Skip to main content

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان: سەرمان سوڕماوە لە ژمارەی زۆری لەسێدارەدان لە ئێران

posted onSeptember 30, 2025
nocomment

 

شارەزایانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە، لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، زیاتر لە هەزار سێدارەدان لە ئێران تۆمارکراون، کە ئەمەش نیشانەی "زیادبوونێکی بەرچاو"ی ژمارەی لە سێدارەدانەکانە لەو وڵاتە و تووشی شۆک بوون.

ڕۆژی دووشەممە پێنج پەیامنێری تایبەت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هۆشدارییان دا: "ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران سەرسوڕهێنەرە و پێشێلکارییەکی گەورەی مافی ژیان پیشان دەدات." ئەوان ئاماژەیان بەوەدا کە نیوەی سێدارەدانە تۆمارکراوەکان پەیوەندییان بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە و بە تێکڕا ڕۆژانە ٩ سێدارەدان لە هەفتەکانی ڕابردوودا تۆمار کراوە.

ئەم نیگەرانییە لە زیادبوونی سێدارەدانەکان لە ئێران هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی سێدارەدانێکی دیکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، کە تێیدا دەسەڵاتی دادوەری ئێران هەواڵی سێدارەدانی پیاوێکی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ موساد" ڕاگەیاند.

هەفتەی ڕابردوو، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و گرووپی مافی مرۆڤی ئێران ڕایانگەیاند کە لە مانگی بەفرانباری ڕابردووەوە تا کۆتایی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، هەزار لەسێدارەدانیان لە ئێران تۆمار کردووە. ئەم ژمارەیە ئێستا زیاترە لە کۆی ٩٧٥ حاڵەتی تۆمارکراو لە سەرانسەری ساڵی ڕابردوودا - ٢٠٢٤.