دوو دادوەری پایەبەرزی کۆماری ئیسلامی بە ناوەکانی محەممەد موقەیسە و عەلی رازینی بە دەسڕێژی چەک لە تاران کوژران. ئەوان حکومی سێدارەیان بەسەر زۆر چالاکڤانی سیاسیدا سەپاند. دەگوترێ دادوەرێکی دیکەش بریندارە.
ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران، رایگەیاند: ئەوان لە شوێنی کارەکەیان لە نێو بینای دیوانی باڵای دادوەریی و بە تەقەی دەمانچە کوژراون.
هەندێ لە ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردبووەوە، ئەوان لە بەردەم بینای دیوانی باڵای دادوەری کوژراون.
ئەسغە جەهانگیر دەڵێت: لە ساڵانی رابردوودا ئەوان بەرپرسایەتی گرنگییان هەبووە و بڕیاریان لە زۆر دۆسیەی گرنگی "ئەمنی" داوە و خزمەتی زۆریان بە کۆماری ئیلامی کردووە.
بکوژ دوای ئەوەی دەسڕێژی لەو دوو دادوەرە کردووە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. بەپێی راپۆرتی ئاژانسی تەسنیم، تەقەکەرە لە بەشی خزمەتگوزاریی دادگای تاراندا کاری کردووە.
بڵاو کرایەوە کە دادوەرێکی دیکە بەناوی حوسێنعەلی نیێری، بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی تابناک، ئەو دۆخی ناجێگیر بووە و دۆخێکی خراپەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە. بەڵام ئاژانسی هەواڵی میزان، سەربە دەزگای دادوەری ئێران، ئەو هەواڵەی رەت کردەوە.
ماڵپەڕی ئیلنا بڵاوی کردووەتەوە، چەند کەس لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو هێرشەدا دەستگیر کراون.
محەممەد موقەیسە لە ساڵانی رابردوودا سەرۆکی لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بوو کە زۆر لە چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی لەودا دادگایی دەکران و سزای سێدارەی بەسەر زۆر خەڵکدا سەپاند.
محەممەد موقەیسە بۆ سەپاندنی سزا و دادگایکردنی چالاکڤانانی سیاسی، مەدەنی و جیابیران و سەپاندنی سزای قورس بەسەریاندا، ناوبانگی هەبوو.
ئەو دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵ ١٩٧٩ چووە نێو دەزگای دادوەریی ئێران و هەندێ لە زیندانییە سیاسییەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی دەڵێن، بۆ ماوەیەک "دادیار"ی گرتووخانەی ئێڤین بووە.
ئەو تۆمەتبارە کە لە کوشتاری زیندانییە سیاسییەکان لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویشدا رۆڵی هەبووە.
عەلی رەزینیش یەکێک لە بەرپرسانی خاوەن پێشینەی دەزگای دادوەریی ئێران بووە و لە ساڵی ١٣٥٩وە لە دەزگای دادوەریی ئێراندا کاری دەکرد و کۆمەڵێک بەرپرسایەتی پێدرا.
ساڵی ١٣٦٦ لەلایەن روحۆڵا خومەینی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، وەک حاکم شەرعی دادگای تایبەت بە کەسایەتییە ئایینییەکان دیاریکرا.
عەلی رازینی ساڵی ١٣٧٧یش هەوڵی کوشتنی درا، ئەو کات داواکاری گشتیی تاران بوو، بەڵام لەو هەوڵە رزگاری بوو.