لەسەر بنەماى ڕاپۆرتەکانى ناوەندى ئامارى کۆمارى ئیسلامى (ئەگەر ئامارەکان لە بەرژەوەندى نیزام دادەڕێژرێن)، هەڵاوسان لە مانگى پووشپەڕ بۆ هەر بنەماڵەیەکى ئێران، ٣.٥% بووە و بەرزترین ڕێژەش ٥.٩% بووە کە تایبەتە بە پارێزگاى لۆڕستان و کەمترین ڕێژەش تایبەتە بە پارێزگاى هەمەندان کە دەکاتە ١.٤%.
هەروەها هەڵاوسانى مانگانەى بنەماڵەى شارى و گوندى یەکسانە بە ٣.٦ و ٣.٢%. هەڵاوسانى خاڵ بە خاڵى ئێران لە مانگى گەلاوێژ یەکسانە بە ٤٣.٦%، بەو مانایەى کە نێوەنجى خەرجى هەر بنەماڵەیەک لە یەکەمین مانگى هاوینى ئەمساڵەوە سەبارەت بە هەمان مانگى ساڵى ڕابردوو، ٤٣.٦% زیادى کردوە.
زۆرترین و کەمترین هەڵاوسانى ناوچە بە ناوچەى مانگى پووشپەڕ بەم شێوەیەیە: پارێزگاى ئیلام بە ٥٣.٩% زۆرترین و پارێزگاى تاران بە ٣٧.٧% کەمترین هەڵاوسانیان هەبووە. هەڵاوسانى ساڵانەى ئێرانیش لەم مانگەدا ٤٤.٢% بووە کە تیایدا پارێزگاى سنە ٥٠.١% زۆترین و پارێزگاى قوم بە ٤٠.٢% کەمترین ڕێژەى هەڵاوسانى ساڵانەیان تێدا تۆمار کراوە.
هەڵاوسانى ساڵانە پێوەرێکە کە نێوەنجى زیادبوونى تێچوو و خەرجییەکانى ١٢ مانگى ڕابردوو لە چاو ١٢ مانگى ساڵى ڕابردوو بەراورد دەکات بۆ هەر پارێزگا و وڵاتێک و لە مانگى پووشپەڕ، هەڵاوسانى ساڵانەى بنەماڵەیەکى شارى ٤٣.٧% و هەڵاوسانى ساڵانەى بنەماڵەیەکى گوندى ٤٧.٣% بووە.
بە هۆى گەندەڵى و دزی و خراپ بەڕێوەبردنى ئێران لە لایەن کۆمارى ئیسلامى، ساڵ بە ساڵ هەڵاوسان لە شارەکانى ئێران زیاتر بووە و ئەمەش نیشاندەرى ئەوەیە کە خەڵکى دۆخى ژیانیان ساڵ بە ساڵ خراپتر و خراپتر بووە و خۆپێشاندانە سەراسەرییەکانیش نیشاندەرى ئەوەیە کە خەڵک لەو ڕژێم و دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ناڕازین و ناخوازن لە ژێر دەسەڵاتى ئاخوندەکان بمێننەوە.