بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هیندستان کڕینى نەوتی ئێرانى ڕاگرت

هیندستان کڕینى نەوتی ئێرانى ڕاگرت
AvaToday caption
posted onApril 10, 2019
noبۆچوون

 

چوار سەرچاوەی نێو کەرتى نەوت ئاشکرایان کردووە "کۆمپانیاکانى پاڵاوتنى هیندستان، کڕینى نەوتى ئێران بۆ بارکردنى مانگی ئایاری داهاتوو، دواخستووە"، هۆکارەکەشیان بۆ "ناڕوونی هەڵوێستى واشنتۆن لە پرسى لێخۆشبوون لە سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانە بەسەر کۆمارى ئیسلامی" گەڕاندووەتەوە.

 

تاران، یەکێکە لەوڵاتە ئەندامەکانى ڕێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک)، لە تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ى ڕابردووشەوە، لە لایەن کۆشکى سپیەوە دواى کشانەوەى لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٦ سزای ئابوورى بەسەر کەرتى وزەى سەپێنراوە.

ساڵى ٢٠١٨، ساڵى سەپاندنەوەى سزا ئابوورییەکان و تووندکردنى فشارەکانى ئەمریکا بووە بەسەر ئێران، کە واشنتۆن دەیەوێت ئاستى هەناردەکردنى ئەو وڵاتە بگەیەنێتە سفر.

ئەمریکا لەدواى سەپاندنى سزایەکانى بەسەر کەرتى ووزەى ئێران، ڕێگەپێدانى بە هەشت وڵات بەخشیوە  بۆ ئەوەى بۆ ماوەى شەش مانگ، واتا تاوەکو کۆتایی ئایارى داهاتوو بەردەوام بن لە کڕینى نەوت لە تاران، تا ئەو کاتەی سەرچاوەیەکى دیکە بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانى نەوت دەدۆزنەوە.

نیودلهی یەکێکە لەو وڵاتانەى واشنتۆن لێخۆشبوونى پێ بەخشیوە، کە گەورە کڕیارى نەوتى ئێرانە لە دواى چین، کە مانگانە نزیکەى نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتى هاوردە کردووە. سەرچاوەکان ئەوەشیان گووتوە "هیندستان ئومێدەوارە لەماوەى هەفتەیەک بۆ دە ڕۆژ، ڕوونکردنەوەیەک لەبارەى درێژکردنەوەى لێخۆشبووەکان بەدەست بهێنێت، بەشێکى دیکەشى چاوەڕوانییەکانى نیودلهی بابەتى قەبارەى کڕینى ئەو نەوتەشە لەئەگەرى بەدەستهێنانى لێخۆشبوونە ".

یەکێک لە سەرچاوەکانى گووتى "نازانین ویلایەتە یەکگرتووەکان چ بیرکردنەوەیەکى هەیە، تاچەندیش ڕێگە بە هیندستان دەدرێت هاوردەى نەوتى ئێران بکات". سەرجەم سەرچاوەکان کە لێدوانیان بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز داوە، ئامادە نەبوون لەبەر هەستیارى بابەتە ناویان بڵاو بکرێتەوە.

بە پێی ڕێگەپێدانى ئێستا هیندستان دەتوانێت ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لەئێران بکرێت، کە ئەمەش نیوەى ئەو قەبارەیە پێش سەپاندنەوەى سزاکان. سەرچاوەکانی نێودلهی لەمانگى ڕابردوو ئاشکرای کردووە " وڵاتەکەیان ئومێدەوارە بەردەوام بێت لەکڕینی نەوتى ئێرانى لەهەمان ئاستەکانى ئێستای".

ئێران و هیند و نەوت

ئەمەش لە کاتێکدایە لە تشرینى دووەمەوە، هیچ لایەنێک جگە لەکۆمپانیاکانى دەوڵەت کە لە دامەزراوەى نەوتى نیشتیمانى هیندستان و بەهارات پیترۆلیۆم و هیندۆستان پیترۆلیۆم ومینجالور بۆ پاڵاوتن و پیترۆکیمیا کەس نەوتى ئێران نەکڕیوە. برایان هۆک، نێردەرى تایبەتى ئەمریکا بۆ پرسی ئێران لەئادارى ڕابردوو دووپاتیکردەوە " واشنتۆن بەردەوامە لەپلانەکەى بۆ کەمکردنەوەى هەناردەکردنى نەوتى ئێران بۆ سنوورى سفر".

