
بارینی بەفر و سەرما لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو یەکشەممە بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما تاوەکو ١٥ پلە دابەزێت و بەستەڵەک دروست دەبێت.
دوو رۆژە بەفربارین لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە بەردەوامە و لە هەندێک شوێن نزیکەی مەترێک بەفر باریوە. رێگای ملەی ژاڵانە لە نێوان پاوە و سەوڵاوا بەهۆی بارینی ٨٠ سانتیمەتر بەفرەوە داخراوە.
بەهۆی بەفربارین و باهۆزەوە، هاتوچۆی گەشتیاران و بارهەڵگرەکان لە دەروازەی سنووری کێلێ (سەردەشت - قەڵادزێ) راگیراوە.
بەردەوامیی بارین و دابەزینی پلەی گەرما مەترسی بڕینی گازی دروست کردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی کرماشان گوتی: بەراورد بە ساڵی پار رێژەی بەکارهێنان ٢٧٪ زیادی کردووە. کەشناسی پێشبینی دەکات پلەی گەرما تا ١٥ پلەی ژێر سفر دابەزێت و ڕۆژی سێشەممە ساردترین ڕۆژ دەبێت.
لە پارێزگای ورمێ بەهۆی بەفربارین و باهۆزەوە، هاتوچۆ لە زۆربەی ڕێگا سەرەکی و نێوان شارەکاندا ئاستەنگی هەیە.