بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مەجلیسی ئەمریکا گەڵاڵەی گەمارۆخستنە سەر بانکەکانی چینی پەسەند کرد

مەجلیسی ئەمریکا گەڵاڵەی گەمارۆخستنە سەر بانکەکانی چینی پەسەند کرد
AvaToday caption
posted onJuly 2, 2020
noبۆچوون

مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا ئێوارەی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد بۆ سزای ئەو بانکانە  کە بازرگانی لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی چین دەکەن کە یاسای ئەمنیەتی هۆنگ کۆنگ جێبەجێ دەکەن.

 

ئەو گەڵاڵەیە کە بەکۆی دەنگ پەسەند کرا، نیگەرانیەکانی واشنگتۆنی سەبارەت بەو هەوڵەی دەوڵەتی چین کە بە واتای کۆتاییپێهێنان بە خۆبەڕێوەبەری هۆنگ کۆنگ دێت نیشان دەدات.

سەنای ئەمریکا حەوتووی ڕابردوو گەڵاڵەیەکی هاوشێوەی پەسەند کردبوو بەڵام بە پێی یاساکانی کۆنگرەی ئەمریکا، پەسەند کراوی مەجلیسی نوێنەران دەبێ بنێردرێت بۆ سەنا و لە کۆتاییدا بچێتە کۆشکی سپی بۆ ئەوەی دۆنالد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا بە واژۆی خۆی بیکات بە یاسا.

پێشتریش نانسی پلۆسی سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لەمەر ئەو گەڵاڵەیە ڕەخنەی تووندی لە چین گرتبوو و گووتبووی چین بەو یاسایە بە کردەوە وڵاتێک و سیستەمی کووشت.

لە سەردەمی واژۆ ڕاگەیەندراوی هاوبەشی چین و بڕیتانیا لە ساڵی ١٩٨٤ و گوێزتنەوەی سەروەری هۆنگ کۆنگ بۆ پیکەن لە ساڵی ١٩٩٧، یەک وڵات و دوو سیستەم بەسەر ئەو وڵاتەدا زاڵ بووە. بەو پێیە کە هۆنگ کۆنگ لە ژێر سەروەری کۆماری گەلی چینە بەڵام لە ڕووی قەزایی، ئابوری و یاسادانان لە ئاستی ناوچەییدا دەبێ سەربەخۆیی هەبێت. یاسای نوێی ئەمنیەتی چین هەڕەشەیە لەسەر سەربەخۆیی هۆنگ کۆنگ.

پلۆسی ڕایگەیاندووە ئامانج لە پەسەند کراونی ئەو یاسا ستەمکارانە  لە نێو بردنی ئەو ئازادیانەیە کە چین بەڵێنەکەی دابوون.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپێئۆ، یاسای نوێی ئەمنیەتی هۆنگ کۆنگ بە بێڕیزی بە هەموو گەلان دەزانێ و گووتی: واشنگتۆن درێژە بە بڕیارەکانی ترامپ بۆ هەڵسوکەت لەگەڵ ئەم دۆخە دەدات.

ئەو بەرپرسەی دەوڵەتی ئەمریکا دوو ڕۆژ پێش ڕایگەیاند ئەمریکا هەناردەی تکنۆلۆژی بەرگری سەربازی بۆ هۆنگ کۆنگ دەوەستێنێت. وەزیری بازرگانی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە هێندێک ئیمتیازی تایبەت بە هۆنگ کۆنگ بۆ بازرگانی ڕادەگرێت.