Skip to main content

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ئێران: سەرکوتکردنی هاووڵاتیانى کورد و بەلووچ خێراتر و توندتر بووە!

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ئێران: سەرکۆتکردنی هاووڵاتیانى کورد و بەلووچ خێراتر و توندتر بووە!
AvaToday caption
posted onJanuary 27, 2021
nocomment

 ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕێبەندان سەبارەت بە شەپۆلی گرتن و ڕفاندن و هەڵکشانی لەسێدارەدان لە کوردستان و سیستان و بەلوچستان هۆشدارى داواە و خوازیاری کاردانەوەی جدیتری ناوەندەکانى مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی جیهانییە بەرامبەر بەم شاڵاوە تازەی سەرکۆتکردنی لاوان و چالاکانى ئەم دوو گەلە گەورەیەى ئێران.

 

ئەم ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی پێنج هەفته‌ی ڕابردوو ڕێژەى لەسێدارەدانی هاووڵاتیانى بەلووچ زۆر بووە و لانیکەم ۱۹ بەلوچ لە بەندیخانەی  ناوەندی مەشهەد و بەندیخانەی ناوەندی زاهیدان لە سێدارە دراون.

به وتەی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ئێران هەر ئێستا زیاتر لە ١٢٤ بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ناوەندی زاهیدان  هەن کە حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە و لەسێدارەدانیان لە ئان و ساتدایە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە شاڵاوێکی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنی چالاکانى مەدەنى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و ژینگەیی کورد داوە و دەڵێت، ئەم دەستبەسەرکردنانە لە ڕۆژی۲۰ی بەفرانبار لە کەرەج، تاران، مەهاباد، رەبەت، نەغەده، بۆکان، مەریوان، سنە، سەقز و سەوڵاوا دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

 بە پێ ئەم ڕاپۆرتە، زیاتر لە ٨٠ هاووڵاتى کورد لەم سێ حەفتەیەى ڕابردوو دەستبەسەر کراون و شوێنى هێشتنەوەى زۆرینەیان نادیارە و هۆکارى دەستبەسەرکردنەکانیشیان تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، ئەوە بەدەر لەوەى کە هیچکامیان بە پێى بڕیارى دادوەر ئەنجام نەدراون.