Skip to main content

خەڵاتى ئازادى ڕادەربڕینى ٢٠١٨ى دویچەولە درایە سادق زیباکەلام

دویچەولە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکراى کرد کە خەڵاتى ئازادى ڕادەربڕینى ٢٠١٨ى خۆى دەبەخشێتە سادق زیباکەلام مامۆستاى زانستە سیاسییەکانى ئێران و خەڵاتەکەش ١٢ى ژوئەن (٢٢ى جۆزەردان) لە شارى بۆن و لە مەراسیمێکى تایبەتدا پێشکەش بەم مامۆستاى زانکۆیە دەکرێت.
دویچەولە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکراى کرد کە خەڵاتى ئازادى ڕادەربڕینى ٢٠١٨ى خۆى دەبەخشێتە سادق زیباکەلام مامۆستاى زانستە سیاسییەکانى ئێران و خەڵاتەکەش ١٢ى ژوئەن (٢٢ى جۆزەردان) لە شارى بۆن و لە مەراسیمێکى تایبەتدا پێشکەش بەم مامۆستاى زانکۆیە دەکرێت.
posted onMay 3, 2018
nocomment


 

لە بەیاننامەکەشیدا لە پەسنى زیباکەلام وتراوە کە بەڕێزیان یەکێکە لە ناسراوترین شڕۆڤەگەرانى ئێران. دویچەولە نووسیویەتى کە چالاکییە سیاسییەکانى، "ئەم مامۆستاى زانکۆیەیان کردووەتە کەسایەتییەکى دیارى کۆمەڵى مەدەنى و ڕەخنەگرێکى جددى ئێران".

ئەم خەڵاتەى دویچەولە کاریگەرییەکەى زیاتر لەوەوە وەرگرتووە کە پاش ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانى ئێران گفتوگۆیەکى لەگەڵ زیباکەلام ئەنجام دا و تیایدا گوتى "ئەگەر ڕیفراندۆمێک لە ئێران ئەنجام بدرێت، زیاتر لە سەدا حەفتاى خەڵک نەخێر بە ڕێژیمى ئیسلامى دەڵێن"، هەر لەبەر ئەم قسانەى ١٨ مانگ بەند کرا.

پاش بیستنى پێدانى خەڵاتەکە، زیباکەلام بە دویچەولەى فارسى گوت "من زۆر شانازم کە ئەم خەڵاتەم پێ بەخشراوە. لە هەمان کاتدا هەست دەکەم زۆرێک لە ئێراندا هەن کە هەزاران جار شیاوتر و باشتر و لەبارترن لە سادقى زیباکەلام. واتە بۆ ئازادى ڕادەربڕین و بنەماى ئازادى ڕادەربڕین هەزار جار زیاتر لە سادقى زیباکەلام قوربانییان داوە و تێکۆشاون".

زیباکەلام باسى کەسایەتییگەلێکى کردووە کە خۆزیەى خواستووە خەڵاتەکە بەوان بەخشرابایە وەک نێرگس محەمەدى، عەبدولفەتاح سوڵتانى، نەسرین ستوودە، و "ئەگەر من بمەوێت ناوى کەسێک بەرم کە بەڕاستى شیاو و شایستەى وەرگرتنى خەڵاتى ئازادى ڕادەربڕین بێت، ئەو کەسە عەباس ئەمیرئینتزامییە کە ٢٧ ساڵى زیندانى سیاسى بوو".

سادقى زیباکەلام لە گفتوگۆیەکى پێشووترى لەگەڵ دویچەولە گوتبووى "خەڵکى ئێران هەر لە ڕووناکبیران و ڕۆحانییەکانییەوە بگرە تا خوێندەواران و دەستەبژێرەکانى ـ لە بزووتنەوەى مەشرووتە بەملاوە ـ زۆرێکیان تەنیا بە تاوانى (لە ١١٠ ساڵى ڕابردووەوە) جیاوازبیرکردنەوە لە حکومەت زیندانى کراون، تەنیا تاوانیان ئەوە بووە کە ویستوویانە قسە بکەن و بیر بکەنەوە".

