Skip to main content

مامۆستایەکی زانکۆ و چالاکڤانێکی دژی سێدارە لە سنە دەستگیرکرا

ئەسعەد غەفووری، مامۆستای زانکۆ
ئەسعەد غەفووری، مامۆستای زانکۆ و چالاکڤانی دژی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی
posted onJanuary 19, 2025
nocomment

ئەسعەد غەفووری، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی کەمپەینی "پێشگرتن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی" لە شاری سنە، ڕۆژی ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستگیرکرا.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ بڕیاری دادگا ئەم هاوڵاتییەیان دەستگیرکردووە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەم هاووڵاتییە کوردە کراوە لەبەردەستدا نییە.

کەمپەینی "پێشگرتن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی" کە داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتیی کورد دەکات، تا ئێستا توانیویەتی ٩ هەزار واژۆ کۆبکاتەوە.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و چالاکڤانی مەدەنی، رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە تاران دەستبەسەر کرا و ساڵێک دواتر دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای سێدارە و چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08.01.2025 حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی، پشتڕاست کردەوە.

ئەمیر رەئیسیان، پارێزەر، بە رۆژنامەی شەرقی گوت: دۆسیەی پەخشان عەزیزی کەموکۆڕی زۆری تێدا بووە و ئەو شایانی سزای سێدارە نییە چونکە لە شەنگال و ئۆردوگاکانی دیکەی ئاوارەکانی شەڕی داعشدا، یارمەتی خەڵکی داوەو ئەوانەش چالاکییەکانی سیاسی نەبوون.

لەم ماوەیەدا کە حکومی سێدارەی پەخشان عەزیزی پشتڕاست کراوەتەوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لێکەوتووەتەوە و چین و توێژی جیاوازی خەڵک داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومی ئەو دوو ژنە چالاکڤانەیان کردووە