نووسین و ئامادەکردنى: شارۆ تینی*
عوسمان مووحەمەد ساڵح ناسراو بە عووسمان هەورامی ساڵی ١٩٤٠ ی زایینی لە شارۆچکەی تەوێڵەی باشووری کوردستان لە بنە ماڵەیەکی خۆشناو چاوی بەڕووی جیهاندا هەڵهێناوە. ناوی باوکی مووحەمەد ساڵح و ناوی دایکی خەدیجە وەیس بووە. لە باری مادیەوە تاڕادەیەک دەستکورت بوون بەڵام لە ڕووی مەعنەوی و ئەدبی پەروەردەییەوە زۆر دەوڵەمەند بوون. مامۆستا عوسمان ئەستێرەیەک بوو کە لە دنیای منداڵاندا درەواشایەوە، بەڵام زۆر بە داخەوە کە لە ڕۆژی
پێنجشەمە ١٥ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ کاتژمیر یەکی پاشنیوەڕۆ بە هۆی تووش بوون بە پەتای کرۆنا (کۆڤیدی ١٩) دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و قەڵەمەکەی لە سەر چیرۆک و هەڵبەستە نەنووسراوەکان ڕاوەستا. مامۆستا عووسمان ژنراڵێکی ئەدب و هەڵبەست لە سەنگەری پەروەردەیی بنەماڵە و جیهانی منداڵانی نیشتماندا بوو.
نەمر شیرکۆ بێکەس ئیمپراتووری شێعری گەلەکەمان سەبارەت بە مامۆستا عووسمان فەرموویەتی: « ئەوەی بە مامۆستا عووسمان مووحەمەد دەکرێ لە جیهانی ناسکی منداڵاندا هەرگیز بە من ناکرێت. بۆ تێگەیشتنی باشتری گرنگیی کارکردن لە حیهانی منداڵاندا لێرە پێوستە ئاماژە بکەین بە وتەیکی پابلۆ پیکاسۆ و دواتر باسی خوودی وشەی ئاماژە بکەین کە چۆن لە ڕێگای قەڵەمەکەی مامۆستا عووسمانەوە ڕۆیشتە ناو بوواری نووسین و بوو بە باو.
پابلۆ پیکاسۆ باوکی سەبکی هوونەریی کووبیسم لە هوونەرجوانەکاند سەبارەت بە دنیای منداڵان و هەست ناسکی و جیاوازیەکەی لە گەڵ دنیای مروڤە تەمەندارەکاند دەڵێ : چوار ساڵی خایاند تا تووانیم وەکو ڕافائیل شیوەکاری بکەم بەڵام هەموو تەمەنم تەرخان کرد تا بتوانم وەک منداڵێک دیمەنێک لەڕووانگەەی خۆیەوە بکێشم.
بەڕاستی مامۆستا عووسمان هەورامی توانیبووی هێڵێکی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤێکی گەورە تەمەن و منداڵێکی هست ناسک سەرکەوتووانە درووست بکات و ئەمە ش لە کتێبەکانیدا حاشاهەڵنەگرە.
مامۆستا عووسمان پاش تێپەڕاندنی خوێندنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی ، ساڵی ١٩٥٨ ئامادەیی لە بەشی وێژەیی دا لە سلێمانی سەرکەوتووانە تەواوکردووە. ساڵێ ١٩٥٩ کۆلیژی ئاداب لە بەغداد بەشی زمانی کووردی بە فەرمیی دەکاتەوە و مامۆستا عووسمان بە هیوایەکی زۆرەوە خۆی دەگەیەنێتە بەغدادی پایتەخت و پاش تاقیکاری لەوبەشەدا بە فەرمیی وەک قووتابی وەردەگیرێت، بەڵام بە دەاخەوە لە بەر دەسنەڕۆیی ئەو هەلەی بۆ نارەقسێت کە درێژە بە خوێندنەکەی بدات و لە نیهایەتدا دەگەڕیتەوە بۆ شاری سلێمانی.
