لە بەیاننامەیەکى فەرمى کەتائیبی حیزبوڵا هاتووە کە کاتژمێر ٢ى سەرلەبەیانى دوێنێ ٢٧ى حوزەیرانى ٢٠٢١ى زایینى، فڕۆکە شەڕکەرەکانى ئەمریکا هێرشیان کردە سەر قەرارگاى تیپى ١٤ى حەشدى شەعبی و سوپاى قودسى پاسداران لە خاڵى سنوورى عێراق و سوریە.
دواى هێرشە ئاسمانییەکە بۆ سەر ئەو مۆڵگە سەربازییانە لە خاڵى سنوورى عێراق و سوریە، کەتائیبی سەیدولشوهەدا بە بڵاوکردنەوەى بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە لەم ڕووداوەدا چەندین کەس لە هێزەکانى کەتائیب کوژراون.
لە بەیاننامە فەرمییەکەى ئەم میلیشیایەدا هاتووە کە هێزەکانى ئەم تیپە لە ئامادەباشی تەواو و چاوەڕوانى فەرمانى فەرماندەیی گشتین بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکییەکان. کەناڵى ئەلجەزیرە لە زمانى سەرچاوە ئەمنییەکانى عێراقەوە بڵاوى کردەوە کە ٤ هێرش بۆ سەر ناوچەى ئەلحوڕە لە ئەلبوکەمالى سوریە لە نزیک پارێزگاى ئەنبارى عێراق ئەنجام دراوە و دواى ئەوەش چەندین تەقینەوە ڕوویان داوە کە بە هۆى تەقینەوەى ئەنبارەکانى تەقەمەنییەوە بووە.
ئەم کەناڵە لە زمانى سەرچاوەیەکى دیکەى نزیک لە حەشدى شەعبی بڵاوى کردووەتەوە کە بەلانى کەم ٤ کەس لە هێزەکانى کەتائیبی حیزبوڵا و کەتائیبی سەیدولشوهەداى سەر بە حەشدى شەعبی، لەم هێرشەى ئەمریکا کوژراون. ئەم کەناڵە لە سەرچاوەیەکى نێو کەتائیبی سەیدولشوهەدا گێڕاویەتییەوە کە ئەم هێزانە لە ئامادەباشیدان و لە ئێستا بە دواوە "شەڕێکى بێ ئەمان لەگەڵ داگیرکارى ئەمریکا ئەنجام دەدەین" و هەڕشەى ئەوەیان کردووە کە فڕۆکە ئاسمانییەکانى ئەمریکا لە ئاسمانى عێراقەوە دەکەنە ئامانج.
هاوکات بەرپرسێکى ئەمریکایی لە پنتاگۆن بە ئەلجەزیرەى گوتووە کە ئەم هێرشە "پەیامێکە بۆ ئێران و هێزەکانى سەر بە ئێران" و باسى لەوەش کردووە کە درێژەى هاوکارییە سەربازی و ماڵییەکانى ئێران بۆ ئەم گرووپانە کە هێزە ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج، "دەرەنجام و چارەنووسێکى خراپیان دەبێت".
کەناڵى ABC ى ئەمریکیش لە زمانى بەرپرسێکى ئەمریکییەوە بڵاوى کردوەتەوە کە ئەم هێرشانە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانى (F-15) و (F-16)ى ئەمریکا و بە مووشەکى زیرەک ئەنجام دراون و ئەم شەڕکەرلانە لە بنکەى ستادى ناوەندى ئەمریکاوە فڕیون بۆ ئەنجامدانى پلانەکە. ئەم بەرپرسە زیادیشى کردووە کە هێشتا ئامارێکى ورد لە زەرەرە گیانی و مادییەکان دیار نین و ئاشکرا نەکراون.
لە لایەکى ترەوە دیدەبانى مافى مرۆڤى سوریە باسى لەوە کردووە کە لەم هێرشەدا ٥ کەس لە هێزە میلیشیاکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى کوژراون و چەندین کەسى دیکە لەو هێزانە بریندارن. کەناڵى ئەلعالەمى سەر بە کۆمارى ئیسلامیش بڵاوى کردەوە کە لەم هێرشەدا ٣ کەس کوژراون و ٤ کەس بریندار بوونە.