ڕەسووڵ سوڵتانی
سەردەمی هاتنی داعش، سەردەمی چاودێری و زۆروزەوەندیی میدیا و كێبەركێی میدیاكان بوو بۆ گواستنەوەی نوێترین ڕووداوەكان. جگە لەوەش داعش بۆ نانەوەی ترس و دڵەڕاوكێ و ڕووخاندنی ورەی بەرانبەرەكانی خۆی، كردەوە دژەئینسانییەكانی خۆی بە سامناكترین شێواز تەسویر دەكرد و بڵاوی دەكردنەوە. ئیتر داعش هێزێك بوو كە هیچ دەمامكێكی بە ڕووخسارەوە نەبوو. ڕووخسارێكی ڕووت، خوێنڕێژ و خوێنمژ. ڕووخسارێكی مەرگدۆست و دژەژیان..
.
ئەگەر لە ساڵى ٢٠١٤ـەوە خەڵك لەگەڵ ناوی داعش ئاشنا بوون، خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامییەوە ئەو ڕووخسارەیان دیتووە و هیچ پێی نامۆ نین. كاتێك پاسدارانی ئیسلامی خومەینی بە قین و ڕقێكی بێبنەوە ڕوویان كردە كوردستان و ژن و منداڵ و پیریان نەپاراست و تەنانەت مەلای مزگەوتەكانیان لەسەر قورئان سەربڕی و منداڵی بەرمەمكانیان كردە ئامانجی چەكەكانیان، بەداخەوە ئەوكات نەوەك ئێستا هەڤركێی میدیا و ڕۆژنامەنووسان بوو، نە كۆماری ئیسلامییش ڕێگەی دەدا ئەو جەنایەتانە وێنەیان لێ بڵاو بێتەوە. بگرە ڕژیمە ئیسلامییەكەی تاران لە ڕواڵەتدا هەر وەك ئێستا فرمێسكی تیمساحی بۆ ئینسان و مەزڵوومان هەڵڕشتووە و خۆی بە لایەنگری لێقەوماوان زانیوە و لە بنەوەش لە هیچ كردەوەیەكی دڕندانە و دژەئینسانی نەپرینگاوەتەوە.
كوشتاری خەڵكی سنە و ئەو زنجیرە ئیعدامەی بە ئەمری خومەینی و لە ژێر چاودێریی خەڵخاڵیدا لە كوردستان كران و ئەو ڕەشەكوژی و كوشتارانەی لە قاڕنێ و قەڵاتان و ناوچەی چۆمی مەجیدخان كران و چاوی هیچ میدیایەكیان لەسەر نەبوو و نەك تەسویر نەكران بگرە وێنەیەكیشیان نەگیردرا، هیچیان لە كوشتارە بەكۆمەڵەكانی دەستی داعش كەمتر نەبوون. ئیعدامی خەڵكی بێتاوانی سەوزی و قەرەگۆل و سەرچنار و حاجیلەك، خەڵكێك كە هەر نەیاندەزانی دەوری چ پادشایەكیشە چ بگا بەوەی سیاسی بن، هیچ لە كردەوەی ئەسحابەكانی ئەبوبەكری بەغدادی كەمتر نەبوو. بەڵام ئیتر سوپای پاسداران و ڕژیمە ئیسلامییەكەی ئێران تا ئێستاش نەك نەیانهێشتووە ئەو ڕاستیانە پەردەیان لەسەر لابدرێت، بگرە هەركەسێك بە بەڵگە و دیكۆمێنتەوە لە ئێراندا باسیان بكات، سزاكەی لە سێدارە كەمتر نییە. ئیتر كوشتاری بەكۆمەڵی زیندانییە سیاسییەكانیش بەڵگەیەكی دیكەیە كە دەكرێ بەبێ شك و دوودڵی بڵێین ڕژیمە ئیسلامییەكەی ئێران ڕچەشكێنی ئەو داعشە بوو كە ساڵی ٢٠١۴ دەركەوت...