بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕووسیا و ئێران لە سووریا لێکیان دا

ڕووسیا و ئێران لە سووریا لێکیان دا
posted onJanuary 28, 2019
noبۆچوون

 

ماڵپەرى گۆڤارێکى ئەڵمانى زانیارییەکى ورد لەبارەى "پێکدادان لەنێوان هێزەکانى کۆمارى ئیسلامی ئێران و ڕووسیا لەنێو خاکی سووریا باس دەکات"، کە بە گووتەى خۆى لەسەر " ابەشکردنى ناوچەى پاوانخوازییە لەنێوان ئەو دوو هێزە کە پاڵپشتى لە ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا دەکەن".

 

گۆڤارى دیر شبیگل لە ڕاپۆرتێکیدا ئەوەشى ڕاگەیاندووە "کریستۆف ڕۆیتر، پسپۆڕی ئەڵمانى، کە هاوکات پەیامنێرى گۆڤارەکەیە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست گوێبیستى کۆمەڵێک گفتوگۆى بێتەلى فیرقەى چوارى سوپاى ڕژێمى سووریا بووە، کەباس لە پێکدادانێکى چەکدارى تووند لەنێوان هێزەکانى ئێران و ڕووسیا لەناوچەى غابی پارێزگاى حەما کردووە".

بەگووتەى ڕۆیتر "هەردوو هێزە بیانیەکە  کە پاڵپشتى لەئەسەد دەکەن، لەئێوارەى ١٩ کانوونى دووەم (بەفرانبار)، ڕووبەرووى یەکتر بوونەوە و، تەنانەت زریپۆش و هاوەن و مووشەکى قورس بە کار هێنراوە". ڕاپۆرتەکەى دیر شبیگل دووپاتی دەکاتەوە "هۆکارى ئەو پێکدادانەش بەهۆى ململانێیەی دەسەڵاتە لە نێوان تاران و مۆسکۆ لەسەر خاکی سووریا، بەتایبەت ئەو ناوچانەى دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى ئەو وڵاتانە لەپارێزگاى حەما لە ناوەڕاستى سووریا".

گۆڤارە ئەڵمانیەیکە جەخت لەوە دەکات "ئێران دواى ئەو پێکدادانە کەچەند هەفتەیەکە دەستى بەسەردا گرتووە، فیرقەى چوارى ڕژێمى سووریاى ڕەوانەى ناوچەکانى دەسەڵاتى کردووە". هەرچەندە ماهیر ئەسەد، برای سەرۆکى سووریا ڕابەرایەتى ئەو فیرقەیە دەکات، بەڵام سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ژێر فەرمانى هێزەکانى ئێرانە لەو وڵاتە.

لەبەرامبەریشدا مۆسکۆ دەیەوێت دەسەڵاتى بەسەر ئەو ناوچانە هەبێت، کە ئێرانى لێیەو، بەو هۆیەوەش کۆمەڵێک کەرستەو هێزى پاڵپشتى لە نێو فیرقەى پێنجەمی سوپاى سووریا کە لە لایەن لیوا سوهەیل حەسەن، فەرمانڕەوایی دەکرێت ڕەوانەى ئەوێ کردووە. پەیامێنرەکەى دیر شبیگل دەڵێت "تا ئێستا ڕوون نییە، بەشار ئەسەد چی دەوێت، بەڵام هەرچی بوێت ئەوا هیچ ڕۆڵێکى گرنگی لەو پرسە نیە".

بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتەکە هێماى بەوە کردووە "بەرەبەیانى ١٩ کانوونى دووەم، کاتێک هەردوو لایەنەکە دەستیان بە تەقەکردن کرد دژ بە یەکتر، خێرا دەرکەوت، هێزە سووریە ـ ڕووسییەکە زۆر بەهێزتر و تۆکمەتر لە هێزە سووریە ـ ئێرانەکەو، بەخێراییش تا ئێوارە سەرجەم ئەو ناوچانەى ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى ئێرانیان کۆنترۆڵ کرد".

