ئەمڕۆ کۆمەڵێک هەڵنراوى سەر بە حەشدى شەعبی کە لە لایەن سوپاى قودسى پاسدارانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، بە وێنەى گەورە تیرۆریستیانى کوژراو قاسم سولەیمانى و ئەبوو مەهدى موهەندیس هەڵین کوتایە سەر بارەگانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەغدا، و بارەگاکەیان سووتاند. ئەمەش دواى ئەو لێدوانەى هۆشیار زێبارى ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێت کە گوتى دەبێت حەشدى شەعبی هەڵوەشێتەوە و لە ناوچەى سەوز نەمێنێت.
▪️ لەم بارەوە حەشدى شەعبى بەیاننامەیەکى بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە:
▫️ لە هەست و سۆزى عێراقییەکان تێدەگەین بۆ قوربانی و خوێنى رۆڵەکانى حەشد و پشتیوانى بیروڕاى ئازاد و خۆپیشاندانى ئاشتیانە دەکەین بەپێی دەستور.
▫️ بەڵام حەشد بەکارهێنانى توندوتیژى و تێکدان ڕەت دەکاتەوە بەهەر جۆرێک بێت.
▫️ داوا لە هەموو لایەک دەکەین پارێزگارى لە شکۆى دەوڵەت و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى بکەن و رێزى پیاوانى ئاسایش بگرن لەم بارودۆخە هەستیارەدا.
▪️ هۆشیار زێباری بە کەناڵی (العهد)ی سەر بە قەیس خەزعەلی وت، حەشدی شەعبی هێزێکی خەباتگێڕ و جیهادكار و دەستورییە، من لە چاوپێکەوتنەکەمدا لەگەڵ کەناڵی (الحرة) هێرشم نەکرووەتەسەر حەشدی شەعبی و شتێکیان بەناوی منەوە وتووە کە من نەموتووە. پەیوەندی مێژوویمان لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و تێکۆشەرانیدا هەیە. حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەستورییە و نکولی لە هەوڵەکانی ناکرێت لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا.