى دژى داعش دەکات. خەفاجی، لە ئێوارەى پێنجشەممەوە لەسەرووبەندی تیرۆرکردنى عەلا مەشزوب، نووسەرو ئەدیبی عێراقی لەشارى کەربەلا لە بەرنامەیەکى ڕاستەوخۆى تەلەڤزیۆنیدا ڕەخنەیەکى تووندی لەدەستێوەردانى کۆمارى ئیسلامی لە کاروبارى ناوخۆیی گرتووە.

ئاماژەى بەوەش داوە "ڕێگە نادەن وەزیرى دەرەوەى ئێران یاخود باڵیۆزى ئەمریکا لەگەڵ هۆزەکان و سیاسییەکان گفتوگۆى لابەلا بکەن و، وڵاتەکەى بکەنە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەى کێشەکانیان". دەستگیرکردنى خەفاجی، ناکۆکییە ناوخۆییەکانى هێزەکانى حەشدی شەعبی نیشانداوە، کەدواى چەندین ساڵ لەدامەزراندنى تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کارگێرییەکى یەکگرتووى هەبێت.

لەدواى ڕەخنەکانى ڕێبەرى لێواى ئەبو فەزەل ئەلعەباس، هێزێکى نەناسراو هێرشیان کردە سەر سەرجەم نووسینگەکانى ئەو لیوایەو, دواى تێکدانى کەرستەو کەلوپەلەکانیان کۆمەڵێک کارمەندیش دەستگیر دەکەن.

لەساڵانى ڕابردوو خەفاجی، پەیوەندییەکى پتەوی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانى پێشوو هەبووە، بەجۆرێک ڕێگەى پێ داوە ڕیزەکانى پتەو بکات و، چەک و جبەخانەى پێویستى ڕادەست بکات، بۆ ئەوەى ببێتە هێزێکى هاوشێوەى حەشدی شەعبی کە بەتەواوى لەلایەن ئێرانەوە قۆرخ کراوە. لە بارەى داخستنى بارەگاکانى ئەو گرووپە چەکدارەش حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە "ئەو هێزانە بەناوى حەشدی شەعبیەوە خۆى ناساندووە، ئەمەش پێچەوانەى یاساییەو هیچ پەیوەندییەکى بەوانەوە نییە".

بە شێوەیەکى پراکتیکی لیواى ئەبو فەزەل ئەلعەباس بەفەرمیی نەچووە نێو پێکهاتەکانى حەشدی شەعبی، بەڵام لەشەڕى دژى داعشدا شان بەشانى ئەوان شەڕیان کردووە. تا ئێستا لێدوانەکانى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی لەبارەى دەستگیرکردنى ئەوس خەفاجی، هیچ دەنگۆییەکى بەدواى خۆیدا نەهێناوە، بەڵکو چاودێران پێیان وایە "دەستگیرکردنى خەفاجی و داخستنى بارەگاکانی بەهۆى ڕەخنە تووندەکانى دژى ئێران بووە، بەتایبەت لەپرسى تیرۆرکردنى عەلا مەشزوب، ڕۆماننووس و ئەدیبی عێراقی".

خەفاجی لەبەرنامە تەلەڤزیۆنییەکەدا گووتبووى "عەلا خزمى خۆیەتى و لەپێناو خاترى ئێران تیرۆر کراوە". دووپاتیشی کردەوە "بۆیە مەشزوب تیرۆر کرا، چونکە ڕەخنەى لەپاوانخوازییەکانى ئێران لەعێراق گرتووە، بۆیەش بەو شێوەیە وەحشیگەرییە لەنێو بردراوە، کە سەرووى ١٠ فیشەکیان لەسەرو جەستەى داوە".

شێعە و ڕەخنە

سەرەڕاى تێپەربوونى هەفتەیەک بەسەر تیرۆر کردنى ڕۆماننووسە عێراقییەکە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە، ئەمەش دەسەڵاتى تومەتباران دەردەخات کە چەندە بەهێزن و، گوومانى ئەوەش دروستبووە " لایەنێکى دەستڕۆیشتوو لەپشت پرۆسەکەیە". هاوڕێیانى مەشزوب هێمایان بەوە کردووە "ئەستەمە لایەنى تۆمەتبار لەتاوانى تیرۆرکردنى ڕۆماننووسەکە ئاشکرا بکرێت، بەتایبەت ئەو دەسەڵاتەى میلیشیاکان لەسەر دامەزراوە ئەمنى و دادوەرییەکان هەیانە".

