Ana içeriğe atla

نامەیەک لە ڕامین حوسێن پەناهی

بەندکراوى سیاسیی مەحکووم بە ئیعدام لە بەندیخانەى سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان
ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوى سیاسیی مەحکووم بە ئیعدام
نامەی بەندکراوى سیاسیی مەحکووم بە ئیعدام لە بەندیخانەى سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان
posted onApril 4, 2018
noyorum

بۆ ئەو کەسانەی وا خۆشم دەوێن

نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم، لە کوژرانی ئەشرەف یا لە حوکمی ئێعدامی برا گەورەکەمان ئەنوەر حوسەین پەناهی. لە فرمێسکەکانی دایکم یان لە تێکشکانی هەرڕۆژەیی باوکم. لە خوشکە جەرگسووتاوەکانم یا لە ترس و دڵەڕاوکێیەک کە چرکە و خوولەک بەرى نەداوین. دەستی قەزا منی هێناوەتە شوێنێک و بارودۆخێک کە پێشتر برا گەورەکەم ئەنوەر حوسەین پەناهی تێدا بوو.

ڕەنگە لەمەودا قسەکانم ساناتر بۆ بێن، چونکە لەگەڵ برا گەورەکەم ئەفشین لە یەک بەندیخانەین. ئەفشین بە هەشت ساڵ و نیو حوکم دراوە و چاوەڕێ کۆتاییهاتنی وادەی حوکمەکەی و گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە و منیش بە ئێعدام حوکم دراوم و کەسیش ناتوانێت سەردانم بکات و نازانم داهاتوو چی لێدێت. زیاتر لە هەر شتێک بیر لە دایکم و جەرگسووتان و خەمەکانی دەکەمەوە، بیر لەوە دەکەمەوە کە تا ئێستا چۆن ئەم ڕۆژانەی تەحەمول کردووە.

جاران بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەم هەموو ڕەنج و دڵەڕاوکێیەى لە کوێوە دێت و هۆکاری ڕاستەقینەی چەوسانەوەی ماڵباتەکەم چییە

ئەمڕو بە باشی وڵامەکەیم دەست کەوتووە:

ئێمە بەردەوام پێمان خۆش بووە لەگەڵ ئەو کەسانەی وا دەیانناسین، لەگەڵ دراوسێکان، لەگەڵ خەڵکانی کومەڵگا و ئەو کەسانەی کە بە هەر شیوازێک پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، دۆستانە هەڵسوکەوت بکەین و لە خوشی و ناخوشیدا لەگەڵ یەک بین. ئەمڕو بە باشی تێگەیشتووم کە ئەم وانەیەم لە دایکمەوە فێر بووم کە بۆ دەبێت کرێکاران بەم شیوازە ژیان بە سەر بەرن؟ بۆ دەبێت منداڵان کار بکەن؟ بۆ دەبێت ژنان و دایکانمان ئەم هەموو ڕەنج و نابەرابەرییە قبوڵ بکەن؟ بۆ دەبێت ئەو شوێنە وا لێیدەژین، پیس بکەین؟ و بۆ نابێت هەموومانن ئازاد بین و لەگەڵ یەک بە ئازادی بژین؟

کەم نین ئەو کەسانەی ئەم پرسیارانەیان بە دەنگی بڵیند خوێندووتەوە و بە تاوانى "دژی شوڕش (ی ئێران)، دژایەتی لەگەڵ خودا، پەیوەندی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستی و تۆڕە سیخوڕییەکان یان بە ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکان (ی کوماری ئیسلامی)" تۆمەتبار کراون. منیش یەک لەو کەسانە بووم کە لە ڕێگەی پشتیوانی چالاکی مەدەنی ـ سیاسی، مافی مرۆڤ، ژینگەیی و پشتیوانی لە مافی منداڵان و ژنان و کرێکاران بە دوای وڵامی ئەو پرسیارانە بووم.

ئەمڕۆ زۆرتر لە جاران بە دۆستایەتی و خوشەویستی و عەشق بۆ خەڵکی خۆشحاڵم، لەوەی کە لەگەڵیانم هەست بە شکۆ دەکەم. کاتێک بیر لە چرکەساتەکانی ئەو هەشت ساڵ و نیوە دەکەمەوە کە ئەفشین لە بەندیخانە بە سەری دەبات دڵم پر دەبیت، ئەگەرچی چاوەڕێکردنی ئێعدام خۆى زۆر ئەستەمە، بەڵام بەها و شکۆمەندی ژیان لەگەڵ ئەو خەڵکەی خوشم ویستوون و ئەو سروشتە و کرێکارانەی لەگەڵیان ژیاوم لە ئازارەکانم کەم دەکاتەوە و شانازی دەبەخشێتە من و ئەفشین و ماڵباتەکەم.

 

ڕامین حوسێن پەناهی

بەندیخانەی ناوەندی سنە

سێ شەممە، ١٤ خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی