Skip to main content

ئێرە تارانە بە کاتی فاشیزم!

ئێرە تارانە بە کاتی فاشیزم!
posted onJanuary 8, 2019
nocomment

 

تاران زۆر زیرەکانە بازنەیەکی ناوەند ـ دەوروبەر (مەرکەز پیراموون)ی دروست کردووە کە دەوروبەر بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە دەبێتە هێز بۆ لەسەرپێمانەوەی کۆڵەکەکانى دەسەڵات و پێگەی دەسەڵات کە دەبێتە ئەو کووچە و گەڕەک و کۆڵان و دێهات و شارانەی دەنگ بە بەردەوامی ئەو دەسەڵاتە دەدەن کە لە بنەڕەتدا بە ناوچەی ڕەواپێدانى دەسەڵات دەناسرێتەوە.

پێوەندییەکی دیالکتیکی لە نێوان زێهنی تاک و کۆمەڵگە و دەسەڵاتی فاشیستدا بە ئاراستەی چاپیدەن (سادق هیدایەت گووتەنی) هەیە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هەر سێ تەیفی مەلای بازاڕی، ئاخوندی نێو دەسەڵاتی بازرگان و تەیفی ناسیۆنالیست میانەڕەوی ئیسلامیی فاشیست بۆ بەڕێوەبردنى ئەو دۆخە بە ئیزافەی سوپای پاسداران کە ئیدی لە کۆنتڕۆڵی مەلای بازاڕیش دەرچووە و  جەمسەرى هەرە بەهێزی ڕانتی سیاسی و ئابووری ئێران پێک دێنن، تێکڕا بوونەتە هەشتپێیەک و دەست و پێیان خەریکی لەنێوبردن و وێرانکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچستان و گیلان و مازندەران و عەرەبستان و ..... ـن.

چەندین ساڵە مافیای گرێدراو بە تاران، لە ناوچەکانی باکوورى ئێران و لە نێو گەلی مازنی و گیلەکی خەریکی تاڵانی گەورەترین سەرمایەکانی ئەو دەڤەرن کە دارستانەکانن. لە لایەکی دیکە لە سیستان و بەلوچستان مافیای خۆڵ خەریکە گەلی بەلوچ بێ نیشتیمان دەکات و پەڕیوەی تاران و ئەو دەوروبەرەیان دەکات کە وەک هیلالی پاراستنی دەسەڵات دەناسرێتەوە و بەشێک لە ناوچە ئازەرینشین و هەموو سڵاتی فارس دەگرێتەوە.

لە ئەهواز و خوزستان نەوت دەبێتە سوپاپی ئەمنیەتی زیندوومانەوەی ئابووری نیزام و ئەوەی بە نەسیب خەڵکەکە دەبێت تەنیا نەخۆشی و ڕۆچوونی زەوی و کرێکارانی دەرەجە دە و یازدەبوونە بە بێ ئەوەی هیچ ئیمتیازێکی تایبەت بۆ خەڵکی عەرەبی ئەو ناوچانە لەبەر چاو بگێردرێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماتەوزەی ڕەگى بوومەلەرزەی تاران بە تاڵ دەکرێت و منداڵ و شار و گووندی کرماشان دەبنە بەڵاگێڕەوەی ناوەندنشینان. هەزاران مرۆڤی کورد ناچار بە کۆچ دەکرێن و ئەوی دەشمێنێتەوە دەبێ ببنە ئێشکگر و لە ترسی هاتنی بوومەلەزرە دەستکردەکانی تاران دوو ساعەت دوو ساعەت ئێشک دەگرن!

دارستانەکانی ڕۆژهەڵات شەلم کوێرم نابوێرم دەکەونە بەر ڕەحمەتی چەقۆی هەسانلێدراوی سوپای پاسدارانی نوێنەری ڕاستەقینەی ناسیۆنالیزمی فارس و ئێرانی پڕ شکۆیان لە تاران و قەزوین و مەشهەد واتا پێ دەدەن! ئاوی کوردستان و باکوور و هەموو ناوچەکانی ئێران ڕێگایەکی بەرەوە تاران و هێلالی ناوەند بۆ دەکرێتەوە و چۆڵکردنی هەرێمی ژیانی گەلانی ژێردەست هێدی هێدی دێتە دی!

ئاسەوارە مێژووییەکان دەدزرێن و سەر لە مۆزەکانی تاران دەردێنن، هەڵبەت کوردی دۆڕاویش، کوردی لە ناسنامە تەکاویش دەبێتە بەسیجی کونجکۆڵی و کەلێن و قوژبنی ئەو وڵاتەیان بۆ دەداتەوە و دەریغ لە هێشتنەوەی مووروویێک سبەی بە کوڕەکانی خۆیانی نیشان بدەن و پێیان بڵێن پێش ئێمەش بە زۆر نا بە پێنجسەد ساڵ باب و کاڵمان لێرە ژیاون!

 

کۆچی نەرم

 کۆچپێکردن و خاڵیکردنی ئەو ناوچانە لە خەڵکی خۆوڵاتی و ڕکێشکردنیان بەرەو ناوەند و تواندنەوەی یەکجارەکییان لە نێو فەرهەنگی سەردەستدا، خاڵی کۆتایی جێبەجێبوونی ئەو پڕۆژەیە. لێرەدا تانک و تۆپ ڕۆڵ ناگێڕێت و ئەوەی ڕۆڵ دەگێڕێت حساب و کیتابی جوگڕافیایی و ژێئۆپۆلیتیکیە و بە پڕۆژەی کۆچی نەرم هاوکات سەروەت و سامانی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران تاڵان دەکەن و خۆبەخشانە هەموو نەتەوەکانی ئێران بەرەو قەتڵگای یەکجاری کە دەبێتە ناوەند پەلکێش دەکرێن!