Skip to main content

برایەتی گەلان لە درووشمەوە تا ڕاستی.. پژاک بەنمونە

برایەتی گەلان لە درووشمەوە تا ڕاستی.. پژاک وەک نمونە
AvaToday caption
posted onDecember 22, 2020
nocomment

ئاکۆ نادرى

دروشمی "برایەتی گەلان"، هی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و باڵەکانییەتى لەبەشەکانی دیکەی کوردستاندا، ئەم دروشمە سەرچاوەی تێزی مۆدڕنیتەی دیموکراتیکی عەبدوڵا ئۆجالانە. مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک لەڕاستیدا خوێندنەوەیەکی نوێ لە مارکسیزمە کە لەلایەن فەیلەسوفی ئەمریکی "مورای بوکچین"ـە. بوکچین ئەم خوێندنەوە نوێیەی لە مارکسیزم لەکاردانەوە بە شکستە یەک لەدوا یەکەکانی بزووتنەوەی چەپ لە جیهانی رۆژئاوا ئەنجام دا. بە بڕوای ئەو، ناکۆکی سەرەکی کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی شۆڕش و گۆڕانکاری دژایەتی هێزی کار و سەرمایە نییە بەڵکوو دژایەتی مرۆڤی مۆدێڕن لەگەڵ سرووشت و گەوهەری خۆیەتی کە هەر ڕۆژەو ئەم شێوازە لەژیانی مۆدێڕن دەبێتە هۆی لەخۆباییبوونی زۆرتری مرۆڤ و تێکدانی ژینگە، دژایەتییەک کە لەکۆتایدا مرۆڤ دەگەیێنێتە قۆناخێک لەخۆتێگەیشتن کەشێوازی ژیانی دەگۆڕێت، هەڵبەت مەبەست لەم شێوازەی ژیانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییە.

 

ئۆجالانیش بە خوێندنەوەی نووسینەکانی بوکچین لە گرتووخانی ئیمرالی ئەم فەیلسۆفەی ناسی و لەنامەیەکدا کە بۆی نووسی وتی کە لەمەوبەدواوە شاگردیەتى.

بە پێی پێناسەی سەرلەنوێی ئۆجالان بۆ بۆچوونەکانی بوکچین، مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لەکاتی ئێستادا هۆکاری سەرەکی چەرمەسەری مرۆڤە. بۆیە مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری دوو کۆڵەکەی سەرەکی واتا ئابووری سەرمایەداری و سیستمی سیاسی دەوڵەت ـ نەتەوەیە کە بۆ ئەنجامی شۆڕش دەبێت ئەم دوو کۆڵەکە بڕووخێن بۆیە تێکۆشانی پەکەکە لەم پێناوەدا دژی هەموو دەوڵەتەکانی جیهان و سیستمی ئابووری سەرمایەداری کاناڵیزە کراون و لەچاو ئایدیۆلۆژی بەتەواوەتی دژی دامەزراندنی دەوڵەت ـ نەتەوەی کوردستانە و هەر تاک، رەوت و یا حزبێک کە لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەت ـ نەتەوەی کوردستان تێکۆشان بکات وەک دوژمنی خۆی دەبینێت.

ئۆجەلان

بە پێی وانەکانی ئۆجالان، به تێکۆشان پارادایمی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک دەبێته جێگرەوەی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری. کە بە پێی پێناسەی ئەو قەوارەی سیاسی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک مۆدێلی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیکە کە بە پێی ئەوە هەر گەلێک دەتوانێت لەنێو سیستمی خۆسەردا ئیش و کاری سیاسی ئابووری، کلتووری، پاراستن، کۆمەڵایەتی و ... هی خۆی بەڕێوە ببات.

