بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە ١٤٤ سەعات هێرشى تورکیە بۆ ڕۆژئاوا: ٢٥٠ هەزار کەس ئاوارە بوونە

لە ١٤٤ سەعات هێرشى تورکیە بۆ ڕۆژئاوا: ٢٥٠ هەزار کەس ئاوارە بوونە
AvaToday caption
posted onOctober 15, 2019
noبۆچوون

دیدەبانى مافى مرۆڤ باسى چوونى هێزەکانى ڕژێمى بەشار ئەسەد بۆ شارى منبج لە باکوورى ڕۆژهەڵات شارى حەلەب دەکات کە هاوکات هێزەکانى هاوپەیمانان ئەم بەیانییانە لێى کشاونەتەوە. هەروەها دیدەبانى مافى مرۆڤ باسى لەوە کردووە کە پێشبینى ئەوە دەکرا کە کاروانێکى گەورەى هێزەکانى ڕژێمى ئەسەد بچنە نێو شارى کبانێەوە (عەینولعەرەب)، بەڵام هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان ڕێگرییان لێ کردوون.

 

ڕژێمى سوریە پاش پاشەکشەپێکردنى لە لایەن داعشەوە، نزیکەى پێنج ساڵە لە تیپى ٩٣ى ناوچەى عەین عیسا لە باکوورى شارى ڕەقە و لە سنوورى فوڕات وەک هاوسنوورى خەلافەت جێگیر بوونە. ئێستا هێزەکانى سوریە لە باکوورى ناوچەى تەلتەمر لە نزیکى شارى تەبقا لە نزیک ڕەقە جێگر بوونە. هەروەها هەندێک جووڵەشى لە ناوچەى نێوان شارەکانى حەسەکە و سەرێ کانى کردووە، شوێنێک کە هێزەکانى سوریەى دیموکرات (هەسەدە)ى لێ بووە ٦ کیلۆمەتر لە سنوورى تورکیە و سوریە دوورە و لەگەڵ یەک ڕێککەوتوون تا سوپاى بەشار ئەسەد بچێتەوە سنوورەکان بۆ ئەوەى تورکیە دەست بەسەر ڕۆژئاوادا نەگرێت.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە هێزە هاوپەیمانەکان چاودێرى ناوچەیەکە دەکەن کە لە بنکەى سەربازى خۆیانەوە لە ناوچەى "خراپ عشک" لە نزیک کۆبانێ دەست پێ دەکات تا فڕۆکەخانەى سرین، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانى بەشار ئەسەد لە ناوچەى غبیش لە نزیک تاڵم نیشتەجێ بوونە.

شەر و پێکدادانەکانى نێوان هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانى ڕژێمى ئەسەد لە لایەک و سوپاى تورکیەو ملیشیا تیرۆریستییە ئیسلامییەکانى سەر بەو وڵاتە لە لایەکى ترەوە، کوژراو و بریندارێکى زۆرى لێ کەوتووەتەوە و خەڵکێکى مەدەنى زۆریش هەم گیانیان لەدەست داوەو هەم ئاوارە و ماڵوێران بوونە.

مردن و ڕۆژئاوا

تا ئێستا یەک لەسەر چوارى ملیۆنێک کەس کە دەکاتە ٢٥٠ هەزار کەس لە خەڵکى مەدەنى، بە هۆى ئۆپەراسیۆنەکەى تورکیەوە ئاوارە بوونە و لە ناوچەکانى خۆیان و لە نێو شارەکانەوە هەڵاتوون بۆ دەوروبەر و نزیکەى ٥٠٠ کەس ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە. ئەم خەڵکەش زیاتر لە ناوچەکانى گرێ سپى و سەرێ کانى و دربەسێی و کۆبانێ و عەین عیسا و ناوچەکانى دیکەى ڕۆژهەڵاتى فورات لە هاوسنوورى لەگەڵ تورکیەن.

بە پێى ئامارەکانى دیدەبانى مافى مرۆڤى سووریە، ئەم خەڵکە ئاوارەبووە لە دۆخێکى خراپى مرۆیی دەژین و سەرەڕاى ئەوەى کە ئەوانەیش لە نێو شارەکان ماونەتەوە لەگەڵ مەترسى بێ ئاویی و کارەبایی ڕووبەڕوون. بۆ نمونە لە شارى حەسەکە ئاوەکەى پچڕێنراوە و وێستگەکانى کارەبا بە هۆى تەقە و تۆپبارانەکانەوە و تێک شکاوە و هەر ئەمەیش واى کردووە بە هەزاران کەس لە مەترسى بێ ئاویدان.

هێرشە سەربازییەکەى تورکیە و گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانى سەر بەو وڵاتە بۆ ڕۆژئاواى کوردستان کە بە ناوى "کانى ئاشتى" دەستیان پێ کرد، هەتا دێت قوربانى مەدەنى زیاتر دەگرێت. بە پێى راپۆرتى دیدەبانى مافى مرۆڤى سوریە، ژمارەى کوژراوانى مەدەنى لە سەرەتاى ئۆپەراسیۆنەکەوە نزیکەى ٧١ کەسن کە ٢١ـیان منداڵن. هەندێک لەم کوژراوانەش بە شێوەى ئاشکرا و لە ڤیدیۆى ئەو گرووپە تیرۆریستیانەى کە تورکیە پاڵپشتییان دەکات، بەدەر کەوتوون. واتە هەندێکیان بە ئاشکرا و لە نێو گۆڕەپانى شارەکان تیرباران کراون و بە شێوەى ئاسمانى و لە ڕێگەى فڕۆکەکانى تورکیەشەوە زۆر کەس کوژران، بۆ نمونە ١٩کەس لە شارى سەرێ کانی گیانیان لەدەست دا کە دوویان ڕۆژنامەنووس بوون.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ئەرتەشى تورکیە دەستى بەسەر ٥١ ناوچەدا گرتووە لە شارەکانى گرێ سپى و ساوک و مەزراى ئەلحەمادى و ئەبووقەبر و مەزراى ئەلمەسیحى و حەمیدە و مەهیدە و والدادات و ئەلیابسە و مەشرەفە و تەلفندەر و تروازیە و حویران و واستە و غجیر و شوکان و خالدیە و عەریزە و نبهان و ئوم جرن و غزیل و حاوى و تەبابین و سەواوین و جامووس فلیو و زیدى و دروبیە و عەین عروس و تەل عەنتەر و بەدیع و جاسم عەلى لە ناوچەى گرێ سپى و شارى مابروکا و گوندەکانى کنترى و وزحە و توجیل و عەلوک و کشتو و ئەقساس و تەل خەنزیر و عەزیزیە و بالوجە و ئەبو سون و حویش ئەلناسر و نەعیم و ساڵحیە و ئەللیبیە و تەل بەنات و کاجو و مەدائین و ناح لە نزیک سەرێ کانى.

لەم ئۆپەراسیۆنەکەى تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا تا ئێستا ٢٩٥ کەس کوژراون لە شەڕڤانان  هێزەکانى سوریە و سەربازانى تورکیە و ملیشیاکانى سەر بە تورکیە کوژراون.

 

تێبینى:

ئەم ڕاپۆرتە لە ماڵپەڕى دیدەبانى مافى مرۆڤى سوریە وەرگیراوە.