Skip to main content

نیۆیۆرک تایمز: ڕووسیە پوڵی داوە بە تاڵبان بۆ ئەوەی سەربازە ئەمریکاییەکان بکوژێت

نیۆیۆرک تایمز: ڕووسیە پوڵی داوە بە تاڵبان بۆ ئەوەی سەربازە ئەمریکاییەکان بکوژێت
posted onJune 27, 2020
nocomment

گۆڤاری نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لێکۆڵینەوەکانی بەرپرسانی ئیتلاعاتی ئەمریکا ئەوە نیشان دەدات کە یەکەیەکی سەربازی ئیتلاعاتی ڕووسیە ، لە کاتی دانوستانەکانی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی بیست ساڵەی ئەفغانستان، بەشێوەی شاراوە پووڵی بە ملیشیاکانی تاڵبان داوە بۆ ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان بەتایبەت سەربازانی ئەمریکایی بکووژن.

بە پێی ڕاگەیاندنی نیۆیۆرک تایمز، ئەو ڕاپۆرتە بە بنەماگرتنی زانیاریە بەدەستهاتووەکان لە لێپرسینەوەی چەکدارانی تاڵبان تاوانبارە مەترسیدارەکانی دیکەی ئەفغانستان بەدەست هاتووە.

ئەمریکا چەندین مانگە بەو ئاکامە گەیشتووە یەکەیەکی ئیتلاعاتی  ڕووسی هەوڵی ئەنجامدانی تیرۆر و کۆمەڵێک کاری نهێنی لە ئەوروپا دەدات. سالی ڕابردوو بە شێوەی شاراوە لە بەرابەر کۆمەڵێک هێرشی سەرکەوتووی چەکدارانی تاڵبان لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆمەڵێک پاداشتی پێداون.

بەرپرسانی ئیتلاعاتی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەلێن ئەو پاداشانە هاوکات بە چەکدارانی تاڵبان و ئەو هێزە چەکدارانەش کە دەگەڵ ئەوان لە پێوەندی دابوون دراوە.

تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩ ، بیست سەربازی ئەمریکا بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەفغانستان کووژراون و ڕوون نییە چەند کەس لەوان لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە شاراوەیەدا کووژراون.

ڕاپۆرتی ئەو لێکۆڵینەوانە دراوە بە دۆنالد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا و ئەنجومەنی ئەمنیەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە دانیشتنێکی مانگی مارسدا باسیان لەو تەوەرە کردووە.

دوای کۆبوونەوەکە، بەرپرسانی کۆشکی سپی لیستێک کە کاردانەوە پێشبینیکراوەکانیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕووسیە ئامادە کردووە کە لە ناڕەزایەتی دیپلۆماتیک بەرامبەر مۆسکۆ هەتا ڕاگرتنی چالاکیە شاراوەکانی  و گەمارۆخستنە سەر ئەو وڵاتە و تەنانەت وڵامی تووندتریش لە خۆدەگرنەوە.

سەرەڕای ئەوە هەتا ئێستا کۆشکی سپی هیچ بڕیارێکی بۆ جێبەجێ کردنی ئەو سزایانە هەڵنگرتووە و هۆکاری ئەمە ڕوون نییە.

پێشتریش، بەرپرسانی ئەمریکا و ئەفغانستان باسیان لە پشتیوانیەکانی ڕووسیە لە تاڵبان کردبوو. پێدەچێت بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە ڕووسیەی هاندابێ بۆ ئەوەی چالاکی کووشتنی سەربازەکانی ناتۆ بەتایبەت سەربازانی ئەمریکایی لە ئەفغانستان ئەنجام بدات.

ئەوە یەکەمین جارە یەکەیەکی ئیتلاعاتی ڕووسیە بە ئەنجامدانی هێرشی سیستماتیک لە دژی سەربازانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی تۆمەتبار دەکرێت.

وتەبێژی پوتین سەرکۆماری ڕووسیە بێئاگایی خۆی لەو بانگەشانە دەربڕیوە و زەبیحوڵلا موجاهید، وتەبێژی تاڵبان هەر جۆرە پێوەندیەکی لەگەڵ ئەو چەکدارانە کە پێوەندیان لەگەڵ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ڕووسیە هەیە، ڕەت کردووەتەوە.