Skip to main content

🔺 میسان، خاڵى ململانێی میلیشیاکان

🔺 میسان، خاڵى ململانێی میلیشیاکان
posted onFebruary 13, 2022
nocomment

🌐  ئاڤاتودەی

▪️ ڕووداوەکانى ئەم دواییەى پارێزگاى میسان لە باشوورى عێراق، چەندین کەیسى مەترسیدار و شاراوەى ئەو شارەى دووبارە هەڵدایەوە، بەتایبەت لە پرسى بارزگانى بە ماددە هۆشبەرەکان و دەسەڵاتى میلیشیا چەکدارە شیعەکانى ئەو ناوچەیە.

تیرۆرکردنى دادوەرێک پێوەندیدار بەکەیسى ماددە هۆشبەرەکان و ململانێی عەشایری، دواتر ئاڵۆزبونى بوونی ڕەوشى بەتیرۆر کردنی لەنێو دوو گرووپی سەرەکی میلیشیاکان، کاردانەوەیەکى میللی گەورەى بەدواى خۆیدا دروستکردووە.

پارێزگاى میسان، لەلایەن هەردوو گرووپی چەکداری ڕەوتى سەدر، بەسەرۆکایەتى موقتەدا سەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق، بەرابەرایەتى قەیس خەزعەلی، پاوانخوازیی تێدا کراون، هەردوو گرووپەکەش بەجۆرێک لەجۆرەکان بەپیاوانى رژێمى ئێران دادەنرێن.

زنجیرە تیرۆرەکان لەکوشتنى ئەفسەرێکى وەزارەتى ناوخۆ دەستى پێ کرد، کە براکەی سەرکردەیەکى عەسائیبە، لەبەرامبەریشدا دادوەرێک نزیک لەڕەوتى سەدر تیرۆر دەکرێت، کە لەسەرەتاى ٢٠١٩ ـەوە دەستى پێکردووە و تا شەشى شوباتى ئەمساڵ بەردەوامیی هەبووە.

لەو سەروبەندەش شانەى راگەیاندنى ئەمنی لە ١٢ شوبات ئاشکراى کرد تومەتبارێک بەناوى (حەسەن تەراد غەلیم) دەستگیر دەکات، بەگووتەى خۆى " بەرپرسى چەندین کردەوەى تیرۆر کردن و ڕفاندن بووە لەو پارێزگایە".

ئەو شەڕ و کردەوە ئەمنییەى لەو شارە چەند رۆژە بەخۆیەوە بینیوە، لەپرێکدا دروست نەبووە، بەڵکو سەرەتاکەى بۆ ٢٠٠٣ دەگەرێتەوە و تاوەکو ئەمرۆش درێژەى هەیە.

لەلایەن خۆیەوە مەجید زوبێدی، چالاکوانى ئەو شارە بەماڵپەری (ئەڵترا عێراق) ڕایگەیاندووە "لایەنى ململانێیەکان ناسراون چ لە سەر ئاستى ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستى حکوومی، بەڵام کەس ناوێری ناویان بهێنێت، چونکە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە".

زوبێدی لەدواى خۆپێشاندانەکانى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩ لەو پارێزگایە هەڵاتووە دەڵێت "شەڕو پێکدادانەکان بەهۆى کێشەى دابەشکردنى دەستکەوتەکانە، بەتایبەت لەسەر دەروازەى شەیبی سنووری کەمیسان بەئێران دەبەستێتەوە".

دووپاتی دەکاتەوە " هەموو حیزبەکان لەو دەروازەیە پشکیان هەیە و میلیشیای حیزبەکانیش بازرگانى ئاسن و کەرەستەى بیناسازی و خواردەمەنى لەنێوخۆیاندا دابەش دەکەن".

ئەو چالاکوانە ئاشکراى دەکات " هەر ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگر بێتە شارەکەوە بەبیانووی گەراجانە نزیکەى ٥٠٠ هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، کە لەلایەن میلیشیاکانەوە بەسەر بارزگانەکان سەپێنراوە، ئەگەریش نەیدەن، تایەکانیان دەتەقێنن".

