بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

عێراق بەدواى تۆڕە هەواڵدەرەکەى کوشتنى سولەیمانى دەگەرێت

عێراق بەدواى تۆڕە هەواڵدەرەکەى کوشتنى سولەیمانى دەگەرێت
AvaToday caption
posted onJanuary 10, 2020
noبۆچوون

 

ئامادەکردن: کارزان حەمید

ژەنەڕاڵە ئێرانییەکە بەئۆتۆمبێلێکى جام ڕەش دەگاتە فرۆکەخانەى دیمەشق و، لەوێوە بەرەو شارى بەغدا بەرێ دەکەوێت، و لەگەڵ خۆیشیدا چوار سەربازی سوپای پاسدارانى لەگەڵدا بووە. کاتێک دەگەنە نێو ئەو فرۆکەخانەیە لەنزیک پلیکانەى فرۆکەى ئێرباس ئەى ٣٢٠ دەوەستن و، دەچنە نێو فرۆکەکە بەبێ ئەوەى ناوی خۆى یاخود سەربازانى لەنێو لیستى سەرنیشینەکانیدا تۆمار بکەن.

قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى سوپای قودس، کە لەنێو لیستى تیرۆری ولایەتە یەکگرتووەکاندا بووە، بەهێڵى ئاسمانى (باڵى شام) بۆ فرۆکەوانى ئاسمانى دەگەرێتەوە بەغدا، بەشێک لەزانیارییەکان باسیان لەوە دەکرد " ناوبراو پێش دیمەشق لەبەیروت بووەو، ئەرکەکانى لەوێ تەواو کرد، بەرەو بەغدا گەڕایەوە".

سەرچاوەیەکى ئەمنى عێراقی ئاگادار لەپرسە خۆپارێزییەکانى ئەو ژەنەڕالە تیرۆریستیە ڕایگەیاند " فەرماندە ئێرانییەکە خۆى لەبەکارهێنانى فرۆکە تایبەتییەکەى بەدوور گرتووە، ترسی لەسەر ئاسایشى و ژیانی خۆی هەبووەو، نەیویستووە ئاشکرا بێت".

ئەو گەشتەى سولەیمانى بۆ بەغدا کردی، دوایین گەشتى ژیانى خۆی بووە، کە دواتر لەلایەن فرۆکەیەکى بێفرۆکەوانى درۆن لەدوای دەرچوونى لەفرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا دەکرێتە ئامانج و، کۆتایی بەدەسەڵات و پلانە تێکدەرانەکەى بۆ یەکجاریی دەهێنرێت.

کاروانەکەى سولەیمانى، لەدوو ئۆتۆمبێل گوللـە نەبڕ پێکهاتبوو، کە لەلایەن ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی، وپیاوی ژمارە یەکى رژێمى ئێران دابینکرابوون، کەخۆیشى لەکاتى گەیشتنى بۆ بەغدا لەپێشوازیدا بووە.

موهەندیس، ئەویش یەکێک بووە لەو کەسانەى لەنێو سزایەکانى واشنتۆن بووەو، تومەتباری سەرەکیش بوو لەئەنجامدانى هێرشی مووشەکی بۆ سەر سەربازگەى کەی وەن لەشارى کەرکوک.

هاوکات رابەرایەتى گرووپی میلیشیاى حزبوڵلای عێراقی دەکرد، کەڕاستەوخۆ لەلایەن فەرماندە پێشووەکەى سوپای قودس پاڵپشتى دەکراو، فەرمانی وەردەگرت.

لەپرۆسەى ئامانجکردنەکەى فرۆکەکەى ئەمەریکا لە ٣ کانوونى دووهەم، موهەندیس و سولەیمانى وپاسەوانە تایبەتییەکانیان لەنێو دوو ئۆتۆمبێل کوژران، سەرەتای ئۆتۆمبێلى ئەو سەرکردەیە پێکران، پاش چەند چرکەیەک ئۆتۆمبێلی پاسەوانەکانیش پێ کرا. دوو بەرپرسی ئەمنى عێراقی بۆ ئاژانسی رۆیتەرزیان باس کرد کە " دواى چەند چرکەیەک لەگورزە جەڕگبڕەکەى ئەمەریکا لیکۆڵینەوەکانى عێراقیش دەستى پێ کرد".

