Skip to main content

کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان داوای دیدگەیەکی هاوبەش بۆ سوریای نوێ دەکات

رۆژاڤای کوردستان
کۆنفرانسی "یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد"ی لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان
posted onApril 26, 2025
nocomment

لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسی "یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد"ی، بە بەشداریی نزیکەی ٤٠٠ ئەندام و نوێنەری لایەنە سیاسی و مەدەنییە کوردییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کورد لە سووریا بەڕێوەچوو.

ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە، وەک لە راگەیێندراوی کۆتاییدا هاتووە، بریتی بوو لە "گرتنەبەری دیدگەیەکی یەکگرتووی کورد بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و بەشداریکردنی لە داڕشتنی ئایندەی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد."

بەشداربووانی کۆنفرانس لەسەر "دیدێکی سیاسیی هاوبەشی کورد" رێککەوتن کە ئامانجی "چارەسەری دادپەروەرانەی کێشەی کوردە لە سوریا وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی و ناناوەندی". ئەم دیدە هاوبەشە وەک "بەڵگەنامەیەکی دامەزرێنەر" پەسەندکرا کە داوای سوریایەکی یەکگرتوو دەکات بە مەرجێک مافە نەتەوەییەکانی کورد و مافەکانی مرۆڤ، ئازادییەکان و مافی ژنان گەرەنتی بکات.

کۆنفرانسەکە رۆژی شەممە بە بەشداری پارتی یەکێتیی دیموکرات 'پەیەدە' و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد 'ئەنەکەسە' وبەڕێوەچوو و پەیامی مەسعود بارزانی، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و چەندین لایەنی دیکەش خوێنرایەوە.

راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکە، کە لەلایەن فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە و محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) خوێندرایەوە، جەختی لەسەر خەباتی دەیان ساڵەی گەلی کورد کردەوە بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی و بەشداری لە دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی فرەیی لە سووریا.

لە کۆتاییدا، کۆنفرانس بڕیاریدا بە زووترین کات "شاندێکی هاوبەشی کوردی" پێکبهێندرێت بەمەبەستی کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم دیدە و بەشداریکردن لە دیالۆگ و راوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.