لەبەشێکى دیکەى هەڵوێستەکەى خەفاجی لەبارەى ئێران ئاشکراى کردووە " ئەو هەڵسوکەوتە وا لە عێراقییەکان دەکات لەپاڵ هێزە ئەمەریکییەکان بوەستن"، وەک ئاماژەیەک بۆ پتەوکردنى پێگەى هێزەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەخاکی عێراق و، هەڵمەتى بەرەنگاربوونەوەى ئەو هێزانە لەلایەن لایەنگرانى ئێران.

زۆرى پێنەچوو لەپەخشکردنى هەڵوێستەکانى، دەستبەجێ هەواڵى دەستگیر کردنى ڕێبەرى لیواى ئەبو فەزەل ئەلعەباس بڵاوکرایەوەو، شۆکێکی لەنێو چاودێران دروست کرد. چاودێران پێیان وایە "ئەو پێشهاتە ڕەنگدانەوەى دابەشکارییەکەى هێزەکانى نێو حەشدی شەعبی دەردەخات لەنێوان دوو گرووپ، یەکەمیان لەبازنەى ئێران دسووڕێنەوەو، ئەویتریش ئەگەرى ئەوە هەیە لە ڕیزى ئەمریکا بوەستن".

لەپاڵ ئەوانەش کەشوایەکى گشتى نیشاندەدات کە کۆمارى ئێسلامی ئێران چەندە دەسەڵاتدارە بەرامبەر بڕیار بەدەستەکانى عێراق، بەتایبەت لەکەرتى ئەمنى و دادوەرى. بۆیە هەر مەترسییەک لە بەرژەوەندییەکانى تاران بگات، ئەوا دادگا ئامادەیە بۆ یەکلاییکردنەوەى تۆمەتباران.

لەبەرامبەر دەستگیرکردنى خەفاجی، هۆزەکەى ماوەیەکى دیاریکراوى پێشکەش بەحکومەت کردووە لەبەخێرا ئازاد کردنى ڕێبەرى لیواى ئەبو فەزەل ئەلعەباس، کەتاوەکو ئێستا بەغدا لەبەرامبەر ئەو پرۆسەیە "بێدەنگە". عامر غەنی سەگبان، سەرۆکی هۆزى خەفاجی ڕایگەیاندووە "ماوەى ٢٤ کاتژمێر لەبەردەم حکومەت دایە بۆ ئازاد کردنى ئەوس خەفاجی و هاوڕێیەکانى ".

ئاماژەى بەوەشداوە " ئەگەر هاتوو شێخ خەفاجی ئازاد نەکرێت، ئەوا مانگرتنێکى گشتى و داخستنى ڕێگاکان ڕادەگەیەنن، حکومەتیش هاوشێوەی شۆڕشى بیست ڕووبەرووى شۆڕشەکەمان دەبێت". بەڵام چاودێران هێما بەوە دەکەن "حکومەت لەو نێوەندە ئەوەى پێدەکرێت تەنها ناوبژیوانى کردنى نێوان حەشدی شەعبی و هۆزی خەفاجی بکات".

ئەگەری ئەوەش هەیە بەمنزیکانە خەفاجی ئازاد بکرێت، بەڵام پەیامى دەستگیرکردنەکەش تۆقاندنى هەر کەسێکە لەڕەخنە گرتنێکى ئاشکراى دژى ئێران و پیاوانى لەعێراق بووە، ئەوەش نیشان دەدات کە حەشدی شەعبی بەدەر لەناوەرۆک و پرسەکان دەتوانێت بڕیارەکانى خۆى بەسەر لایەنەکاندا بسەپێنێت. پێشبینى ئەوەش دەکرێت خەفاجی کۆتا کەس نەبێت لەنێوبەرەى حەشدی شەعبی و ئێران بکشێتەوە، بەڵکو کەسایەتى دیکەش بەدواى ئەودا دێت و، بەرەکەى تاران لەنەیاران و دوو دڵەکان پاک دەکرێنەوە بۆ ئەوەى لایەنگیرییەکى ڕەهایان بۆ کۆمارى ئیسلامی هەبێت.