Skip to main content

جانتاکەى جان بۆڵتن لە ئیسرائیل و تورکیا چى تێدا بوو؟!

جانتاکەى جان بۆڵتن لە ئیسرائیل و تورکیا چى تێدا بوو؟!
posted onJanuary 7, 2019
nocomment

 

ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی ترامپ سەبارەت بە تاووتوێکردنی چەند پرسێکى گرنگى ئەمریکا و ئەو وڵاتانە و ناوچەکە، سەردانی ئیسرائیل و تورکیاى کرد و لە ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی و بڕیاریشە لە تورکیاش لەگەڵ وەزیرى بەرگرى تورکیا (حولوسى ئاکار) و وەزیرى دەرەوەى تورکیا (مەلوود چاووش ئۆغڵۆ) و سەرۆکى میتى تورکیا (هاکان فیدان) کۆ ببێتەوە.

 

بۆڵتن گەیشتە ئیسرائیل:

بۆڵتن گەیشتە ئیسرائیل

بە پێی سەرچاوە ئاگادارەکانى ئیسرائیل، ئەو شاندەى ئەمریکا کە لە جان بۆڵتن ڕاوێژکارى ئەمنیەتى نەتەوەیی دۆناڵد ترامپ و جۆزیف دونفۆرد سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا و جەیمس جێفری وه‌ك نوێنه‌ری تایبه‌تی هاوپه‌یمانی جیهانی کە له‌ شوێنی برێت مه‌كگۆرك دانراوه‌ پێک هاتبوون، لە ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى ئەو وڵاتە بنیامین نەتانیاهۆ کۆ بووەوە.

بە پێى زانیاریی ڕاگەیاندنەکانى ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەکەدا باسى چوونەدەرەوەی هێزەکانى ئەمریکا لە سوریە کراوە کە هەموو هێزەکانی ئەو وڵاتە ناگرێتەوە و واشنتۆن چەند یەکەیەک لە هێزەکانی خۆى لە نێو خاکى سوریە دەهێڵێتەوە. بە پێى زانیارییەکان، ئامانجیش لە هێشتنەوەی ئەو هێزانە:

یەکەم: دڵنیابوون لەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر کوردەکانی ئەو وڵاتە نییە.

دووهەم: ڕێگەگرتن لە هێزەکانی بەشار ئەسەد بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی خەڵکی وڵاتەکەى.

بە پێی ڕاپۆڕتێک کە ئەوڕۆ دووشەممە بڵاو بووەتەوە،  سوپاى ئەمریکا کاروانێکی زۆری چەک و چۆڵى بۆ کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان ناردووە. هەر ئەمشەو بوو کە دۆناڵد ترامپ سەرکۆمارى ئەمریکا لە تویتێکیدا نووسى "ئێمە بە خێراییەکى دروست هێزەکانمان لە سوریە دەکێشینەوە. ئەمە لەگەڵ ئەوەدایە کە درێژە بە شەڕ دژى داعش دەدەین و هەر شتێکیش باش و پێویست بێت دەیکەین".

 

بۆڵتن گەیشتە ئەنکەرە:

بۆڵتن لە تورکیا

لە هەمان کاتدا ئەوڕۆ جان بۆڵتن ـى ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا سەردانی ئانکەرەی کرد  کە دەگوترێ هۆکاری ئەو سەردانە دڵنیابوونی ئەمریکایە لەوەی تورکیە هێرش ناکاتە سەر کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

لەم سەردانەى بۆڵتن و شاندەکەى کە لەگەڵ وەزیرى بەرگرى تورکیا (حولوسى ئاکار) و وەزیرى دەرەوەى تورکیا (مەلوود چاووش ئۆغڵۆ) و سەرۆکى میتى تورکیا (هاکان فیدان) کۆ دەبێتەوە، پرسى سەرەکى سوریا و کوردەکان و ئێران دەبێت و دەشگوترێت دەوڵەتی تورکیە ترسی ئەوەی هەیە کوردەکانی ڕۆژئاوا دوای بەدەستهێنانی ئەزموونێکی زۆر لە شەڕی دژی داعش بپەڕنەوە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی باکوری تورکیە و دژی سوپاى ئەو وڵاتە چالاکی سەربازى ئەنجام بدەن.

شایانی باسە سەرکۆماری ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابڕدوودا چەندین جار ئەوەی ڕاگەیاندووە کە تورکیە دەتوانێ جێگەی بە تاڵی هێزەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعشدا بگرێتەوە و سەردانی بۆڵتۆن بۆ تورکیە بۆ دڵنیابوون لەوەیە کە تورکیە دەست نەکات بە تۆڵەکردنەوە لە کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان.

بە پێى ئەو زانیارییانەى کە لە نێو میدیا ئەمریکییەکان بڵاو بووەتەوە لەسەر سەفەرەکەى جان بۆڵتن بۆ تورکیا، باس لەوە دەکرێت کە "بۆڵتن جانتایەکى پێیە کە نەخشەیەکى نوێى سوریاى تێدایە"، هەروەها دەشڵێن "لەنێو جانتا ئەمریکییەکەى بۆڵتن و شاندەکەى، نەخشەڕێگەیەکیشى تێدایە دژى ئێران" و پرس و چەقى باسى گەرمى دانیشتنەکانى نێوان شاندەکەى ئەمریکا بە سەرۆکایەتى بۆڵتن لەگەڵ تورکیا و پێشتریش لەگەڵ ئیسرائیل، "سوریا و ئێران" بووە.

هەروەها ڕۆژنامەکانى تورکیا لەسەر سەردانى شاندەکەى ئەمریکا بۆ تورکیا دژکردەوەى جیاوازیان بڵاو کردەوە. بۆ نمونە ڕۆژنامەى ئەڤرەنسەر بڵاوى کردووەتەوە کە "بڕیارەکەى ترامپ بۆ کشانەوەى هێزەکانى لە سوریا، دۆخەکەى ئاڵۆز و دەستى تورکیاى لەو وڵاتە لاواز کردووە"، هەروەها ڕۆژنامەى بیرگون نووسیویەتى کە "بۆڵتن لە ئیسرائیلەوە پەیامى خۆى بۆ تورکیا نارد. تورکیا، بە هەماهەنگى لەگەڵ ڕوسیا و ئێران لە ئەمریکا و ناتۆ دوور کەوتووەتەوە".

زۆرێک لە شڕۆڤەکارانى سیاسىش دەڵێن "شانده‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا، تاوتوێی به‌رگری و فرۆشتنى پاتریۆت و په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان و شەڕى سەر سنوورى تورکیا و سوریا و به‌تایبه‌تیش پرسی منبج و سووریایان کردووە".