
ئەمڕۆ دووشەممە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، ڕێککەوتنێکیان لە دیمەشق واژۆ کرد.
ڕێککەوتنەکە کە لە هەشت خاڵ پێکهاتووە، ئامانج لێی ڕاگرتنی شەڕە لە سەرانسەری سووریا و تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. هەروەها، ڕێککەوتنەکە جەخت دەکاتەوە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی وڵات یان پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، سەرجەم دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکان، تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن. هەروەها، حکوومەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی کۆمەڵگەی کوردی دەکات و هەموو مافە دەستوورییەکانی بۆ دابین دەکات. هەروەها هەردوولا هاوکار دەبن بۆ یارمەتیدانی زەرەرمەندانی ناوچە کەنارییەکان.
بەپێی زانیارییەکان، شاندێکی هەسەدە بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی بە هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی گەیشتووەتە دیمەشق بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە. بەر لە ڕێککەوتنەکەش، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لەگەڵ کوردەکان لە ڕێگەی دانوستاندنەوە.
دەقی رێککەوتنەکە:
1-دەستەبەرکردنی مافی هەموو سوریاکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ گوێدانە پاشخانی ئاینی و نەتەوەیی.
2-پێکهاتەی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریایە، دەوڵەتی سوریاش مافی هاوڵاتیبوون و هەموو مافە دەستورییەکانی زامن دەکات.
3-راگرتنی ئاگربەست لە تەواوی خاکەکانی سوریا.
4-تێکەڵکردنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەوانە، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و عازییەکان.
5-دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە.
6-پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سوریا لە شەڕی دژی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و یەکڕیزی وڵاتەکە.
7- رەتکردنەوەی بانگەوازەکانی دابەشبوون و گوتاری رق و كینەو هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ناتەبایی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا.
8- لیژنه جێبەجێكارەكان کاردەکەن بۆ جێبه جێکردنی رێککەوتننامەكە بە جۆرێك لە كۆتایی ئەمساڵ تێنەپەڕێت.