زانیارییە هەواڵگرییەکان باسیان لەوە کرد " ئەو ساتەى سولەیمانى وموهەندیس کرانە ئامانج، فالح فەیاز سەرۆکى دەستەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی و، راوێژکاری ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى لەرێگا بووە، بۆ دیتنی سولەیمانى لەیەکێک لەشوێنە تایبەتییەکانیان، بەڵام کاتێک هەواڵى کوشتنیان پێدەگات لەنیوەی ڕێگاى لەئۆتۆمبێلەکەى دابەزیوەو، بەرەو نێو ماڵەکانى ناوچەکە ڕایکردووەو، مۆبایل و کەرستە ئەلیکترۆنییەکانى فرێ داوە". فەیاز لەو نێوەندە داواشی لەپاسەوانەکانى کرد " بەدوایدا نەیەن، بەڵکو بڵاوەى پێ بکەن و، بەرەو شوێنێکى نهێنى خۆیان حەشار بدەن".

کارمەندانى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى دەستبەجێ فرۆکەخانەى بەغدا دادەخەن و، رێگرى لەدەیان فەرمانبەرى ئاسایشی ئەو شوێنە دەگرن بەرەو شوێنی دیکە بڕۆن، بەتایبەت لەنێو پۆلیس و فەرمانبەرانى پاسپۆرت و پیاوانى هەواڵگری. لێکۆڵینەوەکان لەسەر گومانى هەبوونى کەسێک بووە کە زانیاریی لەنێو فرۆکەخانەى دیمەشق و بەغدا گەیاندووە بەسوپاى ئەمەریکا، تاوەکو بتوانێت چاودێری جموجۆڵەکانى سولەیمانى بکات.

ئەوانەى ئاگاداری وردەکاری لێکۆڵینەوەکەن، هێمایان بەوە داوە " دوو فەرمانبەرى فرۆکەخانەو، دوو بەرپرسی پۆلیس و، دوو کارمەندی کۆمپانیا فرۆکەوانیەکەى سووریا، کە کۆمپانیایەکى تایبەتەو بارەگاکەى لەدیمەشقە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت". ئەو لێکۆڵینەوانەش لەلایەن خودی فەیازەوە سەرپەرشتى دەکرێت، کەدۆستێکى نزیکى سولەیمانی بووەو، بەپیاوی خامنەیی لەنێو دامەزراوە ئەمنییەکانى عێراقیش دادەنرێت.

قاسم

یەکێک لەبەرپرسە ئەمنییەکان گووتیشى " لێکۆڵەرانى ئاسایشى نیشتیمانى دڵنیان لەوەى تۆڕێکى سیخورى لەنێو فرۆکەخانەى بەغدا زانیارییە ئەمنییەکانى جموجۆڵەکانى سولەیمانى گەیاندۆتە ویلایەتە یەکگرتووەکان،. بەبۆچوونى ئەوان " کەسێک لەنێو فرۆکەکە ئاگاداریی هاتووچۆى سولەیمانى بووە لەدیمەشقەوە بەرەو بەغدا".

دووپاتی دەکاتەوە "چوار گومان لێکراو لەو پرسە هەیە، کەتاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون و، لەنێو تۆڕێکى گەورەتر کاریان بۆ سوپای ئەمەریکا کردووەو، زانیارییان ڕەوانە کردووە".

