Ana içeriğe atla

مانگرتنەکەی بانە دەسپێکێک بۆ دەربڕینی نارەزایەتی بەشێوەی  مەدەنییانە لە ئێران

مانگرتنەکەی بانە دەسپێکێک بۆ دەربڕینی نارەزایەتی بەشێوەی  مەدەنییانە لە ئێران
AvaToday caption
posted onApril 29, 2019
noyorum

 

یەکساڵ لە مانگرتنە بێ وێنەکەی بانە تێپەڕی.۲٦ی خاکەلێوەی ۹۷ بوو کە کاسبکاران و بازاڕیانی شاری بانە دژبەداخستنی سنوورەکان لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستیان دایە مانگرتن و داخستی دوکانەکانیان و بۆ یەکەمجارلەدوای دامەزرانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی مانگرتنێکی بەربڵاو و درێژخایەن ئەنجام درا کە ۲۷ ڕۆژ درێژەی کێشا.

 

داخستنی سنوورەکانی نێوان  ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەژێر ناوی پێشگرتن لە قاچاخ و پاڵپشتی لە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی بوو ، بەڵام لەڕاستیدا هۆکارە سەرەکییەکەی  سزادانی باشووری کوردستان بوو بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی . کە کاریگەری لەسەر ژیانی ۷٥ هەزار کۆڵبەر و ۷ ملیۆن بنەماڵەی کاسبکاری سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانابوو و بژێوی ژیانیانی بڕیبوو.
لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی بانە، کاسبکاران و بازاڕیانی پیرانشار، مەهاباد، سەقز، سەردەشت و جوانڕۆش پەیوەست بوون بە مانگرتنەکەوە، بۆیە سەعید جەلیلی نوێنەری خامنەیی لە ئەنجومەنی پاراستنی نەتەوەیی بەهاتنی خۆی بۆ پارێزگای سنە هەوڵی کۆتاییهێنانی بەم مانگرتنە دا، بەڵام خەڵکی بانە بە توندی ڕووبەڕووی بوونەوە و نەیتوانی بە مەبەستەگەی خۆی بگات.

مانگرتن ٢

سەرەڕای کشانەوەی شارەکانیتری ڕۆژهەڵات لە مانگرتن و بەدەیان جار کۆبوونەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بازاڕیانی شاری بانە و هەوڵی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ دووبەرەکینانەوە لە نێو خەڵکدا و جێگیرکردنی هێزەسەربازییەکانی لە سەر شەقام و بازاڕی شاری بانە، بەڵام خەڵکی بانە ۲۷ ڕۆژ درێژەیان بەم مانگرتنە دا.
کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە کە دەیهەوێ بە پشتگوێخستنی داخوازییەکانی خەڵک و گوێنەدان بۆ ویستەکانیان خەڵک لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوەی ئارام و مەدەنیانە ماندوو بکا، لەئاست داخوازییەکانی خەڵکی بانەش هیچ جۆرە نەرمیێکی نەنواند و بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچوو.

شێوازێک وا خەڵکی بانە بۆ بەدەستهێنانی سەرەکیترین مافەکانیان هەڵیانبژاردبو ، بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە ڕاهاتووە بە توند وتیژی  زۆر ناخۆش بوو . چۆن دەرفەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندی لە بەرانبەری خەڵکێک کە بە مەدەنیانەترین شێوە داوای مافەکانیان دەکر ، لێ بڕیبوو.

مانگرتن

ئێستا لەپاش تێپەڕینی یەکساڵ لەو ڕووداوە پێویستە چەند شت لەو بارەیەوە بخرێتە بەرباس و ئاوری لێ بدرێتەوە:
۱. یەکەم مانگرتنی درێژخایەن لەئاستی ئێران بوو
۲. زۆربەی چین و توێژەکان بەشدارییان تێدا کرد
۳. ئەگەرچی بە ڕواڵەت نەگەییشتە ئامانجەکانی خۆی و داخوازیی سەرەکی ئەو مانگرتنە کە بریتی بوو لە کردنەوەی سنوورەکان و ڕێگرینەکردن لە کۆڵبەران، جێبەجێ نەکرا، بەڵام زۆربەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ناچار بەقسەکردن و هەڵوێستگرتن بوون و تەنانەت بەهەزار فەن و فێڵیش نەیانتوانی ئەو مانگرتنە تێکبشکێنن و ڕێگری بکەن لە پەرەسەندنی ئەو شێوە ناەزایەتی دەربڕینە.
٤. مانگرتنەکەی بانە بووە هێما بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات و تەنانەت خەڵکی ئێرانیش، بۆیە لەدوای ئەوە چەندین مانگرتنی بەربڵاو لە ئاست ڕۆژهەڵات و ئێران ئەنجام درا. 
٥. بۆ وێنە مانگرتنی هاوکات و بەربڵاوی ۱٦ شاری ڕۆژهەڵات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە لەسێدارەدانی ڕامین حوسەینپەناهی و زانیار و لوقمان مورادی و هەروەها بۆمبارانی بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە.
٦. مانگرتنی سەرتاسەری کامیوندارانی ئێران، مامۆستایان، مانگرتن و کۆبوونەوەکانی حەفت تەپە و فوولادی ئەهواز و هتد.

بۆیە مانگرتنی بانە لە مێژووی خەباتی مەدەنیانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەمێنێتەوەو کاریگەرییەکانی لەسەر شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و ئێران حاشاهەڵنەگرە!

بەستنى سنوور