Skip to main content

کۆمپانیا گەورەکان پەیوەندى بازرگانییان لەگەڵ ئێران ڕادەگرن

هەتا دێت گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر ئێران زیاتر و دژوارتر دەبن و بەمەیش وردە وردە کۆمپانیا گەورەکانى دونیا کە مامەڵەى بازرگانییان لەگەڵ ئەم وڵاتە هەیە، دەکشێنەوە و پەیوەندییە بازرگانییەکانى خۆیان لەگەڵى دەوەستێنن.
هەتا دێت گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر ئێران زیاتر و دژوارتر دەبن و بەمەیش وردە وردە کۆمپانیا گەورەکانى دونیا کە مامەڵەى بازرگانییان لەگەڵ ئەم وڵاتە هەیە، دەکشێنەوە و پەیوەندییە بازرگانییەکانى خۆیان لەگەڵى دەوەستێنن.
posted onMay 17, 2018
nocomment

 

سۆرن سۆکۆى بەڕێوەبەرى گشتى گەورە کۆمپانیاى (مێرسک ـ Mærsk) کە گەورەترین کۆمپانیاى پاپۆڕەوانى دونیایە، ڕۆژى پێنجشەممە لە کۆپنهاگن لەم بارەوە گوتى: بە دەرچوونى ئەمەریکا لە بەرجام و دەستپێکردنەوەى گەمارۆ ئابوورییەکان، چیتر ناتوانێت لەگەڵ ئێران ئاڵوگۆڕی ئابوورى بکات.

ئەم کۆمپانیا دانیمارکییە کە زیاتر لە ٦٠٠ پاپۆڕى بارهەڵگرى بە تواناى ٣.٨ ملیۆن کانتینێر هەیە و بازرگانییەکى گەورەى هاوردەکردنى لەگەڵ ئێران هەیە لەبوارى کەلوپەلى خۆراک و کاڵای وەک ئۆتۆمبێل، ئەگەرى ئەوە هەیە بەم خۆکێشانەوە بازرگانییە کێشەى گەورەى خۆراکى بۆ ئێران دروست بکات. هەرچەندە پێشتر ئەم کۆمپانیایە یەک دوو جارێک سەودا و مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ ئێران پچڕاندبوو و دەستى پێ کردبووەوە و جارێکیش لەبەر بازرگانى لەگەڵ سوپاى پاسداران سزا درابوو، بەڵام ئەم جارەیان لەبەر گوشارەکانى ئەمەریکا و جددیبوونى دۆناڵد ترامپ لەسەر سزادانى هەر کۆمپانیایەک کە پەیڕەوى ئەم گەمارۆیانە نەکات، هەر زوو ڕای گەیاند کە چیتر ئامادە نییە مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ ئێران بکات.

وڵاتە ئەوروپییەکان چوارشەممە لەمەڕ دەرچوونى ئەمەریکا لە بەرجام پێکەو دانیشتن و ڕێک کەوتن کە پابەند بن بە بەڵێنەکانى خۆیان سەبارەت بە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران، بەڵام قسە لەسەر ئەوەشە کە چۆن کۆمپانیا ئەوروپییەکان لە بن هەڕەشەکانى ئەمەریکا و دۆناڵد ترامپ بپارێزن؟!