Skip to main content

سزاکانى ئەمریکا کاریگەرى نەرێنى لە سەر عێراق دەبێ

سزاکانى ئەمریکا کاریگەرى نەرێنى لە سەر عێراق دەبێ
پاوانخوازى ئێران لە عێر اق واى کردووە کە گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر ئەو وڵاتە هەبێ
posted onNovember 25, 2018
nocomment

 

لەگەڵ چوونە بوارى جێبەجێکردنى سزاکانى ئەمریکا دژى ئێران لە 5 تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ی ئەمساڵدا، کاردانەوە نەرێنییەکانى ئەو سزایانە لەسەر ئەو وڵاتە بەشێوەیەکى فراوانتر دەرکەوتن، بە جۆرێک کاریگەرى لەسەر نرخەکانى نەوت کردو، بەئاراستەى دابەزین هەنگاوی نایەوە.

 

نووسەرێکى عەرەبی لەبارەى ئەو سزایانە ئاماژە بەوە دەکات "لە دواى داگیرکردنى عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، لە ٢٠٠٣، ستراتیژییەت و هێزى واشنتۆن وا دەرکەوت کە بەڵێندەرێکى گەورەى حکومەتى مەلاکانى ئێرانە بۆ جێبەجێکردنى ئەو داگیرکردنە". عەبدولوەهاب قەساب، لە نووسێنیکیدا کە لە ڕۆژنامەى (میدڵ ئێست ئۆنڵاین)ـى بەریتانى بڵاو کردووەتەوە دەڵێت "پاش ئەو داگیرکردنە عێراق بە تەواوەتى ڕادەستى ئێران کرا، بۆ ئەوەى بەپانی و درێژى لەو وڵاتە بسوڕێتەوە بەبێ ئەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان سنوورێک بۆ ئەو دەستێوەردانە دانێت".

کۆشکى سپی لە ڕێگەى وەزیرى دەرەوەى ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، 12 خاڵى بۆ هەڵگرتنى سزاکانى سەر تاران داناوە، کە گرنگترینیان دەستبەردارى بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییە بالیستیەکان و ڕاگرتنى سیاسەتى شەڕانگێزەى ئەو ڕژێمەیە لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. قەساب هێماشی بەوە کردووە "ئەو سزایانە کاریگەریى لەسەر ناوچەکە دەبێت و، عێراقیش بەدەر نییە لەو کاریگەرییانە چونکە دەستێوەردانەکەى تاران زۆر گەورەترە لەوەى چاوەڕوان دەکرێت".

ڕوونیشی دەکاتەوە "توێژەران و شیکاران تا ئێستاش سەریان لە هەڵسوکەوتەکانى ئەمریکا بەرامبەر عێراق دەرناچێت، ئاخو هاوپەیمانییەکى نهێنى لەنێوان پارێزگارانی نوێ و ویلایەتى فەقێ هەیە، کە بەخراپنیشاندانى عەرەبە سوننەکان دەستى پێ کرد و، خراونەتە نێو خانەى دوژمنانى ئەمریکا".

ئەو نووسەرە عەرەبەش ئاماژەیەک بە یادداشتنامەکەى پۆڵ برێمەر، حاکیمی پێشووى عێراق دەکات کاتێک دەڵێت "لە گفتوگۆییەکانى لەگەڵ عەلى سیستانی، گەورە مەرجەعی شێعەکان، پەیوەندییەکى توندوتۆڵ لەنێوان بەرپرسانى ئەمریکاو ئەو کەسایەتییە دروست بووە و، لە ئەنجامیشدا هاوپەیمانییەکى سێ قۆڵى لەنێوان ئەمریکا و هێزە عێراقییە شێعەکان و کوردەکان دروست بوون و، بەشێکى گەورەى عێراقیش بە دوژمن هەژمار کران".

ئێران لە دواى تووندکردنەوەى سزاکانی ئەمریکا، فشارەکانى بۆ سەر باڵەکانى خۆى زیاتر کردووە، تا ئەجێندا سیاسییەکانی لە ناوچەکە جێبەجێ بکەن، گرنگترین ئەو باڵانەش حزبوڵای لوبنانی، حوسییەکانى یەمەن، بەشێکى زۆرى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی عێراق و حەماسى فەلەستینى.

قەساب لە کۆتا نووسینەکەشیدا دووپاتی دەکاتەوە "سزاکانى کوشکى سپی کاریگەریى نەرێنى لەسەر ئابوورى ئەو وڵاتە دروست دەکات و کۆمپانیا بیانییەکانیش ناچار دەکەن گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش بەهۆى پاوانخوازییەکانى تارانەوە کاریگەرى نەرێنى لەسەر عێراقیش بەهەمان هۆ دروست دەکات".