بە پێى هەواڵى گەیشتوو لە سەردەشتەوە، چەند ڕۆژ لەمەوپێش دوو لاوى سەردەشتى بە ناوەکانى "ئەدیب پەردەدار" و "بێستوون" کە خەڵکى گوندى شێنوێ هەمان شارە، بۆ گەشت چووبوونە ڕۆخى بەنداوى سەردەشت، دیار نەماون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى وەها بڵاو کراوەتەوە کە "بەهۆى نەبوونى مەرجى خۆپارێزى و چوونە شوێنی مەترسیدارى بەنداوەکە، کەوتوونەتە نێو ئاوەوە و خنکاون"، ئەمە لە کاتێکدا، بە هۆى شکانى قلیان (نەرگەلە) و کورسییە بەجێماوەکانیان و دۆزرانەوەى مۆبایلەکەى ئەدیب پەردەدار لە جادەى بانە بە کوژاوەیی، ڕووداوەکە گوماندار دەردەکەوێت.
بە پێى هەواڵى گەیشتوو لە سەرچاوەکانى تۆڕی میدایایی ئاڤاتودەى لە هەردوو شارى سەردەشت و بانەوە، "دوو ڕۆژان لە ڕێگەى مەلەوانى سەقزى و سەردەشتییەوە نێو بەنداوى سەردەشت پشکێنراوە، بەڵام هیچ نیشانەیەک لە بوونى ئەو دوو لاوە سەردەشتییە دەست نەکەوتووە"، سەرچاوەکان باس لەو گومانە دەکەن کە ئێستا لە نێو خەڵک و بنەماڵەى هەردوو لاوەکە دروست بووە و بە پێى قسەى وەرگیراو لە هەندێک کەس "گومانى ئەوە هەیە کە هەردوو لاوەکە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە ڕفێندرابن و بۆ شوێنێکى نادیار گوازرابنەوە".
تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەیش تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم هەواڵە بە تەواوى پشتڕاست بکاتەوە و بەردەوامە لە بەدواداچوونى زیاتر بۆ گەیشتنە ئەنجام و ئاشکراکردنى ئەو ڕووداوە.