Skip to main content

نائارامییەکانی ئێران زیاد دەبن

نائارامییەکانی ئێران زیاد دەبن
posted onJanuary 30, 2019
nocomment

 

کۆمەڵگەی زانیاری ئەمریکا لە ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆی بە کۆنگرەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە "چاوەڕوان دەکرێ پشێوییەکانی ئێران زیاتر بن". هەر لە درێژەی ئەو ڕاپۆڕتەدا هاتووە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە چوار وڵاتی مەترسی بۆسەر بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی واشنتۆنە.

 

بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکانی تایبەی بە کۆکردنەوەی زانیاری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە ٩ ڕێبەندان لە کۆمیتەی زانیاری سەنای ئەمریکا ئامادە بوون. دێن کۆتس، سەرۆکی دامەزراوەی "زانیاری نەتەوەیی" ئەمریکا هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگەی زانیاری بە سێناتۆرەکانی دوو گەورە حیزبی ئەمریکا ڕاگەیاند. لە بەشێکی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە "لە کاتێکدا ئابووری ئێران ڕۆژ دواى ڕۆژ خراپ دەبێ کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لە ڕووی سەربازییەوە پتر خۆی تەیار بکات و بەو شێوە پەرە بە پاوانخوازییەکانی خۆی لە ئاستی ناوچەکەدا بدات".

لە درێژەی ئەو بەشەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە "توندئاژۆکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن ڕەوتی میانەڕەوی دەسەڵات پتر وەلانێن و چاوەڕوان دەکرێ لە مانگەکانی داهاتوودا بشێوییەکان زۆرتر ببن".

 

کۆماری ئیسلامی پەرە بە هەوڵە تیرۆریستییەکانی دەدات

تیرۆرزمى کۆمارى ئیسلامى لە ناوچەکە

دێن کۆتس لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات تاران بەردەوامە لە دابینکردنی پشتیوانی ماڵی بۆ کردەوەی تیرۆریستی و ئاماژە بەوەش دەکات قۆڵبەستکردنی شارۆمەندانی ئێرانی لە ئەوروپا کە خەریکی پلان داڕێژی بۆ کاری تیرۆریستی بەشێک بوون لەو پیلانانە. چاوەڕوان دەکرێ ئێران درێژە بە پشتیوانی خۆی لە حوسییەکانی یەمەن و میلیشیا شێعەکانی عێراق بدات. ئەوە لە کاتێکدا کە پەرە بە توانا نیزامییە ناوچەییەکانی خۆی دەدات کە مەترسییە لەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی.

 بە گووتەی ناوبراو کۆماری ئیسلامی هەروەها پەرە بە جێگیربوونی نیزامی خۆی لە سوریە و ناردنی چەک و تفاقی نیزامی بۆ حیزبوڵا دەدات کە بووەتە هۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو گرووپە. بە گووتەی دێن کۆتس ئەو هەوڵانەی ئێران نیگەرانی ئەمریکاییەکان لەو ڕێبازەی ئێران گرتوویەتییە بەر زیاتر دەکات کە بریتییە لە مەترسی شەڕ و زیاتربوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا.

 

کۆماری ئیسلامی خاوەنی گەورەترین زەڕاتخانەی موشەکییە لە ناوچەکە

کۆماری ئیسلامی خاوەنی گەورەترین زەڕاتخانەی موشەکییە لە ناوچەکە

دێن کۆتس سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگەی زانیاری ئەمریکا لەمەڕ بەرنامەی ناوەکی ئیران گووتی "کۆماری ئیسلامی ئێستا هەوڵی پەرەپێدان بە توانایی نیزامی ناوەکی خۆی نادات". لە لایەکی دیکە کۆتس لە لایەن بەرپرسانی دیکەی کۆمەڵگەی زانیاری ئەمریکا گووتی کۆمەڵگاکەیان گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا هەوڵی پەرەدان بە گەڵاڵەی ناوەکی نادات و هەروەها هەوڵ بۆ درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمیش نادات.

بە گووتەی کۆتس کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر بە بەرژەوەندییەکانی لە چوارچێوەی بەرجامدا نەگات ئەوە پابەندی ڕێککەوتنی ناوەکی نابێت.

کۆمەڵگەی زانیاری ئەمریکا ١٦ ڕێکخڕاو و ئاژانسی زانیاری لە خۆ گرتووە کە سەرۆکایەتییەکەی لە ئەستۆی ناوەندی زانیاری ئەمریکایە. سەرۆکی کۆمەڵگەی زانیاری ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری لە ئاژانسە جۆراوجۆرەکان و پێشکێشکردنی بە سەرکۆماری ئەمریکای لەسەر شانە. لە دانیشتنی کۆنگرەدا جگە لە دێن کۆتس، جینا هاسپێل سەرۆکی "سیا"، کریستۆفێر ورای سەرۆکی "ئێف بی ئای"، ژەنەراڵ پل ناکازونە سەرۆکی ڕێکخڕاوی ئەمنیەتی نەتەوەیی، ڕابێڕت کاردیلو سەرۆکی ئاژانسی زانیاری ئەمریکا و ژەنەراڵ ڕابێرت ئەشلی بەڕێوەبەری ئاژانسی زانیاری پاراستنی ئەمریکا بەشدارن و وەڵامی پرسیاری سێناتۆڕەکان دەدەنەوە.