بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپۆرتی تایبەت: دیاریی ٢ ملیۆن دۆلاری بۆ کچەکەی ئەردۆغان

ڕاپۆرتی تایبەت: دیاریی ٢ ملیۆن دۆلاری بۆ کچەکەی ئەردۆغان
AvaToday caption
posted onJuly 15, 2020
noبۆچوون

سەرچاوەیەک لە سەرۆکوەزیرانی تورکیە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بێت بە ئاڤاتودەی ڕاگەیاند مانگی دێسامبری ساڵی ٢٠١٢، ئامینە ئەردۆغان خێزانی سەرکۆماری ئێستای تورکیە کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، ملوانکەیەکی ئەڵماسی لە  بازرگانێکی لوبنانی لە لەندەن بە بڕی ٢ ملیۆن دۆلار کڕیوە و ڕۆژی یەکی ژانویەی ٢٠١٣ لە جێژنی لەدایک بوونی کچەگەورەی " ئەسرا" بە دیاری بە کچەکەی داوە.

 

بە گووتەی ئەو سەرچاوەی ئاڤاتودەی چیرۆکی کڕینی ئەو ملوانکە ٢ ملیۆن دۆلاریە لە لایەن ئامینە ئەردۆغانەوە بۆ کچە گەورەکەی لەو کاتەدا بە گوێی هێندێک لە ئەندامانی حیزبی داد و گەشەپێدان " ئاکەپە" گەیشتەوە بەڵام دواتر لەسەر داوای ئەردۆغان سەرپۆشی لەسەر داندرا و بێدەنگەی لێکرا.

ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠١٨ ڕۆژنامەی  GUNDEk GERCEK بانگەشەی ئەوەیکرد کە سامانی سەرکۆماری تورکیە تەنیا ١٠ ملیۆن لیرەیە کە بەرامبەرە دەگەڵ ملیۆنێک و پێنسەد هەزار دۆلار.

ئەوە یەکەمین جار نییە کە ئەردۆغان سەبارەت بە سامان و دارایی خۆی و بنەماڵەکەی درۆ دەگەڵ میدیاکان دەکات. دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ٢٠١٨ هێندێک لە لاینگرانی حیزبی کۆماریخوازی گەل CHPکۆمەڵە بەڵگەیەکیان بڵاو کردەوە کە نیشانی دەدا " بیلال ئەردۆغان" کوڕی سەرکۆماری تورکیە کەشتیەکی بازرگانی بە بەهای ١٨ ملیۆن دۆلار کڕیوە. هەڵبەت ئەوە تەنیا ڕسوایی ماڵی بنەمالەی ئەردۆغان نەبوو. ١٧ی دێسامبری ساڵی ٢٠١٣ " جەلال کارا" دادوەری گشتی تورکیە بڕیاری دەستبەسەرکردنی بیلال ئەردۆغانی بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل لە بازرگانێکی ئێرانی بەناوی " ڕز زەراب" دەرکرد کە لەسەر داوای بابی واتە سەرۆکوەزیران سڕکرا. بەڵام لە ١٩ی مارسی ٢٠١٦ ڕزا زەراب بازرگانی ئێرانی لە ئەمریکا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پوڵ دەستبەسەر و جارێکی دیکە ناوی کوڕی ئەردۆغان ئەمجار لە ئەمریکا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پوڵ وەک گەندەڵێکی ئابوری هاتەوە سەرزاران. ئەردۆغان لە وڵامی ئەو تۆمەتە کە ئاراستەی کوڕەکەی کرابوو گووتی ئەوە پیلانێکە لە لایەن فەتحوڵلا گوڵەن داڕێژراوە.، فەتحوڵلا گوڵەن کەسایەتێکی ئایینی دژبەری ئەردۆغانە کە لە ئەمریکا دەژی.

ڕجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە ساڵی ٢٠٠٢ بە درووشمی خەبات دژی گەندەڵی لە هەڵبژارنەکاندا سەرکەوت بەڵام بە گووتەی کارناسانی تورکیە ئیستا دوای ١٨ ساڵ خۆی و بنەماڵەکەی بەشێکن لە گەندەڵترین بنەمالە سیاسیەکانی تورکیە.

کڕینی شاراوەی ملوانکەی ئەڵماسی ٢ ملیۆن دۆلاری وەک دیاری بۆ ڕۆژی لەدایک بوونی ئەسرا کچی ئەردۆغان، دۆسیەی ڕسوایی ماڵی بنەماڵەی ئەردۆغان قورستر دەکات. سامر حەلیمە بازرگانی لوبنانی ئەڵماس کە فرۆشیاری ئەو ملوانکەیە، ئامادە نەبوو لەو پێوەندیەدا لەگەڵ هاوکارانی ئاڤاتودەی قسە بکات.