بەپێی ڕاپۆرتە بنکۆڵیینەکانى چەندین دامەزراوە فەرمییەکان و نافەرمییەکان نزیکەى سەدا ٦٥ بۆ سەدا ٨٠ داهاتى ئەو دەروازەیە وون دەبێت و لەنێوان میلیشیاکان و هۆزەکانى ناوچەکە دابەش دەکرێت.

شەڕی سەدرییەکان و گرووپى عەسائیب بەپلە یەکەم ئابوورییە، لەوەى سیاسی بێت، چونکە جەنگی ملیارەها دینارە، نەوەک فلسەکان.

تەنهاش لەسەر ئەو دەروازەیە شەڕ نیە، بەڵکو هەموو بستێکى ئەو شارە لەنێو میلیشیاکان دابەشکراوە و بەرتیل و خاوە لەخەڵک و حکومەتیش وەردەگرن، چەندین بازاڕ و شوێنى گشتى دەستى بەسەردا گیراوە و کەسیش ناتوانێت بەرامبەر ئەو گرووپە میلیشیانە بوەستێت.

زۆربەى پەنجەکانى تاوانیش بۆ سەدر و خەزعەلی درێژ دەکرێن، چونکە ئەو دوانە دوو گرووپی گەورەى پاوانخوازیین لەشارەکە، بەجۆرێک پارێزگاری شارەکە لەلایەن سەدرییەکانەوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام هیچ کارێکی دژى وەستاندنى ئەو دەستدرێژییانە ئەنجام نەداوە.

چالاکوانان لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەروونى ئاشکرایان کردووە، ئەو کەسەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەتومەتى سەرپەرشتى کردنى گرووپی تیرۆر دەستگیر کراوە، یەکێکە لەسەرکردەکانى عەسائیب، بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە کەپەیوەندیی بەو گرووپە میلیشیاییەوە هەبێت.

عەسائیبەکان بۆ ئەوەى خۆیان لەو کردەوەیە بێتاوان دەرکەن، غەلیمیان کردووەتە مەڕی قوربانی و چاوەڕوانیش دەکرێت بزانرێت سەدرییەکان کێ دەکەنە قوربانى ئەو ململانێیە بۆ ئەوەى ڕەوشەکە بەشێوەیەکى کاتى هێور بکەنەوە.

بۆیە ئەوەى عەسائیب بەدەسەڵاتى بەخشیوە وەک تومەتبار، لەبنەڕەتدا کەسێکى بچووکن خەڵکى میسان دەڵێن ناوی گەورەتر و کەسایەتى بە دەسەڵاتتر سەرپەرشتى ئەو کارە دەکات، تەنها ناوێک مەبەستى پەردەپۆشکردنى کردەوە قێزەوەنەکانیانە.

چونکە زۆربەى کارمەندانى دەزگا ئەمنییەکان لایەنگری عەسائیب و رێکخراوی بەدرن، نایانەوێت پرۆسەکە بگاتە ئاستى تەقینەوە، بەڵکو لەنێویان پرۆسەکە پەردەپۆش دەکەن.

بۆیە ئەوەى ئێستا عەسائیبەکان دەیکەن، تەواوکردنى ئەرکەکانى رێکخراوى بەدرە، کە لەدواى ٢٠٠٥ ـەوە شکستى هێنا، لەسنووردار کردنى سەدرییەکان لەکۆنترۆڵکردنى شارەکە.

هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، میسان جگە لەوەى هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، تاران دەیەوێت لەرێگەی ئەو شارەوە زۆربەى کەرەستە و بازرگانییەکانى خۆی بۆ نێوخۆی عێراق ڕەوانە بکات و میلیشیاکانیش بە بێ فیتى سوپاى قودس تواناى هەڵگیرساندنى کرەوەى لەو جۆرەیان نیە.