دەشڵێت "دواى سەقامگیرییەکى ڕێژەیی لەناوچەکە، دەنگى تەقە لێرەو لەوێ دەبیسترا، سەرچاوەکانیش باسیان لە قوربانی کردوو، کە لە نێوان دەیان بۆ ٢٠٠ کەس دەبوون". هەرچەندە هیچ لایەنێک باسى لەو پرسە نەکردووە، بەقسەى ڕۆیتر، ڕوونی دەکاتەوە "کەس بەشێوەیەکى ئاشکرا باسى ئەو ناکۆکییە سەربازییە ناکات، زانیارییەکانیش لەلایەن گەواهیدەران و، کەسوکارى یەکە سەربازییە بەشداربووەکان بڵاوکرایەوە، هەروەها گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى نزیک ناوچەکەش ئەو زانیارییانەش پشتڕاست کردووەتەوە، کە لە رێگەى چاودێرى کردنى بێتەلەکان زانیارییەکانیان دەست کەوتووە".

ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە "ململانێ لەنێوان ئێران و ڕووسیا لەسەر خاکی سووریا، بەتایبەت پێکدادانى چەکدارى لەنێوان هەردوو دەوڵەت شتێکى نوێ نیە، بەڵکو لەحوزیرانى ٢٠١٨ـش ڕوویداوە".

شەڕى سوریا و ئێران

رۆیتر، پێی وایە "هەردوو پایتەخت دەیانەوێت کۆنترۆڵى ناوچە جیاوازییەکانى ئەو وڵاتە بکەن، کە لە ساڵى ٢٠١١ ڕووبەرووى شەڕو ناسەقامگیری بێت، بەجۆرێک مۆسکۆ دەیەوێت ڕەوشەکەى دیمەشق هێور ببێتەوە، تاوەکو لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دەستکەوتى گەورە بەدەست بهێنێت و، خۆى دووریش بگرێت لەم لملانێی نەتەوەیی و ئایینى"، بەڵام بەپێی پەیامنێرەکەى دیر شبیگل " تاران بەدواى ئامانجی گەورەى گرنگتر دەگەرێت، بەتایبەت لەرێگەى خەرجکردنێکى گەورە، دەیەوێت عەلەوییەکانى سووریا بکاتە شێعەو، هاوشێوەى حزبوڵای لوبنانیان لێبکات".

تایبەت بەو پرسەش گۆڤارە ئەڵمانییەکە پشت بەلێدوانێکى بەهروز بنیادی، پەرلەمانتارێکى کۆمارى ئیسلامی لە تەمموزی ڕابردوو دەبەستێت بەوەى گووتبووى "دوور نییە ئەسەد و پۆتین، لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ نەتانیاهۆ و ترامپ، ئێمە دوور بخەنەوە". ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەش کردبوو "بەشار ئەسەد، بەهەموو بێ ئابڕووییەک ئاستى هەماهەنگی لەگەڵ پۆتین بەرز کردەوە"، پرسیاری ئەوەشى کرد "بۆچى ئەو تێچووانە لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانى و لەناوبردنى هەژارى و بێکاری و برسێتى نەبێت". بنیادی ئاشکراشی کردووە "سەرمایەى وڵاتەکەیان بەبێ سوود بەسەرتاسەرى جیهاندا بەئاسانى دابەش کراوە".

ڕەخنەکانى ئێران بەمدواییانەش بەرامبەر ڕووسیا زۆر تووندتر بووە، بەجۆرێک ڕەخنەی ڕاستەوخۆیان لە مۆسکۆ گرتووە بەوەى "لەکاتى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانى وڵاتەکەیان، ڕووسیا بەئەنقەست سیستەمى بەرگرى مووشەکى ئێس ٣٠٠ ـیان پەکخستووە".

لە تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ى ٢٠١٨ ـشدا میدیاکانى ڕۆژاوا باسیان لەوە کردووە "مۆسکۆ پێشنیارى کشانەوەى هێزەکانى ئێران لە ڕووسیا خستۆتە بەردەم کۆشکی سپی بەرامبەر سووککردنى بەشێک لە سزاکانى ئەمەریکا دژى ئێران".