Skip to main content

لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٦ هاونیشتمانی دەستگیرکران

پیرانشار
چوار هاونیشتمانیی دەستگیرکراوی خەڵکی پیرانشار
posted onJanuary 20, 2025
nocomment

لە شارەکانی پیرانشار، مەهاباد و مەریوان شەش هاونیشتمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانە رانەگەینراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا، رۆژی دووشەممە، 20.01.2025، موراد ئوستوار، خەڵکی گوندی پەسوێ، نێعمەت ئەحمەدنەژاد، خەڵکی گوندی لکبن، محەممەد سۆهرابی و فەردین مەحموودی دەستگیر کراون.

فەردین مەحموودی چالاکڤانی مەدەنی و چالاکڤانی بواری ژینگە بووە و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی دەستگیریان کردووە. هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بە سەر کتێبەکانی ناوبراودا گرتووە.

هۆکاری دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی ئەو هاونیشتمانییە پیرانشارییانە روون نییە.

هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە رامیار کاوە، ٢١ ساڵ تەمەن و خەڵکی ئاوایی نێ، بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و هێشتا هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە نییە.

هەروەها لە شاری مەهابادیش هاونیشمانییەک بە ناوی عەبدولوەهاب پیرۆتی دەستبەسەر کراوە و دوای ٥ رۆژ لە دەستگیرکردنی، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە ئارادا نییە.