Skip to main content

میلیشیاکانى کۆمارى ئیسلامى هێرشەکانی سەر ئەمریکایان چڕتر کردووەتەوە

میلیشیاکانى کۆمارى ئیسلامى هێرشەکانی سەر ئەمریکایان چڕتر کردووەتەوە
AvaToday caption
posted onJuly 8, 2021
nocomment

ڕۆژ نییە عێراق و هەرێمى کوردستان شاهیدى گرژى و ململانێ و هێرشى ڕاستەوخۆى سەربازى و تیرۆریستى سەربازەکانى ئەمریکا و میلیشیا شێعەکانى سەر بە سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى نەبن. لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوو چەندین هێرش لە هەردوو لاوە ڕووى داوە و ئاسمانى هەرێم و عێراق شاهیدى موشەک و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى بۆمبڕێژکراوى میلیشیا شێعەکان و ئەکتیڤبوونى سیستەمى بەرگرى ئەمریکا بووە.

 

پێنج هێرش لە هەفتەیەکدا:

بەرەبەیانی ڕۆژى سێشەممەى ئەم هەفتەیە، بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بەڵام بە هۆى بوونى سیستەمی بەرگریی مووشەکیی باڵیۆزخانەکە، خەسارەکە کەم بووە و عێراق و ئەمریکا پێیان وایە ئەم هێرشە زۆر گەورە بووە و بێ وێنە بووە  کە کراوەتە سەر باڵێۆزخانەى ئەمریکا لە ناوچەى سەوزى بەغدا و یەکەمجاریشە سیستەمى دژە موشەکییەکە بەم شێوەیە و بۆ ماوەیەکی زۆر مووشەکەکانى پووچەڵ کردووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممەش کاتژمێر ١٠:١٥ خوولەکى بەیانی، لە رێگەی درۆنى بۆمبڕێژکراوەتەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی عومەر لە پارێزگای دێرەزووری سووریا کە لە بن دەستى هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەمریکایە و سەربازێکى زۆرى ئەمریکای تێدا جێگیرە و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانى لێ نەکەوتووەتەوە.

هەر لە هەمان ڕۆژ و کاتژمێر ١٢:٣٠ى نیوەڕۆ، بە ١٤ مووشەک هێرش کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبارى عێراق و سیستەمى بەرگرى چالاک بووە و زۆرێک لە مووشەکەکانى خستووەتە خوارەوە و چەند دانەیەکیشیان کەوتوونەتە نێو بنکەکە و بە هۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.

مووشەکەکانیش بەر ئەو بەشەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد کەوتووە کە هێزە عێراقییەکانی تێدایە و یەکێک لە مووشەکەکان بەر مزگەوتێک کەوتووە، دوو ماڵی دیکەش کە شوێنی حەوانەوەی هێزە عێراقییەکانە خەسارى پێ کەوتووە و ئەو ئۆتۆمبێلەی کە مووشەکەکانی لێوە تەقێنراوە، تەقیوەتەوە.

ئەمە چەندەمین هێرشى سەر بنکەکەیە لە چەند مانگی رابردوو

پێشتریش بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەددین هێرشى کرایە سەر، هەر ئەمەش بووە هۆى ئەوەى کە کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمریکی کە لە بنکەکە فڕۆکەکانی ئێف ١٦ى چاک دەکردنەوە و نۆژەنی دەکردنەوە هەموو کارمەندانی خۆی لە بنکەکە کشاندەوە.

شەوى چوارشەممەش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر کە تەنیا سێ کیلۆمەتر لە کۆنسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا دوورە، بەڵام خەسارى نەبووە و تەنیا پووش و پەڵاشى سووتاندووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەش، دوو مووشەک نران بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بەڵام سیستەمی دژەمووشەکی باڵیۆزخانەکە یەکێک لە مووشەکەکانی تێکشکاند و ئەوی دیکەشیان کەوتە خوارەوە.

