Skip to main content

تورکیا دەیەوێت بۆشایی بازاڕی ئێران پڕ کاتەوە

تورکیا دەیەوێت بۆشایی بازاڕی ئێران پڕ کاتەوە
قەبارەى بەهاى بازرگانى ساڵانەى نێوان تورکیا و ئێران لە سنوورى ٢٢  ملیار دۆلارە
posted onNovember 18, 2018
nocomment

 

لە ساڵانى ڕابردوو، تورکیا هاریکارییەکى پتەوی ئێرانى کردووە، بۆ ئەوەى بەرامبەر سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان خۆڕاگر بێت، ئێستاش لەگەڵ سەپاندنەوەى دووبارە سزاکان، ئەنکەرا ئامادەیی نیشان داوە درێژە بەو پڕۆسەیە بدات.

 

ئێران، کە بە پاڵپشتیکردنى تیرۆر و پەرەپێدانى توانا ئەتۆمیی و مووشەکى بالیستى تۆمەتبار کراوە، پسپۆڕێکى سیاسی تورکیا لەبارەى هەنگاوەکانى وڵاتەکەى دووپاتی دەکاتەوە "تورکیا تەوقى ڕزگاری بۆ تاران فرێدەدات، تا لەسزاکان ڕزگاری بکات". زولفەقار دۆغان، لە ڕاپۆرتێکیدا کە لە ماڵپەرى (ڕەوشى تورکیا) بڵاو کراوەتەوە، ڕۆڵى ئەنکەرا لە سووککردنى سزا سەپێنراوەکانى واشنتۆن دژى ئێران دەکات کەماوەى ٤٠ ساڵە بەسەر ئەو وڵاتە سەپێنراوە.

ڕاپۆرتى ئەو سپۆڕە سیاسییە بە ناوونیشانى "تورکیا پەتى ڕزگاربوونە ئێران لە سزاکان" بووە و، تێدا دەنووسێت "مێژووى تورکیا لەسەرپێچیکردنى سزاکانى سەر ئێران، درێژەى هەیە، لە ماوەى ڕابردوو نەوتی بەرامبەر زێری ئەنجام داوە و، ئابوورى تارانی لە نقوومبوون ڕزگار کردووە".

لەدواى 5 تشرینى دووەم (١٤ى گەڵاڕێزان)، سزاکانى کۆشکی سپی دژى تاران چوونە بوارى جێبەجێکردنەوەو، کۆمەڵێک کەرتى هەستیارى ئابوورى لەخۆ گرتبوون وەک نەوت، وزە و، بانکى ناوەندی، لەبەرامبەریشدا واشنتۆن لێخۆشبوونى بۆ هەشت وڵاتى جیهان دەرکرد، بۆ ماوەى ١٨٠ ڕۆژ درێژە بە بازرگانیان لەگەڵ ئێران بدەن، دواتر لەسەریانە بەدواى سەرچاوەى دیکەى وزە بگەرێن.

یەکێک لەو وڵاتانە ئەمریکا لێخۆشبوونى بۆ دەرکردووە تورکیایە، کە هاوپەیمانێکى ستراتیژی ویلایەتە یەکگرتووەکانەو، هاوکات ئەندامی ناتۆشە. لەبارەى سزاکانیشەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکى تورکیا بە ڕوونى باسى لەوە کردووە "ئەگەر لێخۆشبوون هەبێت یاخود نا، وڵاتەکەى بەردەوامە لە بازرگانیکردنى وزە لەگەڵ ئێران، چونکە بەبێ غازی ئێران تورکەکان بەرەنگاری زستانێکى سەخت و بێدەسەڵات دەبنەوە".

لەماوەى ڕابردوو ئیدارەى دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆمارى ئەمریکا داواى لەئەنکەرا کردبوو، لەبرى ووزەى ئێران پشت بەووزەى هەرێمى کوردستان و عێراق ببەستێت، هاوکات داواشى لەحکومەتى بەغدا کردبوو، لەگەڵ کوردەکان بەخێرایی ڕێکبکەون بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت بۆ بەندەرى جەیهانى تورکی و، ڕێگاى ئێران بۆ هەناردەکردنى نەوت بە یەکجاری دابخەن.

دۆغان هێماشی بەوە کردووە "زۆربەى ئاڵوگۆرەکانى ئەنکەرا لەگەڵ تاران لە ڕێگەى بانکى هالکی حکومەت بووە، کە قەبارەیەکى زۆر گەورەترە لەوەى باس دەکرا، کە بووە هۆى دەستگیرکردنى جێگری سەرۆکەکەى لە ئەمریکا". دووپاتیشی دەکاتەوە "ئەگەری ئەوەش هەیە بڕیارى سزادانێکى بە ملیارەها دۆلار دژى ئەنکەرا دەربچێت، کە ئەمەش مەترسییەکى گەورەیە بۆ زۆربەى وڵاتانى ئەوروپی و ئاسیایی لە دروستکردنى هەر ئاڵوگۆرێکى بازرگانى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامی". ئاشکراشی دەکات "زۆربەى کۆمپانیا ئەوروپییەکان مەترسییان لە سزادانى لاوەکیی هەیە، تەنانەت چین خۆى دوور گرتووە لە بازرگانییەکى پڕ لەمەترسیی لەگەڵ ئێران، کە ئەمەش بەپێی واقیعی پەکین چالاکترین وڵاتە لە بازاڕى ئێران".

ئەو بەجێهێشتنەى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە بازاڕى ئێراندا دروستیان کردووە، بۆشاییەکى گەورەى لەو وڵاتە دروست کردووە و، باشترین چانسیش بۆ پڕکردنەوەى تورکیایە، هەم لە ڕووى جوگرافییەوە دراوسێیەتى و هەمیش تاکە وڵاتێکى پیشەسازی نزیکە لە دابینکردنى پێداویستییەکانى تاران. لە مێژووى ئەو پەیوەندییە بازرگانییە هاوبەشەى ئەنکەرە و تاران، کە زۆربەى مامەڵەکانیانیش بە دراوی یۆرۆ و دۆلار بووە، ئێرانییەکان سەرووى ٢٠٠ کۆمپانیایان لە تورکیا دروست کردووە، کە ئاراستەى جموجۆڵەکانیان بە ئاراستەى یەکتر بووە.

قەبارەى بەهاى بازرگانى نێوان ئەو دوو وڵاتە لەسنوورى ٢٢  ملیار دۆلار بووە، بازرگانى زێریش ساڵانەى دوو ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئاڵوگۆری بازرگانى بۆ سنوورى ١٠ ملیارو زێریش دابەزین، چاوەڕوانیش دەکرێت بەهۆى سزاکانەوە دووبارە گەشەسەندن بە خۆیەوە ببینێت.