Skip to main content

تێچووی ژیانی کرێکاران سێ هێندەى داهاتیانە

تێچووی ژیانی کرێکاران سێ بەرامبەری داهاتەکەیانە
داهاتی کرێکاران تەنیا ٣٣% تێچووەکانی ژیانیان دابین دەکا
posted onDecember 18, 2018
nocomment

 

لە کاتێکدا مووچەی مانگانەی کرێکارێکی ئاسایی لە ئێران یەک میلیۆن و ٣٧٥ هەزار تمەنە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێ بژیوی ژیانی لە مانگێک دابین بکات لانیکەم پێویستی بە مانگانە ٤ میلیۆن تمەن هەیە.

 

هەڵاوسانی ئابووری بە تایبەت لەسەر پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابڕدووە بە هۆی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکایی وای کردووە هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵە شارییەکان لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا ٥ ملیۆن تمەنە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمان ڕایگەیاندووە هێڵی هەژاری لە تاران ٢ میلیۆن و ٥٥٠ هەزار تمەنە. ئەو ئامارانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە پسپۆڕانى ئابووری سەربەخۆ ڕێژەی هەژاری ڕەها لە تاران بە ٦ ملیۆن دەخەمڵێنن.

لەو بارەوە ڕەسوڵ خزری نوێنەری پیرانشار و سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران چەند ڕۆژ پێش ڕایگەیاندبوو هێڵێ هەژاری لە شارە گەورەکان ٦ ملیۆن تمەن و لە شارە بچووکەکان ٤ ملیۆن تمەنە.

فەرامەرز تۆفیقی، نوێنەری کرێکاران لە ئەنجوومەنی بەرزی کار لە پێوەندی لە گەڵ دواهەمین دۆخی ژیانی کرێکاران ڕایگەیاندووە سەبەتەی بژێوی بنەماڵەکان لە سنووری ٥ ملیۆن تمەن تێپەڕیوە، سێ حەوتوو پێش ئێستا ئەو نرخە ٤ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەن بوو بەڵام بە چوونە سەری ئەو دواییەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان ئەو ڕێژەیە بۆ سەرووی ٥ ملیۆن تمەن بەرز بووە و ئەگەر بمانهەوێ بە وردی باسی بکەین لە ئێستا دا هێڵی هەژاری سنووری ٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەنی تێپەڕ کردووە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو نوێنەرەی کرێکاران گووتی بەشە هەژارەکانی کۆمەڵگە و بنەماڵە کرێکارییەکان بەو داهاتەی کە هەیانە تەنیا توانایی دابین کردنی ٣٣% تێجووی ژیانیان هەیە. لە لایەکی دیکە چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگەش مانگ بە مانگ دۆخی ژیانی ناهەموارتر بووە.

ڕێژەی پاشەکەوتی مانگانەی خەڵک لە چاوی ساڵی ڕابڕدوو بە شیوەیەک کە تەنانەت بۆ هەڵسەنگاندنیش نابێ کەمی کردووە و بنەماڵەیەکی شاری لە ساڵی ٩٧ دا تەنیا توانیویەتی یەک ملیۆن و ٧٩٧ هەزار تمەن پاشەکەوت بکات.

لە کاتێکدا بە ڕواڵەت داهاتی خەڵک لە ساڵی ٩٦ دا بە هەڵسەنگاندن لەگەل ساڵی ٩٥ دوو لەسەد زیادی کردووە بەڵام تێچوەکانی ژیان زیاتر لە ٧ لەسەد زیادی کردووە.