Skip to main content

مایک پۆمپئۆ: هەتا کۆماری ئیسلامی ڕێبازی نەگۆڕێت، لە پەراوێزدایە

مایک پۆمپئۆ: هەتا کۆماری ئیسلامی ڕێبازی نەگۆڕێت، لە پەراوێزدایە
AvaToday caption
posted onNovember 19, 2020
nocomment

مایک پۆمپئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیسرائیل و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا دەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ و وەزیری دەرەوەی بەحرەین گووتی: هەتا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی ڕێبازی خۆی نەگۆڕێت، هەر لە پەراوێزدا دەبێت.

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا کە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ و عەبدواللەتیف بن ڕاشد ئەلزیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەڵاڕێزان لە شوێنی حاوانەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڕێوەچوو،بە ئاماژە بە ڕێککەوتنەکانی نێوان ئیسرائیل و ڵاتانی عەرەبی و جەختکردنەوە لەسەر زیادبوونی وڵاتانی بەشدار لەو ڕێککەوتنەدا کرد.

پۆمپئۆ جەختی لەوە کردەوە: ئەو ڕێککەوتنانە پەیامی ئەوە بە کۆماری ئیسلامی دەدەن کە دەسترۆیشتوویی لە ناوچەکە ڕوولە داکشانە و زیاتر لە هەموو کاتێک پەراوێز خراون و هەتا ئەو کاتەی ڕێبازیان نەگۆڕن، لە پەراوێزدا دەمێنن.

نەتانیاهۆ لە دەستپێکی ئەو ڕێوڕەسەمەدا گووتی: دوومانگ پێش لە واشنگتۆن ئێمە مێژوومان درووستکرد و ڕێککەوتنی گرینگی ئیبراهیمان واژۆکرد. دەمهەوێ سپاس دۆنالد ترامپ و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و تیمی ترامپ بە سەرۆکایەتی کۆشنێر بکەم کە دەوری ڕێبەریان گێرا بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە ئاشتیە درووستبێت.

لە درێژەدا گووتی: ئەمڕۆ جارێکی دیکە مێژوو درووست بکەین. ئەوە یەکەمین سەفەری فەرمی لە ئاستی وەزیرەکانەوە لە پاشایەتی بەحرەینەوە بۆ وڵاتی ئیسرائیلە.

وەزیری دەرەوەی بەحرەین لەو کۆنفرانسەدا بە سپاسکردن لە نەتانیاهۆ و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گووتی: هۆی شانازی منە کە یەکەمین سەفەری مێژوویی وەزیری دەرەوەی بەحرەین بۆ ئیسرائیل من ئەنجام دەدەم. لە درێژەدا گووتی: بانگهێشتی ئێوە لە ئێمە بۆ قسەکردن لە شوێنی فەرمیتان نیشاندەری پەیامی متمانەیە و سپاستان دەکەم.

بەحرەین و ئیمارات بە پێی ڕێککەوتنێک بە ناوبژیوانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کە ١٥ی سێپتامبر واژۆ کرا، پێوەندی فەرمیان دەگەڵ ئیسرائیل دامەزراند. هەروەها سودان لەو سەردەمەدا گووتی کە پێوەندی خۆی دەگەڵ دووژمنە کۆنەکەی ئیسرائیل، پەرە پێ دەدات.