ڕەوانشاد مامۆستا عووسمان ساڵی ١٩٦٠ لەگەڵ خاتوو گەلاوێژ ئیسماعیل بەکر ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە. خاتوو گەلاوێژ ساڵی ١٩٤٥ لەشارۆچکەی تەوێڵە لە داییک بووە. ژێنێکی وردبین و ماقووڵ و میوان خۆشەویستە. ئەم خاتوونە ئازیزە ساڵانێکی زۆر بە هەموو تەنگ و چەڵەمەی ئابووری و تاڵیەکانی دنیای هوونەرەوە زۆر بە وەفا بووە بەرامبەر بە هاوسەرەکەی و ئیزنی بە خۆی نەداوەکە بە هۆی لاوازی ئابووری و تاڵيەکانی کەلێن بکەوێتە نێو خۆشەویستی خۆی و هاوسەرە دڵتەڕ و هوونەرمەندەکەیەوە و سەرکەوتنی منداڵەکانیان لە قۆناغە جوراو جۆرەکانی زانست لە زانکۆ بەناوبانگەکانەوە ئم ڕاستیەمان بۆ دەردەخات . ئاماژە بە ناو و سەرکەوتنی منداڵانی ئەم دوو مرۆڤە خۆشەویستەی گەلەکەمان پێویستە تا ببن بە نموونە لە مێژوودا و لاوەکانی نیشتمان پاش پێک هێنانی ژیانی هاوبەش لەو ڕاستیە تێبگەن کە سەبووری و وەفا و عشق و خۆشەویستی چۆن دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی لە پەروەرد کردنی منداڵەکانیاند هەبێت و سەرەڕای خزمەتی نیشتمانی خۆیان و منداڵەکانیان چۆن دەتوانن ببن مایەی شانازی و سەربەرزانە بژین، بەڵام بەو مەرجەی کەلە کتێب دانەبڕێن.
بەرهەمی سەبووری و وەفا و خۆشەویستی و میهرەبانی خاتوو گەلاوێژ و کۆڵنەدەری و خوێندن و خوێندنەوەی مامۆستا عووسمان لە گەڵ هەست و سۆزە نیشتمانیەکەیان ٦ کچ و ٤ کوڕن واتە١٠ منداڵ، ١٠ڕۆڵەی زانا و سەرکەوتو کە هەموویان بە سەر قادرمەی ئاکادیمیکی زانست و تکنیکی زانکۆدا سەرکەتوون.
ڕۆڵە دەست پەروەردەکانی مامۆستا عووسمان هەورامی و خاتوو گەلاوێژ بریتین لە:
یەکەم: چرۆ عووسمان هەورامی:
دەرچووی زانکۆ ی موستەنسڕیە ⁄بەشی عەرەبی،
لەساڵی ١٩٩٤ تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ وەک مامۆستا و سەرپەرشتیار لە خانەی منداڵانی ئەنفالدا و چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سلێمانی کار و چالاکی کردووە.
پاش هاوسەرگیری لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێ و ئێستە لە داینگەی منداڵانی ئەنتستیلا کار دەکات. لێرەوە سپاسی بەڕێزیان ئەکەین کە وێڕای سەرقاڵی و ناجێگیری باری دەروونی بەهۆی کۆچی دوایی باوکیانەوە توانی هاوکاریمان بکات و وڵامی پرسیارەکانمان بداتەوە.
دووەم: چیا عوسمان ھەورامی:
دەرچووی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەشی وێنە کێشان.
