وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامی ئێران لەمیانەى گەشتە چەند ڕۆژییەکەى لە عێراق لە شارى کەربەلای باشوورى ئەو وڵاتە داواى کردووە "گرێبەستى پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوەى عێراق دواى کۆتاییهێنان بەجەنگى شەڕى داعش بدرێتە کۆمپانیاکانى ئێران ".
محەەمەد جەواد زەریف، لەو سەردانەیدا کە لەگەڵ سەرکردە و گرووپەکانى حەشدی شەعبی لەو شارەى عێراق کۆ بووەوە، ڕایگەیاندووە "بە خۆشەویستى (ئیمام حوسین)، ئەو تەندەرى ئاوەدانکردنەوە بدەنە کۆمپانیاکانیان".
زەریف لەو کۆبوونەوەکەى زیاتر لەگەڵ ئەو گرووپانە کۆبووەتەوە کە لەرژێمى وڵاتەکەیەوە نزیکن و، لەنێو دەسەڵاتدارێتى عێراقدا پۆستی باڵایان هەیە.
میلیشیاکانى حەشدی شەعبی کە بەفەتوایەکى عەلى سیستانى، گەورە مەرجەعی شێعەکان بۆ بەرگرى کردن لە بەغداو پارێزگاکانى باشوورى عێراق دروست بوون، لە ئۆپەراسیۆنى بەرەنگاربوونەوەى ڕێکخراوى داعش پێکهاتەیەکى گرنگى شەڕەکان بوونە. وەزیرى دەرەوەى تاران بە فارسى بە گرووپە میلیشیاکانى عێراقی گووت "هەموو جیهان درک بەوە دەکەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لایەنى سەرکەوتووى دژی داعش نەبوو، بەڵکو ئێوە شکستتان بە داعش هێنا، بۆیە ئێستا فشار دەخەنە سەر ئێوە و ئێمە".
لەشەڕى بەرەنگاربوونەوەى دژ بەداعش کە ساڵى ٢٠١٤ سێ یەکى خاکى عێراقی داگیر کرد، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانى عێراق لەسوپا، پێشمەرگەو میلیشیاکانى حەشدی شەعبی بەهاوبەشى چەکدارانى ئەو گرووپەیان لەناوچەکانى نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەددین و بەشێکى دیالە دەرکرد. سەردانەکەى ئەو وەزیرەى ڕژێمى ئێران بۆ عێراق دواى سەردانەکەى مایک پۆمپئۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا دێت کە بە سەردانێکى لەناکاو گەیشتە بەغداو لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانى ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
زەریف، تاکە هیواى ڕژێمەکەى بۆ دەرباز لە قەیرانە ئاڵۆزییەکەى کە بە هۆى سزاکانى کۆشکی سپییەوە بووە عێراقە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکى ئەوتۆى دەست نەکەوتووە، تەنها کۆمەڵێک بەڵێنى دیپلۆماتى نەبێت. لێدوانەکەى ئەمڕۆشى لە شارى کەربەلا کە شێوەى پاڕانەوەى پێوە دیارە، ئاڵۆزی و سەختى ڕەوشى ئابوورى وڵاتەکەى دەردەخات کە تاران لە چ ڕەوشێکى وێران دایە.
لەدواى کشانەوەى واشنتۆن لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥، و سەپاندنى سزا بەسەر تاران و، ژمارەیەک لە گرووپەکانى میلیشیاکانى حەشدی شەعبیشی گرتەوە. زەریف باسى لەوەش کردووە "پێویستە بەرامبەر ئەو هاریکارییانەى ئێران پێشکەش بە عێراق کردووە، گرێبەستى ئاوەدانکردنەوە بدرێتە کۆمپانیاکانیان"، هۆکاری ئەو پلەبەندییەش بۆ کۆمپانیاکانیان بەهۆى ڕێگرییەکانى کۆمپانیا ئەوروپییەکانە لە وەبەرهێنان لەنێو خاکی وڵاتەکەى.
گووتیشى "ئەگەر کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان بڕیاریان دا بێنە نێو عێراق بۆ ئەنجامدانى ئاوەدانکردنەوە و کارکردن، ئەوا تێچووى ئەو کۆمپانیانە بۆ پاراستنیان لە عێراق زۆر زیاترە لەوەى دەستیان دەکەوێت".
جەواد زەریف لە کەربەلا
زەریف ئاشکراى دەکات "بەڵام کاتێک کۆمپانیایەکى ئێرانى بیهەوێت لە عێراق کار بکات و پرۆژە جێبەجێ بکات، ئەوە لە پاڵ تێچووى کەمتر لە پاراستنى ئەوان لە پێناو خۆشەویستى ئیمام حوسێن و برایانى لە عێراق دێت کار دەکات و لەگەڵ حەشدی شەعبیش لە یەک سەنگەردان". ئەو لێدوانەى ئەو گەورە دیپلۆماتەى تاران، نیمچە هەڕەشەیەکیشە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان لە ئەگەرى وەبەرهێنان لە خاکی عێراق، جگە لەوەش بە پێی زانیارییەکانى دەستەى دەستپاکی عێراق "زۆربەى کۆمپانیا ئێرانییەکان سەرجەم پرۆژەکانى ئاوەدانکردنەوە دواى وەرگرتنى شایستە داراییەکانیان خاکی عێراقیان بە جێ هێشتووە، بە بێ ئەوەى بەرامبەر ئەو پارەیەى وەریانگرتووە کارەکانیان تەواو بکەن".
ساڵى ڕابردوو بەغدا ڕایگەیاند "بە هۆى شەڕو جەنگە وێرانکارییەکانى داعش زیانێکى گەورە بە شارە سوننەنشینەکان کەوتووە و، قەبارەى گشتى تێچووى ئاوەدانکردنەوەى ئەو شارانەش لە سنوورى ٨٨،٢ ملیار دۆلارە". لەلایەن خۆیشیەوە ئەبو عەممار جەبورى، یەکێک لە فەرماندەکانى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی خۆشحاڵى خۆى نیشان داوە بە گرووپە ئێرانییەکان و، پێی وایە "ئێران تاکە وڵاتە لە پاڵ عێراق لە جەنگی دژى تیرۆر وەستاوەتەوە".
دەشڵێت "تاران تاکە وڵاتە لەگەڵ عێراق وەستاوە و، هۆکارى سەرەکیشە لە خۆڕاگرى بەغدا لە بەردەم تیرۆر و هەمووانیش دژى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیلەو، دژى هاتنى ئەوانین بۆ عێراق".
هاوکات کۆمارى ئیسلامی بە دووەم گەورە هەناردەکارى کاڵا بۆ عێراق دادەنرێت، لە پاڵ خۆراکى لەقووتوکراو و، ئۆتۆمبێل، بەغدا ڕۆژانە ١٣٠٠ مێگاوات لە کارەباو ٢٨ هەزار ملیۆن مەتر سێجاى غاز هاوردە دەکات.
دواى ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکانى تاران و واشنتۆن، بەغدا توانیویەتى هاوسەنگی لەنێوان هەردوو پایتەخت دروست بکات، ئەم هاوسەنگییەش تا ڕادەیەک بەدڵى بەرپرسانى ڕژێمى ئێران نییە، چونکە ناتوانێت هیچ خۆدزینەوەیەک لەو سزایانەى بەسەریدا سەپێنراوە ئەنجام بدات.