Ana içeriğe atla

ئیمانوێل ماکرۆن لە تۆمەتبارکردنى ئێران پاشگەز دەبێتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن لە تۆمەتبارکردنى ئێران پاشگەز دەبێتەوە
پەشیمانبوونەوەى فەڕەنسا بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیەتى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى
posted onOctober 13, 2018
noyorum

 

سەرەڕای سەرجەم بەڵگە و دیکۆمێنتەکان دەری دەخەن "وەزارەتى ئیتلاعاتی کۆمارى ئیسلامی ئێران، تۆمەتباری سەرەکییە لە کردەوە تیرۆریستییەکانى چەند مانگی ڕابردووى ئەوروپا"، بەڵام سەرۆکى فەڕەنسا لە تۆمەتبارکردنى تاران پاشگەز بووەوە.

 

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکى تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد ئێران بەسەر کۆمەڵێک گرووپی جیاواز دابەش بووە و، ناکۆکیشی تێدایە، بۆیە ناتوانێت دڵنیا بێت لەوەى ئیرادەى بڕیاردان لە سەرووى لووتکەى ئەو دەزگاو لقانەوە دەرکرابێت.

لێدوانەکانى سەرۆکى فەرەنسا لە کاتێکدایە لەچەند مانگی ڕابردوو دەسەڵاتدارانى بەلجیکا کۆمەڵێک کەسایەتی و تۆمەتباری ئێرانى دەستگیر کردووە کە پیلانیان داڕشتبوو تا گردبوونەوەیەکى ئۆپۆزسیۆنى وڵاتەکەیان لە نێو خاکی ئەوروپا بە تایبەت لەپاریس بکەنە ئامانج. ماکرۆن ئەوەشى گووتووە "تا ئێستاش ڕوون نییە، پووچەڵکردنەوەى پیلانەکەى دژى ئۆپۆزسیۆنى ئێران لە باڵاترین دەسەڵاتەوە درابێت".

چاودێران پێیان وایە لێدوانەکانى سەرۆکى فەڕەنسا هێمایەکە بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیەتى لەگەڵ تاران، کە هەردوو پایتەخت بە کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەى بازرگانى و ئابوورى زەبەلاح بەستراونەتەوە. ماکرۆن هەوڵ دەدات ئاستى پەیوەندییەکانى لە پرسى ئاسایشى نەتەوەیی وڵاتەکەى لەگەڵ تاران لەئاستێکى باشدا ڕابگرێت، بۆ ئەوەى ڕێککەوتننامە ئەتۆمییە واژۆکراوەکەى ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران نەڕووخێت، کە لە ئایاری ڕابردوو بەهۆى کشانەوەى ئەمریکا مەترسیی ڕووخاندنى هەیە.

 ماکرۆن: تا ئێستاش ڕوون نییە، پووچەڵکردنەوەى پیلانەکەى دژى ئۆپۆزسیۆنى ئێران لە باڵاترین دەسەڵاتەوە درابێ

 ماکرۆن: تا ئێستاش ڕوون نییە، پووچەڵکردنەوەى پیلانەکەى دژى ئۆپۆزسیۆنى ئێران لە باڵاترین دەسەڵاتەوە درابێ

 

ئەو پیلانەى تاران بەنیاز بووە لە نزیک پاریس ئەنجامی بدات، گورزێکى کوشندە بووە بۆ پێگەو ڕەوشى سیاسی دەسەڵاتدارانى کۆمارى ئیسلامى، چونکە زۆربەى وڵاتانى ئەورۆپی گەیشتنە ئاستێک بەبێ واشنتۆن درێژە بەو ڕێککەوتنە بدەن، بەڵام وەزارەتى ئیتلاعاتى ئەو وڵاتە بەبێ گوێدان بەبەرژەوەندییە دیپلۆماتى و نێودەوڵەتییەکان، هەوڵی گورزوەشاندنى خۆى بووە.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتى دەرەوەى حکومەتى پاریس لە دووى تشرینى یەکەم ڕایگەیاند "بەبێ هیچ گوومانێک وەزارەتی ئیتلاعاتى ئێران لە پشت پیلانگێری حوزەیرانى ڕابردوو بووە"، بەو هۆیەوەش ژمارەیەک قەواڵەى هەواڵگری تارانى لە وڵاتەکەى سڕ کرد، جگە لەدەستگیر کردنى دوو هاوڵاتی ئێرانی.

ئامانجەکەى ئیتلاعاتیش کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنى نیشتیمانى بەرەنگاربوونەوەى ئێران بووە لە نزیک پاریس، کە لەو کۆبوونەوەیەشدا ڕۆدی جۆلیان، پارێزەرى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکاو ژمارەیەک لە وەزیرانى پێشووى ئەوروپاو وڵاتانى عەرەبی بەشدارییان تێدا دەکرد. بەلجیکا دیپلۆماتێک و سێ کەسى دیکەی لەم مانگە بە تۆمەتى تێوگڵانیان لە کردەوەى تیرۆریسى تۆمەتبار کردووە و توانیویەتى دوو لە گوومانلێکراویش دەستگیر بکات، بەبێ ئەوەى ناو و پۆستەکانیان ئاشکرا بکات.

بەرپرسێکى باڵاى فەڕەنسا بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندبوو "پێ دەچێت پیلانەکە لەلایەن تووندڕەوەکانى ئێرانەوە داڕێژرابێت، بەبێ ڕێگەپێدانى حەسەن ڕوحانی سەرۆکى ئێران کاری لەسەر کرابێت". سەرۆکى فەڕەنسا لەو چاوپێکەوتنەدا باسى لەوەش کردووە "تا ئێستا چاوەڕوانى ڕوونکردنەوەیەو، ڕوحانیش لەکاتى دانووستاندنەکانیاندا هیچ شتێکى باس نەکردووە". ئەگەرى ئەوە هەیە ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکانى پاریس و تاران، کاردانەوەى خراپی لەسەر حکومەتەکەى ڕوحانی دەبێت، کە هەوڵەکانى چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەى ناوەرۆکی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ ڕزگار بکات و، دووبارە بگەڕێتەوە نێو بازاڕەکانى جیهان کەلەلایەن واشنتۆنەوە خەریکە بە یەکجاری دەردەکرێت.

ماکرۆن سووریش بووە لەوەى "بۆ پاراستنى ناوەرۆکى بەرنامە ئەتۆمییەکەى تاران لەدواى ٢٠١٥، سیاسەتێکى تووندتر بەرامبەر ئەو وڵاتە بگیردرێتە بەر، بەتایبەت لە پرسى بەرنامە مووشەکی بالیستى و سنوورەکانى پاوانخوازیی لە ناوچەکە".