هەفتەى ڕابردووش ئاشکراى کرد "سێ لەهاوردەکارانى نەوت، کە پێشتر لێخۆشبوونیان پێ درابوو، هاوردەکردنى نەوتی ئێرانیان بەیەکجاری ڕاگرت". سەرچاوەیەکى دیکە ئاماژەى بەوە داوە "سزاکانى سەر سوپای پاسدارانى ئێران، ڕەوشەکەی تەموژاوی تر کرد، بەتایبەت بەپرۆسەى دابینکارییەکانى ئێران لەنەوت"، هێماى بەوەش داوە "لەچوارچێوەى گۆڕانکارییەکانى ئێستا، چاوەڕوانی جێگرەوەکانى باشتر دەکەین بۆ ئەو پرسە".

بەرپرسێکى ئیدارەى کۆشکى سپی پێی وایە "تاڕەوشى بازاڕەکانى نەوتى جیهانى باشتر بێت، سزایەکانى ئەمریکا لەسەر کەرتى نەوتى ئێران کاریگەرتر دەبن و، ئاستەکەش بەرەو دابەزینى زیاتر دەچن". گرنگترین ئامانجەکانى ئەمریکا بەرامبەر ئێران سفر کردنى ئاستى هەناردەکردنى نەوتى ئەو وڵاتەیە، بۆ ئەوەى ناچاری بکات، گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەى بکاتەوەو، دەسەڵاتەکانى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامیش سنووردارتر بن. گرنگترین ئەو وڵاتانەش لێخۆشبوونیان لەلایەن واشنتۆنەوە بە دەستهێنا بریتى بوون لە "چین، هیندستان، یۆنان، ئیتالیا، تایوان، تورکیا، کۆریاى باشوور"، ئامانجەکەش لە پێناو جێگیرکردنى نرخە نزمەکانى نەوتەو، نەبێتەوە هۆى پەکخستنى دابینکارییەکانى ووزە لەبازاڕە جیهانیەکان.

نەوت و ئێران و هیند

لە قۆناغی ئێستاشدا ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا سەرقاڵى گفتوگۆکردنە لەگەڵ هاوردەکارانى نەوت، بۆ ئەوەى پێش کۆتایی هاتنى وادەى لێخۆشبووەکان بڕیارێکى گونجاو دەربکەن. هۆک باسی لەوەشکرد " لەدواى تشرینى دووەمەوە هەشت وڵاتى جیهان لێخۆشبوونیان بەدەستهێنا، لەوانەش سێ وڵات ئاستى هاوردەکردنى نەوتى ئێرانیان بۆ سنوورى سفر دابەزاندووە".

تاوەکو ئێستاش ناوى ئەو وڵاتانەش ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەگەرێکى زۆرە بریتی بن لە "یۆنان، ئیتالیا وتایوان". دووپاتی کردەوە "ڕەوشێکى باشتر بۆ بازاڕەکان دروست بووە، کە هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنى ئاستى هەناردەکردنى نەوتى تاران بەسفر خێراتر دەکات"، سووریشن لەوەى هیچ لێخۆشبوونێکى دیکە بەوڵاتان نابەخشن.

چاودێرانى بازاڕەکانى نەوتیش پێیان وایە ئیدارەى ئەمریکا لێخۆشبوونێکى دیکە بەپێنج وڵاتەکەى دیکە ببەخشێتەوە، بۆ ئەوەى ئەگەرى بەرزبوونەوەى نرخەکانى نەوت سنووردار بکەن. بەگووتەى هۆک " ٢٣ وڵاتى جیهانى، لەماوەى ڕابردوو نەوتیان لەئێران هاوردە دەکرد، ئێستاش ئاستەکانیان لەسنوورى سفر دایە".