پارتی ئازادی کوردستان ڕایگەیاند: "بەپێی پشکنینە پزیشکییەکان بۆ دۆخی ٩ پێشمەرگەی برینداری هێرشەکە و ئەو ئاگرە بەرفراوانەی لە ژینگە و شوێنی ڕووداوەکە کەوتووەتەوە، دەرکەوتووە کە ئەو چەکەی بەکارهاتووە فۆسفۆری سپیی تێدا بووە."
پارتی ئازادیی کوردستان ئەم پەلامارە وەک تاوانێکی شەڕ و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی لە کاتی شەڕدا لەقەڵەم دەدات، چونکە بەکارهێنانی چەکی وا کە مرۆڤ و ژینگە دەسووتێنێت، دژ بە هەموو بنەما مرۆییەکانە.
"هونەر ئەحمەد"، بەڵگەفیلمساز و ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دوو کەس لە پێشمەرگە بریندارەکانی ئەم هێرشە، نووسیویەتی: «سەردانی ئەم پێشمەرگانەم کرد کە بە وتەی پارتی ئازادیی کوردستان، لە هێرشێکی دڕۆنییدا کراونەتە ئامانج کە فۆسفۆری سپی پێ بووە.»
پارتی ئازادیی کوردستان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، خاچی سوور و حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە بێدەنگ نەبن و هەنگاوی یاسایی بۆ سزادانی ئێران و پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکە بگرنە بەر؛ چونکە بێدەنگی بەرانبەر ئەم چەکە قەدەغەکراوانە، ڕێگا بۆ تاوانی زیاتر خۆش دەکات.