دویچەولە لە بەیاننامەکەى خۆیدا نووسیویەتى: زیباکەلام چەندین جار ڕەخنەى لە سیاسەت و ڕەفتارى باڵى توندڕۆى ئێران (باڵى خامنەیی) گرتووە و پەنجەى لەسەر پرسگەلى هەستیارى سیاسى نێوخۆیی و دەرەوەى ئێران و بەرنامەى ناوەکى حکومەت داناوە.

پیتەر لیمبۆرگ بەڕێوەبەرى دویچەولە گوتوویەتى: دویچەولە بۆ دەستوێڕاگەیشتنى زانیارى باوەڕپێکراو، بەردەوام نیگەرانى دروستکردنى پەیوەندییە لەگەڵ ئەو کەسانەى لەو وڵاتە دەژین کە ئازادى ڕاگەیاندن و ڕادەربڕینیان تێدا نییە. یەکێک لەو وڵاتانەیش ئێرانە و خەڵاتى ئازادى ڕادەربڕینى دویچەولە بۆ هەڵنان و پاڵپشتى کۆمەڵى مەدەنى ئێران و لە هەمان کاتیشدا بە نیشانەى ڕەخنەگرتنە لە بڕیارەکانى حکومەتى ئێران بۆ سزاکانى زیباکەلام لەبەر ڕوانگەکانى.

ئەم بەڕێوەبەرەى دویچەولە پێداگرى کردووەتەوە کە میدیاکەیان درێژە بە هەوڵەکانى خۆى دەدات بۆ گەیاندنى هەواڵ و زانیارى دروست و باوەڕپێکراو بە خەڵکى ئێران، "تەنانەت ئەگەر هەموو کەناڵەکانى پەیوەندیش ببەستن". بە بڕواى پیتەر، "دەبێت دەوڵەتى ئەڵمانیاش لە ڕێوشوێنە دیپلۆماتیکەکانى خۆى لەگەڵ ئێران کار لەسەر لابردنى ئەم لەمپەرانە بکات".

خەڵاتى ئازادى ڕادەربڕینى دویچەولە بە کەسانێک یا ئەنجوومەنەیلێک دەدرێت کە هەوڵێکى دیار دەدەن بۆ بەرگرى لە مافى مرۆڤ و ئازادى ڕادەربڕین. ئەم خەڵاتە لە ساڵى ٢٠١٥ى زایینى و بۆ یەکەم جار بەخشرایە ڕائیف بەدەوى، وێبلاگنووسى سعوودى. براوەى خەڵاتى ٢٠١٦یش درایە سێدات ئەرگینى سەرنووسەرى ڕۆژنامەى حوڕیەتى تورکى. ساڵى ڕابردووش بەخشرایە ئەنجوومەنى بڵاوکراوەکانى کۆشکى سپى.

خەڵاتى ئەمساڵى دویچەولە هاوکاتە لەگەڵ شەست و پێنجەمین ساڵى چالاکى ڕاگەیاندنى دویچەولە کە لە بانەمەڕى ١٩٥٣ دەستى پێ کرد. دویچەولە، سادقى زیباکەلامى بۆ شارى بۆن بانگهێشت کردووە. خودى زیباکەلام بە دویچەولەى گوتووە "هیوادارین بەرپرسان ڕێگەم پێ بدەن. بەڵام ئەگەرى ئەوە هەیە کە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى بە بیانووى حوکمى دادگا و هەندێک تێبینى دیکە ڕێگەى سەفەرکردنم بۆ ئەڵمان پێ نەدەن تا خەڵاتەکە وەربگرم. کچەکەم لەیلا زیباکەلام دەناسێنم و بۆ وەرگرتنى خەڵاتە وەک نوێنەرى باوکى دەینێرێم بۆ بۆن".