Skip to main content

کۆمارى ئیسلامى دەستى هەبوو لە ژەهراویکردنى ماسییەکانى عێراق

کۆمارى ئیسلامى دەستى هەبوو لە ژەهراویکردنى ماسییەکانى عێراق
بەڵگەنامەیەکى نهێنى دەستى ئێران لە ژەهراویکردنى ئاوی عێراق ئاشکرا بوو
posted onNovember 18, 2018
nocomment

 

دواى مردنى سەدان هەزار تۆن ماسی ڕووبارەکانى عێراق و، سەرمایەى ئاوی ئەو وڵاتە کەوتۆتە ژێر مەترسییەکى گەورەوە، بەڵگەنامەیەکى نهێنى کۆمەڵێک زانیاریی مەترسیدار لەسەر ئەو پرسە بڵاو دەکاتەوە کە هەموو ئاماژەکان دژى ئێرانن.

 

ئەمەش جاری یەکەم نییە، تاران ڕۆڵێکى نەرێنى بەرامبەر دراوسێیە ڕۆژئاواییەکەى دەگێرێت، بە جۆرێک چەند مانگێک لەمەوبەر بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوی بەسڕە و بەرزبوونەوەى سوێری شەتولعەرەب، خەڵکى ئەو پارێزگایەى باشوورى عێراق دژى دەسەڵاتداران و ئێران خۆپێشاندانیان ئەنجامداو، چەندین باڵەخانە و قونسوڵخانەى ئێرانیان لە شارەکەیان سووتاند.

بەڵگەنامە نهێنیە ئاشکراوەکەى وەزارەتى ژینگەى حکومەتى بەغدا دەریخستووە "کۆمارى ئیسلامى ڕۆڵێکى سەرەکیی هەیە لە تێکدانى ناوچەکە کەبە (ڤینیسیاى ڕۆژهەڵات) ناسراوە، لە ژەهراویکردنى ئاوى بەسرە و سوێرکردنى، کە بووەتە هۆى مرداربوونەوەى ماسی و گیانلەبەرە دەریایی و دارەکان". بە هۆى ئەو ڕووداوەش هەزاران تۆن، بە شێوەیەکى لەناکاو لەسەرەتاى تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ەوە لە نێو پڵەوەرو ڕووبارەکانى دیجلەو فورات مردن، کە لە پاڵ ئەو ڕووداوەش بەهۆى بەنداوە نایاساییەکانى تاران ڕێژەى ئاو و چالاکییە ئاوییەکان ڕوویان لە دابەزین کردووە.

ئەو وەزارەتە عێراقییە جەختى لەوەشکردۆتەوە " زیانەکانى سوێربوونى ڕووبارەکانى ئاوی بەسڕا، بەهۆى پچڕاندنى ڕێڕەوەکانى ئاوی ئێرانە بۆ نێو خاکی وڵاتەکەی". گووتیشى "ئەو هەنگاوە بووەتە هۆى مردنى ژمارەیەکى زۆرى کیسەڵ، کە بەشێکیان هەڕەشەى لەناوچوونى یەکجاری لێدەکرێت، کە لەلایەن یەکێتى نێودەوڵەتى پاراستنى ژینگەوە دەستنیشان کراوە".

لە ماوەى ڕابردوو دەسەڵاتدارانى کۆمارى ئیسلامى کۆمەڵێک پاشماوەى ژەهراوى خستۆتە نێو هەردوو ئاوی ئەبو زەرکی و تەڵاعی باشوورى عێراق، کە هەردوو ئەو ڕووبارە سەرچاوەى سەرەکیی باڵندە کۆچبەرەکانن لەم وەرزەدا. بەڵگەنامەکەى وەزارەتى ژینگە مێژووى ٨ تشرینى دووەم (١٧ى گەڵاڕێزان)ى لەسەرە دووپاتی دەکاتەوە "سەدان هەزار ماسی لەکێڵگەى پەلەوەرى و قەفەسە دەریاییەکان مردن، جگە لە وشکبوونەوەى چەندین دارى خوورماو سدری پارێزگاکە".

بە پێی ئەو بەڵگەنامەکە کە واژووی ئەحمەد حەنون جاسم، بەرێوەبەرى ژینگەى بەسرەى بەسەرەوەیە،  زیانەکان تەنها ئەوەندە نییە، بەڵکو چەندین گامێش مردار بووەتەوەو، بەشێکیانیش تووشی کوێربوون بوونە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن "تاران دەیەوێت لە چوارچێوەى پرۆژەیەکیدا بەسرە لەخەڵکەکەى چۆڵ بکات و، بەرەو شارەکانی دیکە ڕەوانەیان بکات، تا بە ئاسانی دەست بەسەر نەوتەکەى ژێر زەوییەکەى بگرێت و بۆخۆى بیبات".

 

وێنەیەک لە بەڵگەنامەکەى وەزارەتى ژینگەى عێراق:

وێنەیەک لە بەڵگەنامەکەى وەزارەتى ژینگەى عێراق