Skip to main content

لە ڕۆژئاواى کوردستان میلیشیا و هێزەکانى سەر بە ئێران و تورکیە ئەندامانى جەستەى کوردەکان قاچاخ دەکەن

لە ڕۆژئاواى کوردستان میلیشیا و هێزەکانى سەر بە ئێران و تورکیە ئەندامانى جەستەى کوردەکان قاچاخ دەکەن
AvaToday caption
posted onJanuary 9, 2021
nocomment

سووریە بە دەست کۆمارى ئیسلامی و سوپاى تورکیە و هێزە توندئاژۆ ئیسلامییەکانى سەر بە تورکیە بووەتە وێرانەیەک و هەر ئەمەش واى کردووە کە زۆرێک لە شارە کوردنشینەکان کە بە جۆرێک خۆسەرین، تووشى کێشەى گەورە و تۆقێنەر بن.

 

ئەم ماوەیە لە عەفرین دەیان کەس تووشى دزرانى ئەندامەکانى جەستەیان بوونەتەوە و زۆرێک لەوانەى کە بۆ نەخۆشییەکى بچووکیش سەردانى نەخۆشخانەکانى عەفرینى کردووە، بەشێک لە جەستەیان دزراوە و دواتر لاشەکەیان دراوەتەوە بە بنەماڵەکەیان.

زیاتر لە دوو ساڵە کە پێشێلکاریی گەورەى مافى مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکان دەبینرێت بەتایبەت ئەوانەى کە نزیک و یا لە بن دەستى تورکیە و هێزە توندئاژۆکانین.

ئیبراهیم ئیبراهیم ڕۆژنامەنووسێکى عەفرینییە کە ڕاپۆرتێکى لە ماڵپەڕى "ئەحوال" بڵاو کردووەتەوە و باسى لەوە کردووە کە "لە سێ ساڵى ڕابردوو میلیشیا ئیسلامی و چەکدارە سوورییەکان بە هاوکارى تورکیە و کۆمارى ئیسلامى پێشێلکارییەکى گەورەى مافى مرۆڤیان لە عەفرین و ناوچە کوردنشینەکان ئەنجام داوە، هەر لە بڵاوکردنەوەى ترس و تۆقین لە نێو کوردەکان و دەستدرێژى و دەرکردنیان لەسەر زێدى خۆیان و جینۆساید و تێکدانى دیمۆگرافیاى ناوچەکە و بڕین و بردن و سووتاندنى دار زەیتوونە بەتەمەنەکانەوە بگرە تا دزین و تاڵانکردنى ماڵى خەڵک و ئاسەوارە کۆنەکانى ناوچە کوردییەکان و سووتاندنى ناوچە کشتوکاڵییەکانیان و ڕفاندن و کوشتنى چالاکان و ئێستاش دزین و بردنى ئەندامانى جەستەى خەڵک".

ئەم ڕۆژنامەنووسە باسى لەوە کردووە چەند ساڵێکە لە ناوچە کوردنشینەکان دەست کراوە بە دزینى ئەندامانى لەشى خەڵک و ئێستا خەڵک لەوە دەسترن کە ڕوو بکەنە نەخۆشخانەکان و زۆرێکیش لە ترسى گیانیان زێدەکەیان جێ هێشتووە. ئەم قاچاخچەتییەى گرووپ و میلیشیاکانى سەر بە تورکیە و کۆمارى ئیسلامى ئەو کاتە ئاشکرا بوو کە دیدەبانى مافى مرۆڤى سوریە بڵاوى کردەوە کە لە تەقینەوەکەى ساڵى ٢٠١٥ى زایینى لە گرێ سپى کە ژمارەیەکى زۆر بریندار برانە نەخۆشخانە، هیچیان بە زیندوویی نەگەڕانەوە و ئەندامانى جەستەیان درزا.

ئەوە زیاتر لە دوو ساڵیشە لە عەفرین ئەم قاچاخچیەتییە دەکرێت بەتایبەت لەو کاتانەى کە تەقینەوەیەک ڕوو دەدات و بریندارەکان دەبرێنە نەخۆشخانە و ئیتر فەزایەکى ئاڵۆز دروست دەکەن بۆ دزینى جەستەیان و کوشتنیان.