هەرچەند ئەم قەوارە وەک کۆمەڵگای بێ چینی کمۆنیستی یا مه‌دینه‌ی فازڵه‌ی ئیسلام لەچاوێکی گشتی و سەرەتایەوە مودێلێکی رۆیایی و ئارمانییە بۆ هەموو مرۆڤەکان بەڵام لە دونیای راستیدا وەک کۆمەڵگای بێ چینی مارکس و شاری باشییەکانی موسڵمانان پێک نایەت چوونکە بۆ نموونە سیستمی ئێستای نێودەوڵەتی لەقەوارەی سیاسیدا لەسەر بنەمای دەوڵەت ـ نەتەوە و لە قەوارەی ئابووری لەسەربنەمای ئابووری سەرمایەداری دانراوە و هاوکات ئەم دوو قەوارە یەکتر بەهێز دەکەن و دەئافرێننەوە واتە بۆ رووخاندنی سیستمی ئێستای جیهان و دانانی سیستمێکی نوێ دەبێت توانای لەناوبردنی ئەم دوو کۆڵەکەی سیستمی جیهانی ئیستای هەبێت کە گەر لانیکەم ژیربێژی پێویست بێت تێدەگەین کە ئەم توانای گۆڕینی جیهانە لەتوانای پەکەکە و باڵەکانی زیاترە، نموونەی بەرچاوی هێرشی داعش بۆ کۆبانێیە کە چۆن پەکەکە لەبەرانبەر گرووپێکی تێرۆریستی بچووک کە بەراورد ناکرێت لەگەڵ دەوڵەتەکان شکستی خوارد و نەیتوانی شارەکە بپارێزێت و بۆیە ناچار بوو داوای یارمەتی لەئەمریکا بکات کە لەبواری ئایدیۆلۆژییەوە دوژمنیەتى!

پژاک

بەڵام گەر شرۆڤەی ئەم تێورییە لەجیهانی ئێستادا بکەین دەزانین کە یەکێک لە سەرەکیترین دروشمەکانی پەکەکە برایەتی گەلانە. بەم پێیە کە ریشەی لە چەمکی دەستکردی ئۆجالاندا لەژێر ناوەی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکدا دەبینێتەوە دەبێت هزری نەتەوەکانی جیهان و ناوچەکە وا بگۆڕدرێت کە ئەم نەتەوانە لە هەمان کاتدا کە شووناسی خۆیان دەپارێزن هیچ دژایەتییەکیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە نەبێت و لەگەڵیان پێکەو بژین واتە لە ناوچەیەکی وەک رۆژهەڵاتی ناڤین بۆ نموونە: نەتەوەکانی تورک، عەرەب و فارس لەگەڵ نەتەوەی کورد دوژمن نەبن و دژایەتی نەکەن و مافی بەرچاو بگرن واتە گەر نەتەوەی کورد ویستی بۆ سەربەخۆیی هەبوو نەتەوەکانی درواسێ ناڕازی نەبن و دوژمنی لەگەڵ نەکەن.

تەنانەت گەر بە پێچەوانەی واقعیشەوە بێت، با گریمانەى ئەوە بکەین کە ئەم مەرجە لەئایندەدا بەدی دێت، ئەوا بەدڵنیایەوە ئارمانجێکی وەها ڕەنگە ببێتە راستی ئەگەر بێتوو تێکۆشەرانی ئەم رێگایە بڕوایان بەم بەهایانە هەبێت و لەکردەوەشدا کارى پێ بکەن، کردەیەک کە پێچەوانەکەى لەنێو پەکەکە و پەژاک و پەیەدە و ... دەبیندرێت و بۆ سەلماندنی ئەمەش هەندێک لە کردەوەکانی پژاک لەرۆژهەڵاتی کوردستان لێک دەدەینەوە تا دەرکەوێت ئاخۆ وەها کردارێک لەگەڵ دروشمەکانی پژاکدا یەک دەگرنەوە یا نا؟!

