ناوەندێکى توێژینەوەى ستراتیژی و ئاسایشى ویلایەتە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە "ئەگەرى ئەوە هەیە ئیسرائیل پانتایی جەنگەکەى دژى ئێران لەسنوورى سووریا فراوانتر بکاتەوەو، چەندین وڵاتى دیکە بگرێنەوە".
ماڵپەرى ستراتفۆر، کەناوەندێکى ستراتیژی و ئاسایشی کەرتى تایبەتەو، توێژینەوە لەکەرتەکانى هەواڵگری و سەربازی بڵاو دەکاتەوە، لە وتارێکى توێژینەوەى خۆیدا ئاماژەى بەوە داوە " تەل ئەبیب بەنیازە هاوشێوەى کردەوەکانى لەدیمەشق، هێرشی ئاسمانى لەیەمەن و عێراق ئەنجام بدات". هەرچەندە یەمەن، هیچ هەڕەشەیەک بۆ رژێمى ئیسرائیل نییە، بەڵام ئەنجامدانى پرۆسەیەکى هاوشێوە دژى گرووپی حوسییەکان کە لە لایەن تارانەوە پاڵپشتى دەکرێن، پرۆسەیەکى سیاسییە بۆ نزیکبوونەوەى زیاترە لەشانەشینى عەرەبی سعودیە.
گووتیشى "بڕیارەکەى کۆماری ئیسلامی لەرادەستکردنى مووشەکی بالیستى بەمیلیشیاکانى حەشدی شەعبی، جۆرێکە لەجۆرەکانى هەڕەشە بۆ خودی تەل ئەبیب، کەمایەى وەڵامدانەوەیە". ستراتفۆرد جەخت لەوە دەکاتەوە " هەر هێرشێک بۆ سەر بریکارەکانى ئێران لەعێراق؛ مەترسی ئەوەى لێدەکەوێتەوە توڕەیی دژى ئەمەریکا زیاتر بکات". پێشبینى ئەوەشى کردووە " کردەوەیەکى لەو شێوەیە بەغدا بۆ نزیکبوونەوەى زیاتر لەتاران دەبات".
ناوەندەکەى واشنتۆن ئاماژەی بەوەشداوە " ئێران و ئیسرائیل لەدواى سەرکەوتنی شۆرشی ئیسلامی لە ١٩٧٩، بوونەتە دوو دوژمنى سەرسەختى یەکتر، بەتایبەت لەئاستى ئایدەلۆژى و ستراتیژی". دووپاتیشی دەکاتەوە "سەرەڕای ئەو ناکۆکییانەش جەنگەکانیان لەنێو خاکی فەلەستین و سووریاو لوبنان سنووردار کردووە"، بەڵام ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان فشارەکانى بۆ سەر تاران چڕتر کردۆتەوە، کەهەمان تێروانینى سعودیەو ئیماراتەو، بەهەڕەشەیەک تەماشا دەکرێت.
بەگووتەى ناوەندە ئەمەریکییەکە " ئەو دوو هۆکارە هەلێکە بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەى جموجوڵەکانى دژى کۆمارى ئیسلامی فراوانتر بکات و، لەسنوورى دیمەشق دوورتر بڕوات، لەهەمان کاتیشدا چانسێکە بۆ ئەوەى تەل ئەبیب لەوڵاتانى کەنداو نزیکتر ببێتەوە". ناوەندی ستراتیجیک فۆر کاستینگ، کەبە ستراتفۆر ناسراوە دەڵێت " دوژمنە هەرێمایەتییەکانى ئیسرائیل هەڕەشەیەکى بەردەوامی ئەو دەوڵەتە جووەیە، لەبەرامبەریشدا ئەو وڵاتە توانای لێدانى ئەو وڵاتانەى هەیە، چ نزیک بێت یاخود دوور بێت لەرووى جوگرافیەوە".
ئەو توێژینەوەیە لەکاتێکدایە، فرۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل چەندین جار موڵگە سەربازییەکانى سوپای پاسداران و میلیشیا نزیکەکانى لەنێو خاکی سووریا کردۆتە ئامانج و، توانا سەربازییەکانیانى وێران کردووە، بەتایبەت لەسنووری دیمەشق و دۆڵى جۆلان، نزیک سنوورى ئیسرائیل.
ئێستاش بەچاوێکی ترسەوە دەڕوانێتە تاران، پێی وایە " بڵاوکردنەوەى مووشەکی بالیستى لەعێراق و، پاڵپشتى کردنى حوسییەکان بەبەهاى ١٥ ملیار دۆلار هەڕەشەى راستەقینەن بۆ کارگۆى دەریایی ئیسرائیلی لەکەنارەکانى یەمەن".
تەنانەت بینیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى حکومەتى تەل ئەبیب هەڕەشەى "ناردنى کەشتى جەنگی کردووە، بۆ ئەوەى رێڕەوی بابو مەندەب بەبەتاڵیی و ئارامیی بمێنێتەوە". ئامانجی سەرەکی تەل ئەبیب، کەمکردنەوەى پاوانخوازییەکانى ئێرانە لەعێراق و یەمەن، بەڵام هەردوو وڵات خاوەنی پێگەو تێروانینى جیاوازن.
ستراتفۆر بەوەش کۆتایی پێدەهێنێت " هەر هەڕەشەو هێرشێک مەترسییەکى گەورەى هەیە بۆ رژێمەکەى تەل ئەبیب".