سێیەم: کاردۆ عوسمان ھەورامی:
دەرچووی کۆلێژی سەربازی ⁄سلێمانی
چوارەم: نیان عوسمان ھەورامی:
خاوەنی ماستەر لە بەشی وێنە کێشان زانکۆی سلێمانی -خاتوو نیان کاری ئلیسترەیشن (شیوەکاری نێو کتێبی منداڵانیشی کردۆە بۆ کتێبەکانی باوکی)
پێنجەم: دکتۆرە نگین عوسمان ھەورامی:
دەرچووی زانکۆی سلێمانی بەشی پزیشکی ⁄زانکۆی کاردیف⁄وێڵز⁄بەریتانیا و پسپۆڕی نەخۆشیەکانی پێست
شەشەم: کەژان عوسمان ھەورامی:
ماستەر لە بەشی کۆمپیوتەر/ زنکۆی سلێمانی و زانکۆی گڵاسکۆ/ ئسکلۆتلەند/بەریتانیا
حەوتەم: شارۆ عوسمان ھەورامی:
ماستەر لە بەشی کۆمپیوتەر لە زانکۆی لیستەر/ئینگلیز/ بەریتانیا
هەشتەم: شەنیەر عوسمان ھەورامی
دەرچووی زانکۆی سلێمانی ـ بەشی کۆمپیوتەر
نۆیەم: چنور عوسمان ھەورامی:
دەرچووی پەیمانگای بەغداد بەشی تکنیکی
دەیەم: شاھۆ عوسمان ھەورامی:
زانکۆی بەغداد ـ دەرچووی زمانی ئینگلیزی
مامۆستا عووسمان ساڵی ١٩٦٠ لە خۆلێکی تایبەت بۆ دەرچووانی دواناوەندی لە سلێمانی بەشدار دەبێ و پاش تاقیکاری پلەی یەکەم لەو بووارەدا وەردەگرێت . ناوبراو لەسەر پێشنیاری خۆی کە داوای کردووە بینێرێن بۆ دوورترین و بێوەرترین شوێنەکان
لەگەڵ بنە ماڵەکەی دەڕوات بۆ گوندی «شێنی» ی سەربە شاری قەڵادزێ. زۆر نابات کە مامۆستا عووسمان تێکەڵی خەڵکی شێنێ دەبێ و دەکەونە بیروڕا گۆڕینەوە و کۆمەڵێک وشە و قسەی خۆش و پاراو لە زمانی ئەو خەڵکەوە دەگوازێتەوە بۆ کتێب و هەڵبەست و پەرتووکەکانی. بۆ نموونە وشەی «ئاماژە» یەکێک لەو وشانەیە و بۆ یەکمجار لە قەڵەمەکەی مامۆستا عووسمانەوە گوازراوەتەوە بۆ زمانی نووسین و لەو ساڵە بەدواوە لە قسە و پەرتووک و کتێب و شێعر دا بەکار دەهێندرێت.
لە درێژایی ئەو ساڵانەدا کە کورد لە باشووری کوردستان بە قۆناغی جۆراوجۆری ستەمی سیاسیدا تێپەڕیوە و زۆرکەسی لە سەر هێلی هزر و پیشە ترازاندووە، مامۆستا عووسمان بە خۆێندنەوەی سەدان کتێب لە سەر ئاکادمیای پەروەردەی منداڵان خۆی پێگەیاندووە و نەیهێشتووە کە بیری لاواز و خێڵەکی و تووندوتیژی ڕەنگدانەوەی هەبێت لە هەڵبەستەکانیدا بۆ جیهانی منداڵان. پاش ڕاونانی ئەرتەشی بەعسی سەدام حسێن لە کوردستان، بە چر و پڕی دیسان درێژە بە خوێندنەوەی کتێب و توێژینەوە دەدات و بە بڵاوکردنەوە پەرتووک لە ڕۆژنامەکانی کوردستان و وتووێژی ڕادیۆئی و تەلەڤزیەنی بە گڕ و تینی زیاترەوە بەردەوام دەبێ لە چالاکی و بە هۆی لێهاتووی خۆیەوە ٢ جار لە لایەن وەزارەتی ڕۆشبیریەوە خەڵات دەکرێت کە جارێکیان نەمر شێرکۆ بێکەس وەزیری ڕۆشن بیری دەبێت.
