Ana içeriğe atla

قەیرانى مانەوە لە نێو پاک دواى نەمانى داعش

قەیرانى مانەوە لە نێو پاک دواى نەمانى داعش
AvaToday caption
لە مانگێکدا زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگەى پاک چوونەتە قونسووڵیەى ئێران لە هەولێر
posted onOctober 19, 2019
noyorum

بە پێی زانیاری گەیشتوو بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەی، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ۲٠ پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان کە بە (پاک) ناسراوە، وازیان لەو حیزبە هێناوە و زۆرینەیان لە ڕێگەى قونسووڵیەى کۆمارى ئیسلامى ئێران، نامەی چوونەوە (برگە عبور)ـیان بۆ کراوە.

 

پارتى ئازادى کوردستان کە بارەگاکانى لەشارى هەولێرن و پێشمەرگەکانیشى لە شەڕى دژى داعش هاوکارى هێزەکانى پێشمەرگە بوون، ئەو ماوەیە ڕووبەڕووى چەندین ڕەخنە بووەوە لەوەى کە "ڕێگە نادەن هیچ پێشمەرگەیەک وازیان لێ بێنێت" و یا "ڕێگە نادەن دایک و باوکەکان منداڵە پێشمەرگەکانیان ببینن".

بە پێی ئەو داواکارییانەى کە لە لایەن دایک و باوکى چەندین پێشمەرگەى ئەو حزبەوە بە دەستى ئاڤاتودەى گەیشتووە (داواکارییەکانیان پارێزراوە)، داواى ڕوونکردنەوەى چارەنووسى منداڵەکەیان کردووە و ئێستاش زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگەى کوڕ و کچ کە ناوەکانیان لاى ئاڤاتودەى پارێزراوە، وازیان لەم حیزبە هێناوە و چوونەتە قونسووڵیەى کۆمارى ئیسلامى لە هەولێر و داواى چوونەوەیان کردووە و ئەوانیش هەموو کارەکانی چوونەوەیان بۆ ڕایی کردوون و ناردوونیانەتەوە بۆ ڕۆژهەڵات.

سەرچاوەیەک بە ئاڤاتودەی گوت کە "پێشمەرگە کور و کچەکانی پاک بە گرووپ واز لەو پارتە دەهێنن و ئێران بە ڕێزەوە وەریان دەگرێتەوە بێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لێ بکات یا زیندانییان بکات"، هەندێکیشیان هۆکاری ئەم وازهێنانەیان بۆ ڕەفتاری خراپ و توندی ئەو پارتە دەگەڕێننەوە کە ڕووبەڕووى دەبنەوە، وەک کچێکی پێشمەرگەیان باسى لێوە کردووە "نائینسانانە ڕەفتارمان لەگەڵ دەکرا و تەنانەت من دوو جار لێشیان داوم".

پاککک

ئاڤاتودەى هەر لەم بارەوە پەیوەندى بە ڕێباز شەریفى بەرپرسى ئەمنیەت و ئاسایشى پارتى ئازادى کوردستانەوە کرد و بەڕێزیان گوتى "سەرلەبەرى ئەم هەواڵە ڕەت دەکەینەوە و دوورە لە ڕاستییەوە"، شەریفى سەبارەت بە قسەى دایک و باوکى ئەو پێشمەرگانەى کە ڕێگە بە بینینى منداڵەکانیان نادەن، گوتى "ڕاستە ڕەخنەى وا دەگیردرێت، ئەمە کارى ئیتلاعاتە کە دەیهەوێت خراپمان بکات، دەنا لاى ئێمە ئاساییە و هەموو دایک و باوک و بنەماڵەیەک دەتوانن بێن و سەردانى پێشمەرگەکانمان بکەن و لاشیان بمێننەوە"، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین بنەماڵە پەیوەندییان بە ئاڤاتودەیەوە کردووە کە بەرپرسانى پاک ناهێڵن منداڵەکانیان ببینن و تەنانەت سەردانى چەندی مەقەڕێکى پاکیان کردووە بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە.

سەبارەت بەوەى کە ئەوان توندڕەفتارى لەگەڵ پێشمەرگەکانیان دەکەن و ناهێڵن بچنەوە بۆ ئێران، ئەم بەرپرسەى ئەمنیەت و ئاسایشى پاک گوتى "ئێمەش هەروەک هەموو حیزبێک پرەنسیپ و یاسا و دیسیپلینى خۆمان هەیە، هەر کەسێک کە دێت بۆ پێشمەرگایەتى و خۆى ساغ دەکاتەوە بۆ خزمەتى کوردستان، نابێت لە دوو ساڵ کەمتر پێشمەرگایەتى بکات و کەمتر لەم ماوەیە ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت کە واز بهێنێت"، ڕێباز ئەمەشى بۆ پرسى ئەمنیەتى و ئاسایشى خودى نێوخۆى پاک گەڕاندەوە کە "نابێت ڕێگە بدەین زوو شتەکانمانن ئاشکرا بن".