بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

برینی قاڕنێ و قەڵاتان  قەت سارێژ نابێت

برینی قاڕنێ و قەڵاتان  قەت سارێژ نابێت
لە قاڕنێ کۆمەڵکوژى لەسەر کوردەکان ڕووى دا
ئەوڕۆ ٣٨ ساڵ بەسەر پڕۆژەیەکی لەنێوبردن و پاکتاوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕ دەبێت.
posted onSeptember 2, 2018
noبۆچوون


لە رۆژێکی وەک ئەوڕۆدا حەسەنی ئیمام جومعەی ورمێ و نوێنەری خومەینی لە کوردستان بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی، ئەمری کوشتن و بڕینی خەڵکی سڤیلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانى بە سوپای پاسداران کرد.

 

قاڕنێ و قەڵاتان بوونە نیشانەى فاشیزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، بەشێوەیەک کە هیچ لایەنێکی شاراوە بۆناسینی ئەو دەسەڵاتە لە لایەن هیچ کەس و لایەن و دەوڵەتێکەوە نەهێشتەوە. ئەوڕۆی ٣٨ ساڵ لەمەوبەر، منداڵی نێو لانکە و کچۆڵەی قاڕنێ و لاو و  پیری قەڵاتان تەنیا بە تاوانی کوردبوون و بەکوردیدوان کەوتنە بەر دەسرێژی گوللە و شمشێری غەدر و غەنیمەتخوازی.

 ٦٨ هاووڵاتى، یەک لە سەر مەزرا و یەک لە کاتی کڵۆشکێشانەوە و یەک لە ئامیزی دایک و یەک قورئان بە دەست و بە هاواری ئەوەی ڕوحم بەو خەڵکە بکەن، بوونە سوتماکی پاوانخوازی فاشیستی دەسەڵاتى تازە وەسەرکارهاتوو. خەڵکی قاڕنێ و قەڵاتان لەسەر جێ و واری خۆیان ژیانیان دەویست، کەچى سوپای تاران خاک و ژیانیانی پێ ڕەوا نەبینین، ژیانی ٦٨ کەسیان ستاند کەچی خاکەکەیان هەر چرۆی کوردبوونی دا و هەر گوتی ئێمە کوردین!

کۆمەڵکوژی قاڕنێ و قەڵاتان لە کاتێک دا ڕووی دا کە ئێستا واژۆی فتواکەی ٢٨ی گەلاوێژ وشک نەببووەوە و پڕیشکێکی ئەو فتوایە چۆلکردنی گوندەکانی کوردستانی ئامانج بوو و بەچۆکداهێنانی ئیرادەی نەتەوەیەک کە دەیویست بە ناسنامەی خۆیەوە بژی. کەیسی قاڕنێ و قەلاتان کەیسی ناسینی کۆماری ئیسلامییە و زیهنیەتێک کە بە تیۆکراتبوونی دەسەڵاتەکەی لە جێگەى خودا لەسەر زەوی حوکمی دەکرد. پوش و پاوانی خەڵکیان سووتان و ماڵی خەڵکیان خراپ کرد.

حەسەنى دەستى گەورەى لە کۆمەڵکوژى قاڕنێ و قەڵاتان هەبوو

حەسەنى دەستى گەورەى لە کۆمەڵکوژى قاڕنێ و قەڵاتان هەبوو

 

ئەرێ..

ئەوان بۆ فەتح هاتبوون، فەتحی ئیرادە و باوەڕی نەتەوەیەک و خەباتێکی خوێناوی ئەویش بە کوشتنی خەڵکی  سڤیل و سەرقاڵ بە ژیانی ڕۆژانە، فەتحێک کە قەت نەیانتوانی مزگێنییەکەی بدەنە ئەربابە بە خوێن سەرمەستەکەى حەسەنی و دوای نیزیک بە چوار دەیە هەر تەقەلای ئەو مزگێنییەیانە.

کوردستان زۆر برینی وەک قاڕنێ و قەڵاتان و سەوزى و سەرچناری سەر بە چۆمى مەجیدخانى بە جەستەوەیە، کەچی کوردستان هەر کوردستانە و جوگرافیایەکی بەزۆرلکێندراوە بە جوگڕافیایەکی درۆیین بە نێوی ئێران و ئەو پەیامە دوینێ و پێرێ لە کاتی ناشتنی شەریف باجوەر جارێکی دیکە بە گوێچکەی کۆماری ئیسلامیدا درایەوە. یادی شەهیدانی قاڕنێ و قەڵاتان بەرز و نەمان بۆ فاشیزمی کۆماری ئیسلامی.