Skip to main content

بە ئاشکرابوونى سیخوڕەکانى کۆمارى ئیسلامی ئەوروپا توڕەیە

بە ئاشکرابوونى سیخوڕەکانى کۆمارى ئیسلامی ئەوروپا توڕەیە
posted onJanuary 19, 2019
nocomment

 

ولفگانگ ئیشینە،. دیپلۆماتی پێشووی ئاڵمان لە واشنتۆن ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی بە هەوڵە سیخوڕییەکانی فیشەک بە خۆیەوە دەنێ و هەوڵەکانی ئەوروپا بۆ ڕزگارکردنی بەرجام بێ ئەنجام دەکاتەوە.

 

ئیشینە وێرای مەحکومکردنی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سیخوڕیکردن لە نێو سوپاى ئاڵمان گووتی: ڕژیمی ئێران دەبێ بە پێی پێویست زیرەک بێ کە بزانێ هەوڵی لەو چەشنە وەک ئەوە وایە فیشەک بە لاقی خۆیەوە بنێ ئەویش بە هۆی ئەوەی خەسار دەگەیێنێت بە هەوڵەکانی یەکیەتی ئەوروپا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام.

ڕۆژی سێ شەممە ٢٥ی بەفرانبار دادوەری گشتی ئاڵمان ڕایگەیاند کە کەسێکی بە ڕەچەڵەک ئەفغانی بە تاوانی سیخوڕیکردن لە نێو ئەرتەشی ئاڵمان بۆ کۆماری ئیسلامی قۆڵبەست کردووە. ڕۆژی ٢٧ی بەفرانباریش ڕۆژنامەی ئاڵمانی زود دویچە بە بڵاوکردنەوەی وردەکاری نوێ لە قۆڵبەستکرانی ئەو کەسە کە ناوی عەبدولحەمید.س تەمەن ٥٠ ساڵانە، ئەو کەسەی بە سیخوڕ لە نێو سیخوڕاندا نێوزەد کرد.

بە پێی ڕاپۆڕتی ئەو ڕۆژنامەیە ئەو سیخوڕە لە یەکەیەکدا خەریکی کارکردن بووە کە قسە دووژمنکارانەکانی گوێداوەتێ و  چالاکی ئیزگەکانی دوژمنی تێک داوە. زود دویچە نووسیویەتی: بەرپرسی هەڵسەنگاندنی زمان، بە تایبەت بەرپرسی وەرگێڕانی زانیارییە کۆکراوەکان لە شوێنی ئەرکەکەی خۆی بووە.

ماڵپەڕی ئیشپیگێل ڕۆژێک پێشتر نووسیبووی کە کەسە قۆڵبەستکراوەکە دەستی بە کۆمەڵیک زانیاری هەستیار بە تایبەت سەبارەت بە چالاکییەکانی ئاڵمان لە ئەفغانستان ڕاگەیشتووە و لە چەند ساڵ لەوە پێشەوە هاوکاری لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانی ئێران کردووە.

دوای ئەوە عەبدولحەمید. س. وەکو تاوانبارێک چاوی هاتە سەر و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ژێر چاوەدێری دابوو تا ئەو کاتەی ساڵی ٢٠١٨ بڕیاڕی قۆڵبەستکرانی دەردەچێت. ناوبراو سێشەممە ١٦ی بەفرانبار نێردراوە بۆ دادگای بۆ ئەوەی لیکۆڵینەوە لەگەڵ دۆسیەکەیدا بکرێت. بە پێی ڕاپۆڕتی ڕێکخڕاوی ئەمنیەتی نێوخۆیی ئاڵمان، ڕیکخڕاوە سیخوڕییەکانی ئێران بۆ سیخوڕیکردن و دژایەتیکردنی ئۆپۆزۆسیۆنی ئەو وڵاتە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران کار دەکەن و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕۆڵی سەرەکی لەو پرسەدا دەگێڕێت.

چالاکی دەزگا سیخوڕییەکانی ئێران لە ئەوروپا لە ماوەیەک لەوە پێشەوە بووەتە هۆی نیگەرانی ڕێکخڕاوە ئەمنیەکانی ئاڵمان. ئێستا چەندین دۆسیەی کۆماری ئیسلامی بە تاوانی هەوڵدان بۆ تیرۆری دژبەرانی کراوەیە.