سولەیمانى، جگە لەوەى سەرکردەیەکى سەربازی بووەو، سەرپەرشتى چەندین گرووپی میلیشیایی لەزۆربەى وڵاتە عەرەبیەکان کردووە، تۆمەتبارێکى سەرەکییە لەکوشتنى هەزاران هاوڵاتى مەدەنى لەسووریاو عێراق ویەمەن. بڕیاری کوشتنەکەى بەفەرمانى ڕاستەوخۆى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا بووەو، ڕاشیگەیاند " ئەو کەسە تۆمەتبارە بەکوشتنى هەزاران سەربازی وڵاتەکەى".

جگە لەبەغدا، حکومەتەکەى ڕژێمى بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا لەرێگەى هەواڵگری وڵاتەکەیەوە ئەوانیش دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووەو، لەهەوڵى دۆزینەوەى ئەو کەسەن کە زانیاریی بەواشنتۆن داوە لەسەرجموجۆڵەکانى سولەیمانى. لایەنى عێراقی سوورە لەوەى زانیارییە بەراییەکان لەبارەى سولەیمانى لەفرۆکەخانەى دیمەشقەوە دەستى پێ کردووە، بەڵام لایەنە عێراقییەکە تەنها ئەرکى دووپاتکردنەوەى " گەیشتنى ئامانجەکەو، ووردەکاری کاروانەکەى بووە".

بەکوشتنى سولەیمانى، زۆربەى ئەو وڵاتانەى ببوونە قوربانى تاوانەکانى فەرماندە پێشووەکەى سوپای قودس، خۆشحاڵى خۆیان نیشانداوەو، لەبەشێکى زۆری ناوچە ئازادکراوەکانى سووریاش ئاهەنگی خۆشی گێڕدراوەو، شیرینی دابەش کراوە. دەربارەى لێکۆڵینەوەکانیش هیچ لایەنێکى فەرمیی ئامادە نیە " زانیاری لەسەر ئەو پرۆسەیە لێدوان بدات"، تەنانەت نوێنەرى عێراق لەنەتەوە یەکگرتووەکان لەنیویۆرک وەڵامى هیچ پرسێارێکى لەو بارەیەوە نەداوە.

لەلایەن خۆیشیەوە وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پێنتاگۆن)" لەسەر ئەو پرۆسەیە ئامادە نەبوو زانیاریی لەسەر هەواڵدەرەکانى بدات، کەرۆڵى سەرەکییان هەبووە لەو هێرشە". تەنها ئەوەیان درکاندووە " ویلایەتە یەکگرتووەکان چەند رۆژێک پێش هێرشەکە چاودێری سولەیمانیان دەکرد"، بەڵام لەبارەى شەوی رووداوە بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

بەرێوەبەرى کۆمپانیا سووریەکەش ئاشکراى دەکات " فەرمانبەرى کۆمپانیاکەی رێگەیان پێنەدراوە قسە لەسەر هێرشەکە یاخود لێکۆڵینەوەکان بکەن"، بەڵکو دەسەڵاتى فرۆکەوانى مەدەنى عێراقی تەنها پرسەکەى لەچوارچێوەى " پرسێکى رۆتینی" چڕ کردەوە. بەڵام وردەکارى هێرشەکە بەوشێوەیە دەستى پێکرد " فرۆکەکەى داواکراوەکەى نێو لیستى تیرۆری ئەمەریکا لە ٠٠:٣٠ پاش نیوەشەوی  ٣ کانوونى دووەمى ٢٠٢٠ گەیشتە فرۆکەخانەى بەغدا".

ژەنەراڵ و پاسەوانەکانى بەبێ تێپەربوون بۆ بەشى گومرک و پاسپۆرت، لەزەوی فرۆکەخانەکە دابەزین و، لەدەرەوەش موهەندیس لەپێشوازییان بوون، هەردووکیانیش پێکەوە لەیەک ئۆتۆمبێل سەرکەوتن، پاسەوانەکانیش لەئۆتۆمبێلێکى ڤان، کەهەردووکی گوللـە نەبڕ بووە. لەپێش چاوی کارمەندانى ئاسایشى فرۆکەخانەکە بەرەو رێگاى سەرەکی دەرچوون بەرێکەوتن، بەڵام دواتر سووڕانەوەو، بەدەروازەى پشتەوە چوونە دەرەوە.

