Skip to main content

کۆماری ئیسلامی لە نوێترین ڕاپۆڕتی کۆمەڵەی زانیاری ئەمریکا

کۆماری ئیسلامی لە نوێترین ڕاپۆڕتی کۆمەڵەی زانیاری ئەمریکا
دەسەڵاتدارانی ئێران سیخوڕی ئۆنلاین دەکەن
posted onFebruary 2, 2019
nocomment

 

بەڕیوبەری کۆمەڵگەی زانیاری ئەمریکا دەڵێ هەڕەشەکانی سەر ئەمریکا لە ساڵی نوێی زایینیدا زیاد دەبن. ئەو پرسە بەشی زۆری سەرچاوە دەگرێ لە وڵاتانی ڕووسیە و چین کە کێبەرکێی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانە سونەتییەکانی زۆر کردووە.

 

دێن کۆتس، بەڕیوەبەری "زانیاری نەتەوەیی ئەمریکا"، ڕۆژی سێ شەممە نۆی ڕیبەندان ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمەڵگەی زانیاری پێشکێشی کۆمیتەی زانیاری سەنا کردووە. ئەو ڕاپۆڕتە ٤٢ لاپەڕەییە لە دوو بەشدا ئامادە کراوە.

* هەڕەشە جیهانییەکان کە دە بەش لە خۆ دەگرێتەوە بریتین لە: هێرشی سایبێری، چالاکی سیخوڕی ئۆنلاین، دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان، پەرەدان بە چەکی کۆمەڵکوژ، تیرۆریزم، دژە ئیتلاعات، تکنیکی نوێ، هەڕەشەکان لەسەر کێبەرکێی ئابوری، فەزا و دژە فەزا، تاوانی سیستماتیکی جیهانی، ئابووری و وزە و ئەمنیەتی ئینسانی.

* هەڕەشە ناوچەییەکان کە ٨ بەش لە خۆ دەگرێتەوە و بریتین لە:  چین و ڕووسیە، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، باشوری ئاسیا، ڕووسیە و ئۆراسیا، ئەوروپا، ئەفریقا و نیوکۆرەی ڕۆژاوا.

لە پێشەکی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە: پرسە جۆراوجۆرەکانی وەک کردەوە دوژمنکارانەکانی ئێران، قووڵبوونەوەی کێشەکانی ئەفغانستان و سەرهەڵدانی نەتەوەگەرایی لە ئەوروپا پەرە بە ئاڵۆزییەکان دەدەن.

 

هێرشی سایبێری و کۆمارى ئیسلامى:

هێرشی سایبێری و کۆمارى ئیسلامى

چین ، ڕووسیە، ئێران و کورەی باکوور بە شێوەیەکی بەربڵاو کۆمەڵێک ڕێکار بۆ هێرشی سایبێری بە کار دێنن، دزینی زانیاری، سیخوڕی لەسەر شارۆمەندان و لەنێوچوونی ژێرخانەکان بەشێکن لەو هێرشە سایبێریانە.

 کۆماری ئیسلامی سوود لە تەکنیکی سایبێری ئاڵۆز وەردەگرێ بۆ کاری سیخوڕیکردن و هەروەها هەوڵی پەرەدان بە بەستێنەکانی هێرشی سایبێری دەکات بۆ ئەوەی هەلومەرجی هێرش بۆ سەر ژێرخانە حەیاتییەکانی ئەمریکا فەراهەم بکات. تاران کەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرێ بۆ بە ئامانجگرتنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

چالاکانی سایبیری کۆماری ئیسلامى، ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و کۆمپانیاکان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی دەستی بە زانیاری ڕابگات و خۆی لە پێگەی بەهێزتری هێرشی سایبیری لە داهاتودا ئامادە بکات. لە بەشێکی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە: ئەو چالاکیانە دەکرێ تێکدانی ڕەوتی کاری کۆمپانیایەک بێ بۆ چەندین حەوتوو و مانگی بەردەوام.  بۆ وێنە هەڵمەتی پاککردنەوەی زانیاریەکانی چەندین کاناڵی دەوڵەتی و کەرتی تایبەتی عەرەبستان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٦.

کۆماری ئیسلامی کەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرێ بۆ بە ئامانجگرتنی خەڵک لە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان و خەڵک بۆ سیاسەتەکانی خۆی بەکار دێنێت. لە لایەکی دیکە بە سیخوڕی ئۆنلاین کار دەکات بۆ دەستخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی.

 

بناژۆخوازانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕۆتر بوونە:

بناژۆخوازانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕۆتر بوونە

کۆمەڵگەی زانیاری ئەمریکا لەسەر کێشەی نێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامی نووسیویەتی: تووندئاژۆکانی کۆماری ئیسلامی لە جاران زیاتر گوشاریان بۆ سەر ڕکابەرە میانەڕەوەکانی خۆیان درووست کردووە و ئەو کارەش لە پێناو لاواز کردنی هەوڵەکانی ئەو لایەنە بۆ درووستکردن چاکسازی و هەروەها گرتنەبەری هەڵوێستێکی تووندتر بەرامبەر ئەمریکا ئەنجام دەدەن.