 

کەتائیبی سەیدولشوهەدا

ئەم هێرشانە کێ ئەنجامیان دەدات؟

  ئەبو ئالا وەلائی فەرماندەی کەتائیبى سەیدولشوهەدای سەر بە حەشدی شەعبی کە میلیشیایەکى شێعیە و لە کۆمارى ئیسلامى نێزیکە، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەى لە هێزەکانی ئەمریکا کرد کە لە ٢٧ى حوزەیرانى ٢٠٢١ى زایینى لەسەر سنووری عێراق ـ سووریا و لە تۆڵەى جموجۆڵە سەربازی و تیرۆرۆستییەکان میلیشیا شێووییەکان، هێرشى کردە سەر سوپاى قودسى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى و حیزبوڵاى عێراقى و کەتائیبی سەیدولشوهەداى حەشدى شەعبی و کۆگاى چەک و تەقەمەنییەکانیان تەقێنرانەوە و ٤ کەسیشیان کوژران.

ئەم فەرماندەیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس رایگەیاندووە: "هێزەکانمان لەسەر هەموو شەقامێک و لە نزیک هەموو سەربازگەیەکی ئەمریکا هەن، لە ئاسمان بێت، لەسەر وشکانی بێت، لە دەریا بێت، لە هەرێمی کوردستان بێت، لە هەر شوێنێک بێت، پەیمانمان داوە تۆڵە لە ئەمریکا بکەینەوە. ئێمە نە تەنیا لە عێراق، بەڵکو دەتوانین لە ئوردن، لە کوردستان، لە سعودیەش ئەو شەڕی ئەمریکا بکەین، دەتوانین لە هەموو شوێنێک لێیان بدەین. ئێمە پەیمانی تۆڵەسەندنەوەمان داوە. لە دەستەی هاوئاهەنگی لەنێو هەموو یەکەیەکی بەرگری تۆڵە دەکەینەوە".

کەتائیب سەیدولشوهەدا، میلیشیایەکى شێعیە و لە ساڵى ٢٠١٣ى زایینى لە عێراق دامەزرێندران و بەردەوام لەگەڵ کەتائیبەکانی حیزبوڵا و بزووتنەوەی نوجەبایە، هێرش دەکەنە سەر ئەمریکییەکان لە عێراق و سوریە و چەندین جاریش هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەى هەولێرى نێودەوڵەتى بە بیانووى ئەوەى ئەمریکییەکانى تێدا جێگیرە.

ئەم گرووپ و میلیشیایانە لە لایەن سوپاى قودسى لقى دەرەوەى سووپاى تیرۆریستى پاسدارانەوە پاڵپشتى ماددى و سەربازییان لێ دەکرێت و لە کاتى کوشتنى گەورە تیرۆریست قاسم سولەیمانى چەندین جار هێرشیان کردە سەر ئەمریکا.

 

مستەفا کازمی

هەڵوێستى عێراق لە ململانێى ئەمریکا و ئێران: 

مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەى ململانێکانى ئەمریکا و کۆمارى ئیسلامى لە عێراق و هێرشە بەردەوامەکانى میلیشیا شێعییەکان بۆ سەر ئەمریکا و گورزوەشاندنى ئەمریکا لێیان لە عێراق و سنوورى عێراق و سوریە، هاتە دەنگ و داوای لێ کردن ململانێی نێوانیان لە عێراق دوور بخەنەوە.

مستەفا کازمی لە گفتەگۆیەکى لەگەڵ ڕۆژنامەی "لاریبوبلیکا"ی ئیتالی گوتى "داوامان لە ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان کردووە دوور بکەونەوە لە یەکلاکردنەوەی پرسەکانی نێوانیان لە عێراق، چونکە ساڵانێکە عێراق گۆڕەپانێک بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێ؛ بۆیە دەبێ ڕێگەی گفتوگۆی سیاسی هەڵبژێرین بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانمان."