
ڕۆژ نییە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان چەندین کۆڵبەر بە دەستى هێزە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى بریندار و گیان لە دەست نەدەن. لە نوێترین ڕووداوەکانی تەقەکردن لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری شنۆ و لە سنووری کێلەشین تەقەیان لە کاروانێکی کاروانچیانی کورد کرد و لە ئەنجامدا کاسبکارێک بە ناوی ڕێبوار عومەرزادە خەڵکی ئاوایی پوشاوێی شنۆ گیانی لە دەست دا و کاسبکارێکی دیکەش بە ناوەی ڕەسوڵ گۆران خڵکی ئاوایی کانی ڕەش بە سەختى بریندار بوو.
دوو ڕۆژ پێش ئەو ڕووداوە و لە ڕۆژی ٢٩ خەرمانان چەکدارانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری پیرانشار تەقەیان لە پۆلە کۆڵبەرێک کرد و لە ئەنجامی ئەو دەسڕێژییەدا کؤڵبەرێک بە ناوی مەجید خالیدزادە تەمەن ٢٨ ساڵ بە سەختی بریندار بووە و بە هۆی سەختی برینەکەی ئێستا لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ لەژێر چاودێرێ پزیشکی دایە.