بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر هەزاران ئامانجی ئێران لە سوریە

ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر هەزاران ئامانجی ئێران لە سوریە
posted onJanuary 13, 2019
noبۆچوون

 

گادی ئایزنکوت سەرۆکی گشتی سوپاى ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز و دوو تۆڕی هەواڵنێری گوتویەتی "ئیسرائیل لە ساڵی ٢١٠٧ بەملاوە لە هەزاران ئامانجی ئێرانی لە سوریە داوە".

 

ژنراڵ ئایزنکوت کە بەمزووانە خانەنشین دەکرێ، کۆمەڵیک وردەکاری سەبارەت بە چالاکی وڵاتەکەی لە خاکی سوریە بڵاو کردووەتەوە کە بە گووتەی میدیاکانی ئیسرائیل یەکەمین جارە بەو شێوە بڵاو بکرێنەوە. ئیسرائیل ماوەیەکی درێژە کە دژی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە سوریە شەڕ دەکات و بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندبوو کە هاوینی ڕابڕدوو زیاتر لە ٢٠٠ جار هێرشمان کردووەتە سەر بنکەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە.

ئایزنکۆت دەڵێ کابینەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ەوە بڕیاری هێرشی ڕاستەوخۆی بۆسەر کۆماری ئیسلامی داوە. ئەگەرچی ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆیی سوریەوە هێرشەکانی بۆسەر کاروانە سەربازى و ئامانجەکانی حیزبوڵای لوبنان دەست پێ کردووە، بەڵام بە گووتەی ئەو ژەنەڕاڵە ئیسرائیلییە تا ساڵی ٢٠١٧ هێزەکانی ئێران ڕاستەوخۆ ئامانجی ئەو هێرشانە نەبوون.

ئایزنکۆت لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دەڵێ سوپاى ئیسرائیل دوای ئاڵوگۆڕە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە بڕیاڕی هێرشی ڕاستەوخۆی لە دژی ئێران لە سوریە دەرکرد. سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی ستراتیژی کۆماری ئیسلامی لە سوریە ئایزنکۆت دەڵێ: ئێمە شایەتی گۆڕانکاری گەورە لە ستراتیژی ئێران لە سوریەدابووین و ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئەوەبوو هێزێکی سەد هەزار کەسی پێکهاتوو لە میلیشیا شێعەکانی پاکستان، عێراق و ئەفغانستان پێک بێنێت.

کۆماری ئیسلامی لە هەموو بنکە ئاسمانییەکانی سوریە، ژووری زانیاری و پێگەی ئاسمانی تایبەت بەخۆی درووست کردبوو. ئایزنکوت لە درێژەی قسەکانیدا گوتویەتی دوای ڕێگەپێدانی کابینەی دەوڵەت بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئێران بە بێ ئەوەی بەرپرسایەتی ئەو کارە بگرینە ئەستۆ یاخوود بمانهەوێ هیچ لایەنێک لێمان قەبووڵ بکات، ئێمە هەزاران ئامانجی ئێرانمان لە سوریە پێکا.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی دەڵێ لەسەر داواکاری دەوڵەتی دیمەشق و بۆ شەڕ دژی گرووپی تیرۆریستی داعش چووەتە نێو سوریە بەڵام ئیسرائیل ڕایدەگەیێنێت ئامانجی تاران پەرەدان بە بەهێزکردنی خۆی لە نێو وڵاتان و درووستکردنی پێگەیەکی هەمیشەیی لە سوریە و درووستکردنی ڕێگەیەکی وشکانییە بۆ گەیشتن بە دەریای مەدیتەرانە.

ژەنەراڵ ئایزنکۆت بە نیویۆرک تایمزی گوتووە "قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس بە هەڵبژاردنی سوریە وەک ناوەندێکی چالاک دژی ئیسرائیل، تووشی هەڵەیەکی ستراتژیک بووە".

بە گووتەی ئەو ژەنەرڵە هۆکاری ئەوەی کارەکەی سولەیمانی هەڵە بوو بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە قاسم سولەیمانی زەوییەکی بۆ گەمەکردن هەڵبژارد کە بە کەمی بەسەریدا زاڵە و سوپاى ئیسرائیل لە سوریە چ لە ڕووی زانیاری و چ لە ڕووی ئاسمانییەوە هێزی یەکەمە.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنی ئایزنکۆت لەگەڵ نیۆیۆرک تایمز هاتووە "دوای هێرشە تووندەکانی ئیسرائیل، قاسم سولەیمانی بڕیار دەدات تۆڵە بکاتەوە و زیاتر لە ٣٠ موشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت، بەڵام هیچیان بەر خاکی ئەو وڵاتە نەکەوتن"،  لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا ئیسرائیل هێرشی زۆرتر و گەورەتری دژی دەیان پێگەی سەربازى و چەکدارى ئێران و بەشار ئەسەد ئەنجام داوە.