دێن کۆتس باوەڕی وایە حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری کۆماری ئیسلامی بە گرتنە بەری هەوڵوێستی دووژمنکارانە بەرامبەر ئەمریکا بووەتە هۆی ڕەزامەندی بناژۆخوازانی کۆماری ئیسلامی.

دێن کۆتس سەرۆکی کۆمەڵگەی زانیاری ئەمریکا لە ڕاپۆڕتەکەی ئەو ڕێکخراوەدا ئاماژەی بەوە کردووە ناڕەزایەتییەکانی نێو کۆماری ئیسلامی بەشی زۆری لەسەر داخوازی ئابووری چڕ بووەتەوە و گوتوشێتی ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین لە مانگەکانی داهاتوودا ناڕەزایەتییەکان پتر پەرە بستێنن. بە گووتەی دێن کۆتس ناڕەزایەتییەکانی نێو کۆماری ئیسلامی هەروا بە بێ هاوئاهەنگی و نەبوونی ڕێبەر و نەبوونی پشتیوانی گەورەی قەومی و سیاسی دەکرێن و تاران ئامادەی گرتنەبەری ڕیوشوێنی تووندترە لە دژی سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکان. سرنجدان بە گەندەڵی بەربڵاو، کەرتی بانکی لاواز و هەلومەرجێکی بازرگانی کە بۆ سەرمایەدانەرانی دەرەکی جێگەی دڵپێخۆشکردن نییە تواناییەکانی حەسەن ڕوحانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی یەکجار کەم و لاوازن.

 

کۆماری ئیسلامی لە ڕووی نیزامییەوە خۆی پێش دەخات:

کۆماری ئیسلامی لە ڕووی نیزامییەوە خۆی پێش دەخات

لە مەڕ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەرەدان بە تواناییە نیزامییەکانی لە ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە: ئێران پەرە بەو بوارانەی بەهێزبوونی نیزامی خۆی دەدات کە دەبنە هۆی درووستکردنی هەڕەشە لەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچە و دەبێتە هۆی لەگرێژنەچوونی هاتووچۆی سەر گەرووی هورمز.

هەوڵە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بوارەکانی سیستەمی موشەکی بالستیک، پاپۆڕی بۆمبرێژکراو، مینی دەریایی، ژێر دەریایی، ئەژدەر، فرۆکەی بێ فرۆکەوانی چەک لەسەر، موشەکی کڕووزی دژە کەشتی و زەمینی و مووشەکی بالستیکی دژە کەشتی و ئاسمانی لە خۆ دەگرێتەوە. لە لایەکی دیکە کۆماری ئیسلامی خاوەنی گەورەترین کۆگای موشەکییە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەتوانێ لە دووری ٢٠٠٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە ئامانجە دیاریکراوەکان بپێکن.

سیستەمی مووشەکی" ئێس ئای ٢٠ سی سم" کە ڕووسیە لە ساڵی ٢٠١٦ ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کرد، پێشکەوتووترین سیستەمی مووشەکی ئاسمانی درێژ مەوادی ئەو وڵاتەیە. لە لایەکی دیکە کۆماری ئیسلامی موشەکی نێونجبڕی "سەم" لە نێو خۆی وڵاتەکەیدا بەرهەم دەهێنێ.

کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ لە کاردانەوە بە هێرشی سەر هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناوخۆی ئێران گرووپە کوردە دژبەرەکانی خۆی لە خاکی عێراق و هەروەها داعشی لە سوریە لە ڕێگەی مووشەکی بالستیک کردە ئامانج. ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی نمایشی زیرەکی موشەکەکانی و هەروەها کەڵکوەرگرتنی فرۆکەی بێ فرۆکەوان هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە نیشاندەری تواناییەکانی ئەو وڵاتە بوو.

لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە: هەڵسووکەتی نالۆژیکی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کەشتییە ئەمریکاییەکان لە کەنداوی فارس ئەگەرچی لە ساڵی ڕابڕدوو کەمی کردبوو، شیمانە دەکرێ جارێکی دیکە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە دەست پێ بکرێتەوە. هەڵسووکەوتی سوپای پاسادارن لەگەڵ هێزی دەریایی ئەمریکا پڕۆفێشناڵە بەڵام لە ساڵانی ڕابڕدوودا ئەو هێزە کێشەی بۆ کەشتییە فرۆکە هەڵگڕەکانی ئەمریکا درووست کردووە ئەویش لە ڕیگەی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە.

سەرەڕای ئەوانە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی ئەوەیان کردووە بە کاردانەوە بە دانانی گەمارۆ لە دژی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە گەرووی هورموز دادەخەن.

