بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە تەقەیان لە کاسبکارێکی کورد کردووە و کوشتوویانە، ئەمەش نوێترین زنجیرە لەو ڕووداوانەی کە چالاکوانان بە "بەکارهێنانی توندوتیژیی کوشندە" لە دژی هاووڵاتییانی سڤیل لەو ناوچەیە وەسفی دەکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" بڵاویکردەوە، موتەڵیب خەیبەری، تەمەن ٣٠ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، لە سنووری"چۆمان"ی سەر بە شاری بانە کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە ئەمنییەکان. بەپێی ڕاپۆرتەکە، خەیبەری لە مەودایەکی نزیکەوە و "بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" گوللە نراوە بە سەریەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
موتەڵیب خەیبەری، کە خەڵکی گوندی "ساڵێ"یە، لە کاتی ڕووداوەکەدا هیچ جۆرە کاڵایەکی قاچاخی پێ نەبووە و تەنیا بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە ڕووی لە کارکردن لە ناوچە سنوورییەکان کردووە بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی.
تا ئێستا تەرمی ناوبراو لە نەخۆشخانەی شاری بانە هێڵدراوەتەوە و ڕادەستی خێزانەکەی نەکراوەتەوە.