بەرهەمی خۆێندن و خوێندنەوە و توێژینەوە ی مامۆستا عووسمان محمد هەورامی کۆڵنەدەر و ماندوویی نەناس جگە لە دەسنووس و پەرتووک و وتار ٢٠ کتێبە کە زۆربەیان چیرۆک و هەڵبەستن و پێشکەش کروان بە جیهانی منداڵانی نیشتمانی چوار پارچە، مامۆستا عووسمان بەسەر زمانەکوردیەکانی وەک کەڵوڕی ،گورانی، کرمانجی و سۆرانی دا زاڵ بوو، زمانی زگماکی خۆی هەورامی بوو و عەرەبیشی زۆر بە باشی دەزانی.
بەرهەمەکانی ژیانی پڕ لەسەروەری مامۆستا عووسمان بریتین لە:
١-شاهۆ: هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی، ١٩٧٠
٢-خونچە گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی، چاپی یەکەم ٢٠٠٠، چاپی دووەم ٢٠٠٨، سلێمانی
٣- مناڵ و گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی، ٢٠٠١.
٤- مافە گەشەکانم، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠٠٣
٥- جیهانە جوانەکەمان، ئۆپەرێت و شانۆگەری جیهانی منداڵان، هەولێر ٢٠٠٤
٦- چاوانی باوان، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر، ٢٠٠٤.
٧- شنەی شادی، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠٠٤
٨- هەشتەمین دانا، چیرۆک بۆ منداڵان، لەعەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی، سلێمانی ٢٠٠٤
٩- مافی مرۆڤ، بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، لەگەڵ لیژنەیەکدا، سلێمانی ٢٠٠٤
١٠- لایلایەی دایکانی کورد، لەگەڵ هاشمی سەلیمی دا، سلێمانی ٢٠٠٥
١١- لالەزار، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر ٢٠٠٧
١٢- گوڵبژێرێک هۆنراوەی پەروەردەیی بۆ باخچەکانی ساوایان، هەولێر ٢٠٠٨
١٣- گوڵزاری پەروەردە، هۆنراوەی هەڵبژاردە، سلێمانی ٢٠٠٩
١٤- ئاسۆی گەش، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠٠٩
١٥- ڕۆشنایی، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠٠٩
١٦- گەشە، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر ٢٠٠٩
١٧- چریکە، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠١٠
١٨- بۆقی گەشتیار، چیرۆک بۆ منداڵان، داڕشتنەوەی بۆ کردووە، سلێمانی ٢٠٠٧.
لە ساڵانی ٧٠کانیشدا، دوو کتێبی گرنگی بە چاپ گەیاندووە کە بریتن لە: دیوانی سەیدی هەورامی کە بەشێک لەشیعرەکانی سەیدی لە خۆگرتووە و دیوانی وەلی دێوانە
شایانی باسه که ڕەوانشاد چەند کتێبی تری لەبەردەسدابووە بەڵام زۆر بە داخەوە پەتای کرۆنا بەرۆکی بە بنەماڵە چالاک و دڵسۆزرەکەی کوردستانی گرت و زۆربەیان تۆوشی ڤایرۆسی کۆڤیدی ١٩ بوون.
بەڵام زۆر بە داخەوە مامۆستا عوسمان مووحەمەد هەورامی ئەستێرە درەوشاوەکەی ئاسمانی دنیای منداڵانی نیشتمانی چوار پەلکێشکراو ڕۆژی پێنجشەمە ٢٠٢٠/١٠/١٥ کاتژمیر ٤ پاشنیوەڕۆ بە هۆی تووش بوون بە پەتای کرۆنای کۆڤیدی ١٩ دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و قەڵەمەکەی لە سەر چیرۆک و هەڵبەستە نەنووسراوەکانی ڕاوەستا و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لێکردین
ڕۆحی ئارام و ڕێگای تاڤگەی شێعر
* لەندەن ـ ١٩ئۆکتۆبری٢٠٢٠ زایینی