 

کۆماری ئیسلامی لە سوریە و عێراق و یەمەن بە دوای چیدا دەگەڕێ؟

کۆماری ئیسلامی لە سوریە و عێراق و یەمەن بە دوای چیدا دەگەڕێ

دەسەڵاتدارانی تاران خوازیارن بۆ درێژ ماوە لە ڕووی سیاسی و ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووری پەرە بە بوونی خۆیان لە عێراق و سوریە بدەن و هاوکات لە ڕێگەی حوسییەکانەوە گوشار بخەنە سەر عەڕەبستان و ئیمارات.

بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی زانیاری ئەمریکا لە کاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆڕتی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوە بە کۆنگرە و سەنای ئەو وڵاتە گووتی: پشێوی سیاسی، ئابووری خراپ و شەڕی نێوخۆیی و نیابەتی"تایبەتمەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ساڵی داهاتووی زایینیدا" دەبن.

بە گووتەی دێن کۆتس بەڕیوەبەری ئەو دامەزراوە ئەمریکییە "ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە نێوان دوو جەمسەر بوونێکی نوێ لەسەر دەستپێڕاگەیشتن بە سامان، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ژێرزەوی و پێوەندی نێوان دەوڵەتان و گرووپە سیاسی و نەتەوەییەکاندایە. لە درێژەی ئەو بەشەی ڕاپۆڕتەکەدا بە چڕی باسی ئێران دەکات و دەڵێ: شیمانە دەکرێ پاوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی و پەرەدان بە توانا نیزامییەکانی لە ساڵی داهاتوو ببێتە هەڕەشە لە سەر ئەمریکا. بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە ئەو هەوڵانەی ئێران دەگەڕیتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەمریکا، عەرەبستانی سعودی و ئیسرائیل و نائەمنبوونی سنوورەکانی و گرووپە تووندڕەوەکان.

بە گووتەی دێن کۆتس هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی پشتیوانی دەکرێن بە هەڕەشە لەسەر ئەمریکا بە ئەژمار دێن. وا چاوەڕوان دەکرێ بە نەمانی مەترسییەکانی داعش، پێکهاتنی تەواوی دەوڵەتی عێراق، داخوازی چوونەدەرێی ئەمریکا لە عێراق لە لایەن هێندێک لەو گرووپانەی لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و بە تایبەتی لە لایەن حەشدی شەعبی دژی ئەمریکا زۆرتر ببێتەوە.

لە دڕێژەی ئەو بەشەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە ئێمە بە بەردەوامی جووڵەکانی ئێران کە نیشاندەری هەوڵ بۆ سەر هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێت چاوەدێری دەکەین. هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەهێزبوونی پێگەی لە سوریە و پڕچەککردنی حیزبوڵا بۆتە هۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی سوریە کە نوێترین حاڵەتی لە مانگی ڕابڕدوودا ڕووی دا. ئەو هەوڵانەی ئێران بۆتە هۆی نیگەرانی ڕوولەزیادبوونی ئێمە لەمەڕ زیادبوونی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا کە بەستێنەکانی شەڕ فەراهەم دەکات.

هێرشی تۆڵە ئەستێنانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی موشەکبارانی بنکەکانی داعش لە سوریە دوابەدوای هێرش بۆ سەر ڕێژەیەکی نیزامی ئەو وڵاتە لە ئەهواز پەیامێکی کۆماری ئیسلامی بوو کە نیشانی دەدات ئەو وڵاتە چەندە لە ڕووی توانایی نیزامییەوە بەرەوپێش چووە. ئێران هەوڵ دەدات بنکەی هەمیشەیی نیزامی لە سوریە بکاتەوە و لە لایەکی دیکە پەرە بدات بە ڕێککەوتنە ئابورییەکانی لەگەڵ دیمەشق. هەروەها بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئێران لە سوریە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەوڵ دەدەن گرووپێکی تایبەت بە شەڕکەرە بیانیە شیعەکان لە سوریە دامەزرێنێ و بیپارێزێت.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات دووری بکات لە ڕوودانی شەڕێکی گەورەی سەربازى لەگەڵ ئیسرائیل بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران لەو وڵاتە. دوابەدوای هێرشی ڕابڕدووی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە بنکەی هەوایی "تیاس" لە سوریە، هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی موشەکییان ئاراستەی بەرزاییەکانى جۆلان لە سنووری نێوان سوریە و ئیسرائیل کرد.

پشتیوانی ئێران لە حوسییەکانی یەمەن کە پێدانی موشەکی بالستیک بەو گرووپە  لە خۆ دەگرێتەوە مەترسی بشێوی زیاتری بە دواوە و هەروەها هەڕەشەن لەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.  کۆماری ئیسلامی درێژە دەدات بە هاوکارییەکانی بۆ حوسییەکانی یەمەن کە توانایی ئەوە دەدات بەو هێزە لە ڕێگەی مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێ فرۆکەوان پاپۆڕەکانی نیزیک لە گەرووی  بابوئەلمەندەب، ئامانجی سەر زەوی لە خاکی عەرەبستان وئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبی بپێکێت.