 

سۆران ئەختەر

▪️ سۆران ئەختەر سەمەر:

سۆران ئەختەر سەمەر گەنجێکى ٢٦ ساڵانی خەڵکی گوندی روارى سەر بە سەوڵاوا بوو، کاسبکار و باوکی منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ بوو کە بەربەیانی ١٢ى جۆزەردانی ساڵى ١٣٩٩ى هەتاوى، گەریلاکانی پژاک لە کۆساڵان ڕفاندیان و دواتر زۆر ناپیاوانە کوشتیان، هۆکاری ئەم کوشتنە نەدانی باج بە پژاک بوو.

سامان دانشوەر

▪️ سامان دانشوەر:

بە پێی زانیارییە بەردەستەکان، سامان دانشوەر خەڵکی گوندی گوێزەکوێری مەریوان بوو کە چەندین ساڵ لەمەوپێش ببووە ئەندامی پژاک، بەڵام دواتر پەشیمان ببووەوە و ئەو حزبەی جێ هێشتبوو، بەڵام چوونکە پژاک دەرچوون لەریزەکانی خۆى پەسەند ناکات دوای ماوەیەک و لە ڕێکەوتى ٢٩ی جۆزەردانی ساڵى ١٣٩٨ى هەتاوى، تیمێکیان نارد و لە گوندەکەیدا لەپێش چاوی ماڵباتەکەى تێرۆریان کرد.

ئەسرین محەمەدى

▪️ ئەسرین محەمەدی:

ماوەیەک پێش ئیستا ڤیدیۆیەک لە دایکی ئەسرین محەمەدی خەڵکی سەردشت بڵاو بووەوە کە تێیدا دایکی ئەسرین دەڵێت "کچەکەی چەندساڵ پێش کاتێک ١٣ ساڵان بووە، لەلایەن پەکەکەوە تەڤلی کراوە و ئەم دوایانە کە ویستوویەتى بگەڕێتەوە بۆ نێو باوەشی ماڵباتەکەى و لەکاتی هەڵاتنیدا پژاک تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتى".

شایانی باسە کە بە داخەوە پژاک منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ تەڤلی دەکات و بە چەندین جار لە راپۆرتەکاندا بینراوە لەوانە ماوەیەک پێش ئێستا مێرمنداڵێکی خەڵکی نێی مەریوانیان تەڤلی کرد کە کاردانەوەی خراپی لەسەر رای گشتی لەبارەی ئەم حزبەوە دانا.

کۆڵبەر

▪️ باجگرتن لەکۆڵبەران:

بەپێی راپۆرتە زۆرەکان کە لە راگەیاندنەکاندا لەلایەن کۆڵبەرانەوە بڵاو دەبێتەوە، بەردەوام گەریلاکانی پژاک بە ناوی گومرک پارە لە کۆڵبەران دەستێنن یا بارەکانی وەک جگەرە یەکسەر دەستی بەسەردا دەگرن.

باجوەرگرتنى پەکەکە

▪️ باجگرتن لە دەوڵەمەندان و خاوەنکاران:

یەکێکی دیکە لە کردەوەکانی پژاک لەو ناوچانەی کە هەن، باجگرتنە لە خاوەن کارگە، هۆتێل و دەوڵەمەندان و ... لەژێر ناوی یارمەتی کە ئەمە هۆکارێکە بۆ لەکیسچوونی وەبەرهێنانی خۆجێی لەو ناوچانەدا لەکاتێکدا دەبێت پارتە کوردییەکانی وەک پژاک خۆی هاندەری هاتنی وەبەرهێنەر لەناوچەکە بن بۆ وەبەرهێنان.

 

هەرچەند نموونەی وەها زۆرن بەڵام لەوەها نووسراوەیەکی کورتدا ناکرێت هەموو وردەکارییەکان باس بکرێت، بەڵکوو ئەم نووسراوە کورتە هەوڵێکە لەپێناو روناکبیرکردن و ئاگاکردنەوەی رای گشتی و هەروه‌ها تێڕوانین بۆ پژاک کە دروشمەکانیان لەگەڵ کردەوەکانیان دژی یەکن و ئێستا تاوانبارە بە پێشلکاری مافی مرۆڤ، خیانەت بە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد و پۆپۆلیزم (خەڵک خەڵەتاندن).