قاسممم

کاتێک هەردوو ئۆتۆمبێلەکە لەدەروازەى فرۆکەخانەى بەغدا دەردەچن و، دەگەنە گۆڕەپانى عەباس کوری فەرناس، لە ٠٠:٥٥خوولەک ئۆتۆمبێلەکەى گەورە تیرۆریستەکەى ئێران و، راوێژکارەکەى کە موهەندیس بووە دەپێکێنرێت، دوای چەند چرکەیەکیش ئۆتۆمبێلى دووهەم دەکرێتە ئامانج.

هەواڵگرییەکانى ئەمەریکاش لەبارەى کوشتنى سولەیمانى ئاشکراى دەکەن " تۆمەتباری سەرەکیی هێرشەکانى سەر باڵیۆزخانەى واشنتۆن بووە لەبەغداو، پیلانى ئەوەشی هەبووە، کردەوەى تیرۆریستی دژى بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا ئەنجام بدات". چەند سەرچاوەیەکى سیاسی جەختى لەوە کردەوە " یەکێک لەپیلانەکانى سولەیمانى لەعێراق، ئەنجامدانى کودەتای سیاسی بووە، بەسەر رژێمى دەسەڵاتداری بەغداو، سەپاندنى کەسێکى ئێرانی بووە لەپۆستە باڵاکان وەک سەرۆک وەزیر".

لیستى تۆمەتەکانى دژى سولەیمانى ئەوەندە زۆرو فراوانن، هەژمار کردنیان ئەستەمە هەر لەدروستکردنى میلیشیاى تایفی و چەکداری تا هەوڵەکانى تیرۆرکردن و، کوشتنى چالاکوانە نەیارەکانى رژێمى ئاخوندەکانی ئێران کۆتاییان نایەت, سەرەڕاى توڕەیی لەنێو دەسەڵاتدارانى تاران لەکوشتنى فەرماندە باڵاکەیان و، هەڕەشەى تۆڵەسەندنەوە، بەڵام کاردانەوەکانى رژێمى ئێران ئەو هێزییەى نەبوو کە واشنتۆن ئەنجامیدا.

هەرچەندە تاران هێرشی مووشەکی بالیستى دژى سەربازگە سەربازییەکانى عێراق ئەنجام دا، کەسەربازی ئەمەریکی لەخۆ دەگرێت، بەڵام لەو هێرشە هیچ زیانێکى گیانى نەکەوتەوە. لەچوارچێوەى لێکۆڵینەوەکانیش لێکۆڵەرەکان پشکنینیان بۆ سەرجەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانى فەرمانبەرانى شەوانى فرۆکەخانە کردووە، بۆ ئەوەى شتێک بدۆزنەوە کە وەک زانیاریی درابێتە ئەمەریکا لەسەر پرسی سولەیمانى.

یەکێک لەفەرمانبەر ئەمنییەکان دەڵێت " بۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێر لەسەر ئەو پرسە لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کراوە، پاشان ئازاد کراوە"، جگە لەویش چەندین فەرمانبەری کۆمپانیا سوورییەکەو ئەفسەران لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە. لێکۆڵینەوەکان سەرجەم پەیوەندییەکانیش لەخۆ گرتووە، کە لەو ماوەیە نێردراون یاخود پێیان گەیشتووە.

بەشێک لەمیدیاکان دەگێرنەوە " هەواڵدەرەکەى عێراق لەکاتى ئاڵۆگۆری زانیارییەکان وشەی " کێکی لوبنانی"ـیان بەکارهێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ چوونى سولەیمانى بۆ لوبنان، یاخود گەڕانەوەى بۆ عێراق".