بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

عێراقییەکان ترسیان لە هەڵاتنى داعشیە زیندانییەکانى ڕۆژئاواى کوردستان هەیە

عێراقییەکان ترسیان لە هەڵاتنى داعشیە زیندانییەکانى ڕۆژئاوا هەیە
AvaToday caption
posted onJanuary 23, 2022
noبۆچوون

دەربارەى هێرشەکەى چەند ڕۆژى ڕابردوو گرووپی تیرۆریستى داعش بۆ سەر زیندانى حەسەکە کە نزیکەى ٥٠٠٠ داعشى تێدایە، ڕێبەرى ڕەوتى سەدر ئاماژەی بەوە کرد "هەندێک، مەترسییەکانى تیرۆر گەورە دەکەن بۆ ئەوەى تۆوى مەترسیی و تایفی زیاتر بچێنن".

 

لە ڕێگەى هەژمارى تایبەتى خۆی لە تۆڕی تویتەر، موقتەدا سەدر نووسیوویەتى "دوژمنى تیرۆریست وا بڵاوی دەکاتەوە کەوا دێت، کێشەى گەورە ئەوەیە هەندێک بابەتەکە زۆر گەورەتر دەکەن بۆ ئەوەى ترس و تۆقین و تایفی لە نێو گەلى عێراقی بڵاو بکەنەوە، تا نیشانی بدەن ئەوان پارێزەری زەوی و نامووسن".

جەختى لەوەش کردەوە "ئێمە ئامادەین پاڵپشتى هێزە ئەمنییەکان بکەین بۆ بەڕەنگاربوونەوەى هەر مەترسییەکى چاوەڕوانکراو"، داواشى کردووە "حکومەت دەبێت تواناى سوپاى عێراق بەهێز بکات کە ئەرکی پاراستنى عێراقی لەسەرشانە".

قسەکانى ڕێبەرى ڕەوتى سەدر، هێمایەک بوو بۆ گرووپە میلیشیاکان کە هەمیشە هێرشەکانى داعشیان کردووەتە بیانوو بۆ فراوانکردنى دەسەڵات و هێزە سەربازییەکانیان لەسەر حیسابی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانى دەوڵەت. لە هەمان کاتدا جومعە عیناد، وەزیرى بەرگرى حکومەتى بەغدا ڕایگەیاند سنووری هاوبەشى وڵاتەکەى لەگەڵ سووریا بە شێوەیەکى تۆکمە کۆنترۆڵ کراوە و بە وردی چاودێری ڕووداوەکەى گرتووخانەى حەسەکە دەکەن و دووپاتیشی کردەوە "ڕەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە".

داعشییەکان

لە ڕاگەیێنراوێکدا وەزیرى بەرگرى عێراق باسى لەوە کرد "دەوڵەت هەموو کەرستەى پێویستى لەبەردەستە بۆ چارەسەرکردنى درزە ئەمنییەکان" و لە لایەن خۆشیەوە یەحیا ڕەسوول گووتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق گووتى "سنوورى عێراق ـ سووریا بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە".

بە گووتەى ڕەسووڵ "چەندین فەرمان لەلایەن فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان دەرچووە بۆ پتەوکردنى هەوڵە ئەمنییەکانى سنوور لەگەڵ سووریا"، ئەو فەرمانانەش بە هۆى ڕووداوەکانى چەند ڕۆژى ڕابردووی هێرشی سەر گرتووخانەى حەسەکە بووە، کە لەلایەن چەکدارانى داعش کرا و لە لایەن هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) بەرپەرچ درانەوە.

بەرپرسە ئەمنییەکەى بەغدا هێماى بەوەش داوە "هێزەکانیان لە ئامادەبەشییەکی بەرزدان بۆ بەڕەنگاربوونەوەى پاشماوەکانى داعش گەر هاتنە نێو خاکی عێراق"، ئاشکراشی کردووە "سنوور بە کامێرای پێشکەوتوو کۆنترۆڵ کراوە و هەر درزێک بکەوێتە نێو سنوور دەستبەجێ ئاشکرا دەبێت".